دەنگ نێت
بەرپرسێکی بەڕێوبەرایەتی ئاوی کەلار دەڵێت: سەرباری ئەوەی دەبو پێش جەژن موچە وەربگرن، بەڵام لە وەرگرتنی بێبەش کراون، لەکاتێکدا بە فەرمانگەی دیکە موچە دراوە، بەڕێوبەری بانکی گەرمیانیش رەدی دەکاتەوە جیاکاریان کردبێت.
ئاراز محەمەد، بەرپرسی راگەیاندنی ئاوی کەلار، بە رادیۆی دەنگی وت: لەبانکی کەلار “گەرمیان” بەبیانوی نەمانی پارەوە موچەی فەرمانبەرانی ئێمە دابەشنەکرا، دواتر داوامان کرد لەداھاتی فەرمانگەکەمان موچەکەمان پێبدرێت، بەڵام سەرباری ئەوەی دوێنێ داھاتمان ئیداعی بانك كرد، بەڵام موچەمان پێنەدرا و بهرێوهبهری بانك پێی راگەیاندین کەدەبێت موچە بەپێی ریزبەندی وەزارەتەکان بێت.
وتیشی: ئەوەی ئێمەی نیگەرانکردوە و بهجیاوازی لهپێدانی موچه ئهیبینین لهلایهن بانكی گەرمیانەوه، ئەوەیە کە موچەی بەڕێوبەرایەتی تر کەسەر بە ھەمان وەزارەتی ئێمەیە واتە وهزارهتی شارەوانی خەرجکراوە، بەڵام موچەکەی ئێمە ماوەتەوە بۆ دوای جەژن.
بەرپرسی راگەیاندنی بەڕێوبەرایەتی ئاوی کەلار، باسی لەوەشکرد پێشنیازیان کردوە لانیکەم موچەی ئیشپێکەری بیرەکان خەرجبکرێت کە بەم پشوی جەژنەش لەکاردا دەبن، کەچی بانک ئەوەشی قبوڵ نهکردوە.
لەبەرامبەردا بەڕێوبەری بانکی گەرمیان رەدی دەکاتەوە جیاکاریان کردبێت.
ئاریا ئەنوەر، بۆ رادیۆی دەنگ وتی: ئێمە جیاوازیمان نەکردوە، بەڵکو پارە لەبەردەستمان نەبوە بۆ ئەوەی موچەکەیان پێ بدەین.
لەبارەی پێدانی موچە بە دەزگای تری سەر بە وەزارەتی شارەوانی و نەدانی بە بەڕێوبەرایەتی ئاو، بەڕێوبەری بانکی گەرمیان وتی: تەنها بە شارەوانی کەلار دراوە، چونکە ئەوان داهاتیان هێناوە بۆیە لەو پارەیە موچەمان داوە پێیان، ئێمە پێمانخۆش بو بەڕێوبەرایەتی ئاویش داهات بهێنن بۆ ئەوەی موچەکانیان بدەین، بەڵام داهاتیان نەهێناوە.
ئەمەش لەکاتێکدایە بەرپرسی راگەیاندنی ئاوی کەلار جەخت لەوە دەکاتەوە پارەی داهاتیان تسلیمی بانک کردوە، بەڵام موچەیان پێنەدراوە.