ده‌نگ نێت
پاش ئه‌وه‌ى هێزه سه‌ربازیه‌كان بازگه‌ى قۆری چایان به روى هاتوچۆی ئۆتۆمبیلی بارهه‌ڵگر دا داخست، به‌ڕێوبه‌رى ئاسایشی كفری ده‌ڵێت: قسه‌مان له‌گه‌ڵ كردون و ده‌ڵێن گوایا باری شاراوه و نهێنى هاتوچۆی پێده‌كرێت.
چه‌ند رۆژێكه له بازگه‌ى قۆری چای نێوان كفری- خورماتو كه رێگایه‌كى بازرگانى گرنگی نێوان هه‌رێمى كوردستان و عێراقه، دو لیوای سه‌ربازی كه تێیدا جێگیر كراون، رێگاى هاتوچۆیان به روى ئۆتۆمبیلی بارهه‌ڵگرى گه‌وره‌دا داخستوه و ناهێڵن به هیچ ئاراسته‌یه‌كی دا بارهه‌ڵگر هاتوچۆ بكات.
له‌باره‌ى ورده‌كاری ئه‌م رێگا داخستنه‌وه، هیوا عه‌لی، به‌ڕێوبه‌رى یاریده‌ده‌رێتى ئاسایشی كفری، به رادیۆی ده‌نگى وت: ئه‌و دو لیوایه‌ى له بازگه‌كه‌ن، فه‌رمانێكى مەرکەزیان بۆ هاتوە نەهێڵن هیچ ئۆتۆمبیلێكى بارهه‌ڵگرى گه‌وره هاتوچۆ بکات، پاساوه‌كه‌شیان ئه‌وه‌یه گوایا باری شتی شاراوە و نهێنی هاتوچۆی پێ ئەکرێت بۆیە ناهێڵن ئۆتۆمبیلی بارهه‌ڵگر هاتوچۆ بکات، ئێمەش لەبەرامبەردا خەبەرمان بۆیان ناردوە کە چۆن ئێمە بازگه‌كانى خۆمان کۆنترۆڵ کردوە و هه‌ر شتێک قه‌ده‌غه بێت ده‌یگەڕێنینه‌وه، ئێوەش دەتوانن بازگه‌ى خۆتان توندوتۆڵ بکەن و چیتر خه‌ڵكى باجی داخستنى ئه‌و رێگه‌یه نه‌ده‌ن.
هێزه سه‌ربازیه‌كه‌ى بازگه‌كه‌ى قۆری چای پاساوێكى تریان ئه‌وه‌یه گوایا قه‌یرانى سوتەمەنی لە دیالە دروست بوە، ئه‌م كاره‌شیان بۆ ئه‌وه‌یه رێگری بكه‌ن له رۆیشتنى بانزینی ناوچه‌كه بۆ هه‌رێم، به‌ڵام به‌وته‌ى لێپرسراوى ئاسایشی كفری، ئه‌گه‌ر ئه‌وه هۆكار بێت ئەوان دەبێت داخڵبون قه‌ده‌غه بكه‌ن نه‌ك رێگەی دەرچونی باریش داخه‌ن وه‌ك ئه‌وه‌ى ئێستا.
ئه‌و ناوچه‌یه‌ى بازگه‌كه‌ى تێدایه هاوسنور و نزیكه به كێڵگه‌ى گازی كۆرمۆر كه چه‌ند رۆژێكه دۆخێكى ئه‌منی ناجێگیری به‌خۆیه‌وه بینیوه و هێرشی ده‌كرێته سه‌ر، هاوكات هێزێكى سوپای عێراقیش ویستویه‌تى به‌ره‌و ئه‌و شوێنه بچێت و له‌لایه‌ن پێشمه‌رگه‌وه رێگری لێكراوه.
له‌باره‌ى هاوپه‌یوه‌ندبونى ئه‌م روداوانه به داخستنى بازگه‌كه‌وه، لێپرسراوى ئاسایشی كفری وتى: دانانی ئەو بازگانه پەیوەندی بەو هێرشانەوە نیە کە کراوەتە سەر کێڵگەی کۆرمۆر.