ده‌رباره‌   په‌یوه‌ندی
لەسەر هێرشەکەی کەلار ئیدارەی خۆسەر داوای رونکردنەوە لە حکومەتی هەرێم دەکات

2022/06/21 - 05:47 | 658 جار بینراوە    
 
دەنگ نێت
 
نوێنەری ئیدارەی خۆسەری باکور و رۆژهەڵاتی سوریا لە هەرێمی کوردستان ئاماژە بەوە دەکات: لەسەر هێرشەکەی کەلار کە بوە هۆی شەهیدبونی ٤ کەس لەنێویاندا بەرپرسێکی ئیدارەی خۆسەر، بە فەرمی داوای رونکردنەوەیان لە حکومەتی هەرێم کردوە.
 
ئەڤین سوێد، بە دەنگی ئەمەریکای وتوە: فەرهاد شبلی کە یەکێک بو لە قوربانیەکانی هێرشەکەی کەلار و جێگری هاوسەرۆکانی ئەنجومەنی جێبەجێکاری ئیدارەی خۆسەری باکور و رۆژهەڵاتی سوریا بوە، بە فەرمی هاتوەتە هەرێمی کوردستان بۆ چارەسەری تەندروستی.
 
دەڵێت: شەهید فەرهاد شبلی هەرێمی کوردستانی وەک وڵاتی خۆی تەماشاکردوە بۆیە هاتوەتە ئێرە، ماوەیەک لێرە بوە بۆ وەرگرتنی چارەسەری پزیشکی، لەگەڵ ئەوەشدا هەر لێرە سەردانی کەسوکار و خەڵکی رۆژئاوای کوردستانی کردوە بە تایبەت لە کەلار.
 
لەبارەی سەردانەکەیشەوە وتویەتی: “ئێمە ئەوە وەک مافێکی خۆمان دەبینین کە لێرە پەیوەندی دروست بکەین بۆ پشتیوانی رۆژئاوای کوردستان، ئەمە لە هیچ شوێنێکی جیهان قەدەغە نییە”.
 
باس لەوەش دەکات بە ئامانجگرتنی فەرهاد شبلی لە هەرێمی کوردستان بۆ ئەوان چاوەڕوان نەکراو بوە “لە شوێنێکی وەک کەلار کە قوربانییەکی زۆریان داوە بۆ ئەوەی هەرێمی فیدراڵ دروست بکەن، بێگومان بۆ ئێمە چاوەڕوان نەکراو بو کە هێرشێکی لەم شێوەیە ئەنجام بدرێت، تەنانەت خەڵکی کەلاریش چاوەڕوانی هێرشێکی لەو شێوەیە نەبون”.
 
نوێنەرەکەی ئیدارەی خۆسەر، ئاماژەی بەوەدا بە فەرمی داوای رونکردنەوەیان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان کردوە سەبارەت بەو هێرشە، بەڵام وەکخۆی وتی: تا ئێستا وەڵامیان نەدراوەتەوە.
 
رۆژی ١٧ـی مانگ ئۆتۆمبیلێکی مەدەنی لە باکوری قەزای کەلار کە ٥ کەسی تێدابو، لەلایەن درۆنێکی تورکییەوە کرایە ئامانج و بەهۆیەوە ٤ کەس لە سەرنشینەکان شەهید بون کە سێ ژن و پیاوێک بون، پیاوێکی تریش بریندار بو. 
تائێستا لایەنە ئەمنییەکان و حکومەتی خۆجێی گەرمیان و حکومەتی هەرێمی کوردستان، بە فەرمی هیچ قسەیەکیان لەسەر روداوەکە نەکردوە.



Dengnet.net - 2024
دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە
ژمارەی سەردان 1,715,155     ژمارەی میوان 1254