هه‌مو شتێك له‌باره‌ى گرێبەستی ئەلیکترۆنی فرۆشتنی ئۆتۆمبیله‌وه‌

2022/06/14 - 12:16 | 1661 جار بینراوە    
 
مافناس: هونەر شێخ لەنگەری
 
"گرێبەستی ئەلیکترۆنی  فرۆشتنی ئۆتۆمبیل" گرێبەستێکی ستانداردی فرۆشتنی ئۆتۆمبیلە لەلایەن وەزارەتی ناوخۆ رێک دەخرێت بەزمانی کوردی و عەرەبی، پێویستە گشت کۆمپانیا و پێشانگاکانی فرۆشتنی ئۆتۆمبیل لە کاتی فرۆشتنی  ئۆتۆمبیل گرێبەستی ئەلیکترۆنی بەکاربهێنن بۆ ئۆتۆمبیلی ژمارە کاتی و تۆمارکراویش لە بەڕێوەبەرایەتیەکانی هاتوچۆ لە هەرێمی کوردستان، هیچ گرێبەستێکی تر کاری پێناکرێت جگە لەم گرێبەستە.
 
ئەم گرێبەستە لە پێشانگای فرۆشتنی ئۆتۆمبیل یان کۆمپانیای ئۆتۆمبیل یان لەناو  بەڕێوەبەرایەتیەکانی هاتوچۆ  دەکرێت  لەبەشی یاسایی،  بڕی (25) هەزار دینار وەردەگیرێت وەک رسوماتی پەسەندکردنی گرێبەستی ئەلیکترۆنی ستاندارد بە گوێرەی مادەی (10) بڕگەی (یەکەم /6).
 
"هیچ گرێبەستێکی فرۆشتنی ئۆتۆمبیل لەدەرەوەی ئەم رێنماییە کاری پێناکرێت"، لە مادەی سیانزدەیەمی رێنمایی ژمارە (3)ـى رێکخستنی کاری کۆمپانیاکانی هاوردەکردن و گواستنەوە و فرۆشتنی ئۆتۆمبیل و پێشانگاکانی ئۆتۆمبیل، ئاماژه‌ى پێكراوه‌.
 
* سزای بەسەرچوونی گرێبەستی ئەلیکترۆنی
 
هەرکەسێک ئۆتۆمبیلێک بکڕێت یان بفرۆشێت ئەبیێت گرێبەستێکی ئەلیکترۆنی لە پێشانگای ئۆتۆمبیل یان کۆمپانیای هاوردەکراو بکات و لە  ماوەی (60)  شەست رۆژ گواستنەوەی خاوەندارێتی بکات لە بەڕێوەبەرایەتیەکانی هاتوچۆ، بەڵام  کڕیار و فرۆشیار لەماوەی ئەو (60) رۆژە سەردانی هاتوچۆ نەکەن، لەسەروی ئەو (60)  شەست رۆژە، بۆ هەر رۆژێک بڕی (10000) دە هەزار دینار وەردەگیرێت لەلایەنی  کەمتەرخەم وەک پێبژاردنی "غرامه‌" دواکەوتن لە پەسەندکردنی گرێبەستی فرۆشتنی ئۆتۆمبیل، ئه‌مه‌ش بە گوێرەی مادەی شەش بڕگەی (1) لە هەمواری رێنمایی ژمارە (3)ـى رێکخستنی کاری کۆمپانیاکانی هاوردەکردن و گواستنەوە و فرۆشتنی ئۆتۆمبیل و پێشانگاکانی ئۆتۆمبیل.
 
ئەگەر کڕیار و فرۆشیار لە ماوەی (60) شەست رۆژ پەشیمان بونەوە لە فرۆشتن و کڕینی ئۆتۆمبیل، بڕی (20000) بیست هەزار دینار وەرده‌گیرێت وەک پێبژاردنی هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستی فرۆشتنی ئۆتۆمبیل، بەگوێرەی مادەی شەش لەهەمواری رێنمای ژمارە (3) بڕگەی پێنج.
 
هەرکۆمپانیایەک یان پێشانگای ئۆتۆمبیل دو گرێبەست یان زیاتر بۆ ئۆتۆمبیلێک بکات بەبێ هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستی پێشو، بڕی (500000) پێنج سەد هەزار دینار بژاردن بۆ کۆمپانیا یان پێشانگای سەرپێچیکار دەکرێت.
 
* کێن ئەوانەی گرێبەستیان بۆ دەکرێت لەناو بەشی یاسایی بەڕێوەبەرایەتیەکانی  هاتوچۆ؟
 
1. هەرکەسێک لە ئەندامانی خێزان (باوک، دایک، برا، خۆشک، کوڕ و کچ) گواستنەوەی خاوەندرێتی بۆ دەکرێت بە گرێبەستێکی ئەلیکترۆنی لە بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی تایبەتمەند بۆیان رێکدەخرێت و پەسەند دەکرێت بە رسوماتی دیاریکراو، بەگوێرەی مادەی یەکەم بڕگەی (3) لە هەمواری رێنمایی ژمارە (3) رێکخستنی کاری کۆمپانیاکانی هاوردەکردن و گواستنەوە و فرۆشتنی ئۆتۆمبیل و پێشانگاکانی ئۆتۆمبیل.
 
2. ئەو ئۆتۆمبیلانەی تابلۆی هەرێمن و لە شارەکانی تری عێراق لەوێ دەفرۆشرێن گواستنەوەی خاوەندراێتی بۆ دەکرێت بە گرێبەستی ئەلیکترۆنی کە لە بەڕێوەیەرایەتی هاتوچۆی تایبەتمەند  بۆی رێکدەخرێت بە مەرجێک کڕیار و فرۆشیار دانیشتوی پارێزگاکانی تری عێراق بن بە رسوماتێکی دیاریکراو بەپێی کارتی زانیاری (بطاقة السکن) کڕین و فرۆشتنەکە لە هەرێم نەکرابێت.
 
ئەگەر گرێبەستی ئەلیکترۆنی بکەیت لە بەشی یاساى به‌ڕێوبه‌رایه‌تیه‌كانى هاتوچۆ بۆ ئەندامانی خێزان و ئەوانەی لەدەره‌وەی ناوچەی هەرێم نیشتەجێن،  بڕی (15000) پانزە هەزار دینار وەردەگیرێت بەرامبەر رێکخستنی گرێبەستی ئەلیکترۆنی و بڕی (25000) بیستوپێنج هەزار دینار وەردەگیرێت وەک پەسەندکردنی ئەو گرێبەستە لە بەڕێوەبەرایەتیەکانی هاتوچۆ.
 
 
 



Dengnet.net - 2024
دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە
ژمارەی سەردان 2,044,178     ژمارەی میوان 4269