عەبدولموتەڵیب رەفعەت سەرحەت
هەندێک کەس کە رەنگە ئاگایان نەبێت لە کێشە و گرفتە ژینگەییەکانى رۆژهەڵاتى ناوەڕاست بە گشتى و عێراق بە تایبەتى, باس لەوە دەکەن کە دیاردەى خۆڵبارین زیاتر لە قەبارەى خۆى گرنگى پێ دراوە و زۆر گەورە کراوەتەوە. هەندێکیش پێیانوایە کە دیاردەى خۆڵبارین پێشتریش رویداوە لە عێراق.
پێش هەمو شتێک بۆ زیاتر تێگەشتن لە بابەتەکە پێویستە بزانین کە خاک پێکهاتوە لە سێ جۆر دەنکۆڵە بە پێى قەبارەو تیرەیان, کە ئەوانیش: (لم Sand) کە گەورەترینیانە، (لیتە/سیڵت Silt) و (گڵ Clay) کە بچوکترینیانە.
پەیوەست بە دیاردەى خۆڵبارینەوە، لە راستیدا ئەم گرفتە نە گەورە کراوەتەوە و نە گرنگیەکى زۆرى پێدراوە بە تایبەتى لە عێراق و کوردستان. راستە پێشتر دیاردەى خۆڵبارین لە عیراق هەبوە، بەڵام بەم چڕییەى ئێستا نەبوە. هەروەها پێشتر لە عێراق زیاتر دیاردەى (عواصف رملیە Sand Storm) هەبوە کە پێى دەوترێت (گەردەلول) یان (لم بارین). ئەو دیاردەیە لە هەر شوێنێکى جوگرافى روبدات زۆر ئاساییە، چونکە دەنکۆڵەکانى لم گەورەن و مادەى ئۆرگانى لە ناو خاکدا بە ئاسانى کۆیانناکاتەوە بۆ دروستکردنى (تۆپەڵە Aggregation) بەمەبەستى لەیەکگرتنیان وکێشیان قورسە، بۆیە تا مەودایەکى دیاریکراو دەگوازرێنەوە و زیاتر لە ئەنجامى ئەم دیاردەیە (گردەلم Sand dunes) لە بیابانەکان دروست دەکات و ئەم دەنکۆڵانە تواناى هەڵگرتن یان لە خۆگرتنى ئاویان نییە، بۆیە زۆر بە ئاسانى بڵاو دەبنەوە.
ئەوەى ئێستا رودەدات راستە وەکو چەمکى گشتى پێى دەوترێت (خوڵبارین)، بەڵام لە راستیدا و لە روی زانستیەوە ناسراوە بە (عواصف غباریە Dust Storm) کە پێکهاتەکەى زیاتر دەنکۆڵەى (گڵ Clay)ـە واتا زۆر وردە و لە روی زانستیەوە مادەی ئۆرگانى لە ناو خاکدا زیاتر دەنکۆڵەکانى (گڵ و لیتە Clay & Silt) بەیەکەوە دەگرێت بە توندى و دەبێتە هۆى دروستکردنى (تۆپەڵ Aggregation) لە خاکدا، بەم کارەش سیفەتە فیزیاى وکیمیایی و بایۆلۆجییەکانی خاک چاک دەکات و لە ئەنجامدا راماڵینى خاک بە با و ئاو کەم دەبێتەوە. هەروەها ئەم جۆرە دەنکۆڵانە تواناى زۆر بەهێزیان هەیە بۆ لەخۆگرتنى ئاو (Water holding capacity) بۆیە زۆر جێگرن و بە ئاسانى بڵاو نابنەوە.
گەردەلول- یا لم بارین (عواصف رملیە Sand Storm) وەکو پێشتر ئاماژەى پێکرا زۆر ئاساییە لە هەر کات و لە هەر شوێنێکى جوگرافى روبدات، بەڵام خوڵبارین (عواصف غباریە Dust Storm) تاڕادەیەک دیاردەیەکى ئاسایى نییە ئەگەر زیاتر دوبارە ببێتەوە، چونکە هەر کات روبدات واتا رێژەى ئاو و مادەى ئۆرگانى لە نێو خاکدا کەم بوەتەوە. پێشتر لە هەندێک ناوچەى دیاریکراو رویداوە لە عێراق وەکو (ئەنبار, موسڵ وسەماوە) کە نزیکن لە بیابانەکانەوە، بەڵام بەم چڕییەى ئێستا نەبوە، تەنانەت هەمو عێراقی نەگرتوەتەوە.
لە دواى ساڵى ٢٠٠٠ـەوە ئەم دیاردەیە زیاتر لە عێراق چڕ بوەتەوە ئەوەش بە هۆى کاریگەرییەکانى گۆڕانکارییەکانى کەشوهەوا و زیاتر دوبارەبونەوەى وشکەساڵى کە روبەڕوی ناوچەکە بوەتەوە کە لە ئەنجامدا پلەى گەرمى و رێژەى بەهەڵمبون بەرز بوەتەوە و رێژەى دابارین زۆر کەم بوەتەوە، بۆیە رێژەى شێ لە خاکدا نزیکە لە سفرەوە و مادەى ئۆرگانى توشى ئۆکساندن بوە و دەنکۆڵەکانى خاک لە جۆرى (گڵ Clay) بە تەواوەتى شێواوە و تواناى دروستکردنى (تۆپەڵ Aggregation)یان نەماوە. هەر خاکێکیش سیفەتى دروستکردنى تۆپەڵەى نەبێ زۆر بە ئاسانى توشى راماڵین بە ئاو و با دەبێت.
هەر بۆیە ئەم خۆڵبارینەى کە روبەڕوی ناوچەکە بوەتەوە، هیچ ئاسایی نییە، بەڵکو بە پێى هەمو پێوەرەکان مەترسیەکى زۆر گەورەى لە سەر عیراق دروستکردوە. لە ١٥ ساڵى داهاتودا عێراق زۆربەى سەرچاوەکانى ئاوى لە دەست دەدات و کشتوکاڵ و ئاسایشى خۆراک لە مەترسیەکى زۆر گەورە دەبێت و هەروەها ژینگەى بە تەواوەتى تێکدەچێت و دیاردەى بەبیابانبون فراوانتر دەبێت وخۆڵبارین زیاتر رودەدات و پانتاییەکى زیاتر دەگرێتەوە.
بەڵگە لە سەر هەمو ئەم قسانەش ئەوەیە کە ئێستا عێراق پێنجەم لاوازترین وڵاتە لە روی ژینگەییەوە. تەنانەت حکومەتى ئەمریکى و رێکخراوە ژینگەییەکانى جیهان ئەم راستییەیان بە عێراق راگەیاندوە و دەبێت چارەسەرى گونجاوى بۆ بدۆزرێتەوە، ئەگەر نا ئەوا ئەم وڵاتە بەرەو ئاقارێکى زۆر خراپ دەڕوات و چارەسەرکردنى گرفتەکانى ئەستەم دەبێت.