ده‌نگ نێت
رۆژى دوشەمەى رابردو دو ژنه رۆژنامەنوسى مه‌كسیكی كوژران، بەمەش ژمارەی کوژراوانی رۆژنامه‌نوس و کارمەندی ده‌زگا میدیاییه‌كان لەو وڵاته لەمساڵدا، بۆ 11 کەس بەرزبوەتەوه.
بەپێى راپۆرته هه‌واڵیه‌كان، رۆژنامەنوسانى مەکسیک باس لەوە دەکەن گێژەڵوکەى تاوانەکانی دژی ئازادی رادەربڕین و رۆژنامه‌وانى به‌رده‌وامن، به‌شێوه‌یه‌ك هه‌ردو ژنه رۆژنامه‌نوس: یەسێنیا مۆلینێدۆ بەڕێوەبەری پۆرتاڵی هەواڵەکانی ئێل ڤێراز کە هەواڵی ناوخۆیی روماڵ دەکرد، لەگه‌ڵ شیلا گارسیا كه پەیامنێر بوه، دوشه‌مه‌ى رابردو تیرۆر كراون. هه‌فته‌یه‌ك پێشتریش رۆژنامه‌نوسێكى دیكه‌ى ته‌مه‌ن 59 ساڵ كوژرا.
چاودێران باس له‌وه‌ده‌كه‌ن، ئەو رۆژنامەنوسانەی کە دەزگای هەواڵی بچوک لە هه‌رێمه‌كانى مەکسیک بەڕێوەدەبەن، زۆرترین مەترسی توندوتیژییان لەسەرە. به‌پێی ئاماره‌كانیش، لە ساڵی 2000ـه‌وه تا ئێستا زیاتر لە 150 رۆژنامەنوس لەو وڵاتە کوژراون و تەنیا بەشێکی کەم لە تاوانباره‌كانیش سزا دراون.
بەپێی ئامارى رێکخراوەکانی ئەو وڵاتە، لەوەتەی سەرۆک ئاندرێس ئۆبرادۆر لە کانونی دوەمی 2018ـه‌وه هاتوه‌تە سەر دەسەڵات، هەزار و 945 هێرش بۆ سەر ده‌زگا میدیاییه‌كان و كارمه‌نده‌كانیان تۆماركراون، لەوانە: 33 حاڵه‌تى کوشتن، 9 هێرش ته‌نها لەمساڵدا، 2 بێسەروشوێنکردن. ئەمەش وایکردوە مه‌كسیك به یه‌كێك مەترسیدارترین وڵاته‌كانى ده‌ره‌وه‌ى ناوچه‌ى جه‌نگ هه‌ژمار بكرێت بۆ كارى رۆژنامه‌وانى.