لەپرسی نەوت و غازدا کێ براوەیە و کێ دۆڕاو؟

2022/05/09 - 01:43 | 789 جار بینراوە    
 
سەردەشت محه‌مه‌د
 
ناکۆکییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا مێژویەکی قوڵ و دورودرێژیان هەیە، ئەم ناکۆکیانە تەنها خۆیان لەپرسی رادەستکردن یاخود رادەست نەکردنی دۆسێی نەوت و غازدا نابیننەوە، ناکۆکییەکان بابەتی سیاسی و ئابوری و خاک و نەتەوە و زۆر بابەتی دیکەن، بەڵام ئێستا پرسی نەوت و غازی هەرێمی کوردستان وەک هۆکارێکی سەرەکی بۆ قوڵبونەوەی ناکۆکییەکان لە ریزبەندی یەکەمدایە.
 
رۆژی ٢٠٢٢/٢/١٥ دادگای باڵای فیدراڵی عێراق بڕیارێکی لەبارەی رادەستکردنی نەوت و کێڵگە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستانەوە دەرکرد و تائێستاش گفتوگۆکانی نێوان هەرێم و بەغدا لەسەر ئەو بڕیارە بەردەوامی هەیە و حکومەتی هەرێم ئەو بڕیارە بە بڕیارێکی سیاسی ناودەبات و پێیوایە کۆمەڵێک مەبەستی سیاسی دیکە لە پشتی ئەوبڕیارەوە بوونیان هەیە، کە ئەمەش تاڕادەیەک بەلای شەقامی کوردییەوە ئاشکرایە، بەڵام مامەڵەی خراپی حکومەتی هەرێم لەگەڵ دۆسی نەوت بەتایبەتی و بەکارهێنانی بۆبەرژەوەندی شەخسی و حیزبی و هەروەها شاردنەوەی ناوەڕۆکی ئەو گرێبەستە نەوتیانەی کە هەرێم لەگەڵ کۆمپانیاکانی وەبەرهێنانی نەوتدا کردویەتی، وایکردوە هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان لەقۆناغی ئێستادا زۆر گرنگی بە مەترسییەکانی پشت بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی عێراق نەدەن، ئەوەندەی بەلایانەوە گرنگە کە حکومەتی عێراق هەرچی زووە پەلە بکات لەجێبەجێ کردنی بڕیارەکەیدا و هەرچی زوە دۆسێی نەوت لە هەولێرەوە بگوازێتەوە بۆ بەغدا، ئەمە تەنها لەپێناوی دەربازبون لەو قەیرانە داراییەی کە حکومەتی هەرێم بۆ خەڵکی کوردستانی خوڵقاندوە.
 
ئەگەر بێتو تۆزێک وردتر لەم پرسە بڕوانین، رەنگە بۆ ئێستا و لە قۆناغێکی کورت مەودادا  بتوانرێت بەهۆی ئەو بڕە بودجەیەی کە بەغداد لەبەرامبەر وەدەست کەوتنی نەوتی هەرێمدا رەوانەی دەکات خەڵکی کوردستان گرفتی دواکەوتنی موچەیان تاڕادەیەک چارەسەرببێت، بەڵام لە قۆناغی دورمەودادا دورنییە جارێکی دیکە خەڵکی کوردستان دوچاری هەمان گرفت و بگرە گرفتی گەورەتریش ببنەوە، چونکە هەموان دەزانین کە عێراق وڵاتێکی هێندە سەربەخۆ و خاوەن بڕیاری سیاسی خۆی نییە کە بتوانێت پلانی درێژخان بۆ چارەسەرکردنی گرفتەکانی دابڕێژێت، بەڵکو خودی بەغدادیش هەموکات چاوی لە هێزە ئیقلیمی و نێوەوڵەتییەکانە بۆ ئەوەی گرفتەکانی و بەتایبەت کێشە سیاسییەکانی بۆ چارەسەربکەن، ئەوەتا دەبینین ماوەی هەشت مانگە هەڵبژاردن لەعێراقدا ئەنجامدراوە و کەچی تائێستا بەهۆی دەستێوەردانی دەرەکییەوە نەتوانراوە حکومەتی نوێ لەعێراقدا پێکبهێنرێت.
 
کەواتە لێرەوە مەترسییەکانی پشت بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی عێراقمان زیاتر بۆ روندەبێتەوە کە رەنگە لەداهاتوودا هەمو ئەو هێزە ئیقلیمی و نێودەوڵەتیانەی کە لەعێراقیەکان زیاتر خۆیان بە خاوەنی عێراق دەزانن، بیانەوێت جارێکی دیکە پرسێکی دیکە بۆ دروستکردنی گرفت لەنێوان هەولێر و بەغداد بێننەوە گۆڕێ و ئەوکات تەنها ئەوەی زیانی پێدەگات و دۆڕاوی نێو ئەو ململانیانەیە خەڵکە، وەک ئەوەی ئێستا دەیبینین ئەوەی باجی بێپلانی و ناعەدالەتی و نەبونی شەفافیەت لەداهاتی نەوت و نانەوتی و نەبونی خزمەتگوزاری پێویست دەدات چی لە بەغداد و چی لەهەولێر، تەنها خەڵکە نەک سیاسیەکان.
 
 



Dengnet.net - 2024
دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە
ژمارەی سەردان 2,044,497     ژمارەی میوان 4433