ئەرکان عەبدوڵڵا
بێگومان زانکۆ گەورەترین ناوەندی مەعریفی وڵاتە، گەشەکردن و پێشکەوتنی هەمەلایەنەی پرۆسەی خوێندن و زانست بە ئامرازێکی گەورەی هێنانەدی گۆڕانکاریە ئابوری و سیاسی و کۆمەڵایەتیەکان دادەنرێت. پرۆسەی خوێندن هەر لە مێژەوە تاوەکو سەرهەڵدانی یەکەمین زانکۆی ئەوروپی لەشارەکانی بۆڵۆنی و پاریس و لەندەن و تەنانەت زانکۆ نوێکانی ئەمڕۆش، بە بەردەوامی لە خۆ نوێکردنەوەدان بەتایبەتی لە ژێر کاریگەری پێشکەوتنی تەکنۆلۆژیا و پێداویستیەکانی بازاڕی کاردا، لە رۆژگاری ئەمڕۆماندا وڵاتە پێشکەتوەکانی جیهان هەمیشە لە کێبڕكێی یەکدان لە رێگەی تەرخانکردنی بودجەیەکی تایبەت بۆ پەرەپێدان و ڕێکخستنەوەی پرۆگرامەکانی خوێندن و ئەنجامدانی توێژینەوەی زانستی بۆ وەبەرهێنان لە توانای فکری و تێگەشتنی مەعریفی و ئامادەکردنی خوێندکارێکی داهێنەر و شارەزا بۆ بازاڕی کار.
لەمڕۆدا زۆربەی وڵاتانی جیهان بۆ جێبەجێکردنی یەکەم هەنگاوی نەخشەڕێگەی چاکسازی، لە کەرتی پەروەردە و فێرکردنەوە دەست پێدەکەن، وڵاتی فیلەندا بەدید و دونیابینیەکی کراوە و لە رێگەی پلانێکی درێژمەودا و بە دوبارە هەڵسەنگاندن و پێداچونەوە بە ناوەڕۆکی پرۆگرامەکان و دابینکردنی ژینگەیەکی لەبار بۆ فێربون و گرنگیدان بە چەمکی (Edupreneurship) و پراکتیکەکردنی ئایدیاکان و زانستی واقیعی لە بازارسازی کاردا، هەمو ئەم هۆکارانە وایکردوە خۆی لە لوتکەی هەرمی وڵاتە پێشکەوتوەکانی جیهان ببینێتەوە لە روی پەروەردە و فێرکردنەوە.
لە راستیدا یەکێک لەو وڵاتانەی جێگەی سەرنج و تێڕامانە بۆ من، وڵاتی قەتەرە، بە سود وەرگرتن لە ئەزمونی وڵاتانی پێشکەوتو و بە پاڵپشتی خەرجکردنی نزیکەی شەش ملیار دۆلاری ساڵانە بە ئامانجی ڕەخساندنی هەلی کار و پەروەردەکردنی تاکێكی وشیاری بەهرەمەند، لە رێگەی وەبەرهێنان لە ژێرخانی کەرتی پەروەردە و ئەنجامدانی توێژینەوەی زانستی و هێنانی لقی نوێی زانکۆ بەناوبانگەکانی جیهان و بەستنەوەی بەرنامەی کاری خوێندن بە بازاڕی کاری وڵاتەکەی لە بواری پیشەسازی و تەکنۆلۆژیا و تەواوی سێکتەرە جیاوازەکانی ژیان، ئەمەش گاریگەری هەبووە لەسەر دیاریکردنی پێگەی وڵاتی قەتەر و رۆژ لەدوای رۆژ پێشکەوتنی بەرچاو بە خۆیەوە دەبینێت و ئاستی ئهو وڵاته لە روی گرنگیدان بە پرۆسەی خۆێندن، لە پلەی یەکەمی وڵاتانی عەرەبی و پلەی پێنجەمی جیهاندا دێت.
لێرەدا پێویستە بپرسین: زانکۆکانی هەرێمی کوردستان لە کوێی ئەم پلە بەندیەدان؟
بەداخەوە زانکۆکانی هەرێم هیندەی رۆڵی کارگەیەک دەبینن بۆ بەرهەمهێنانی مرۆڤی بڕوانامەدار ، هێندە رۆڵی ناوەندێکی ئەکادیمی نابینن، ساڵانە بەرهەمی ئەم زانکۆیانە پێگەیاندنی چەندین هەزار خوێندکارە لە پسپۆڕیە جیاوازەکان، بەشێکی زۆری ئەم پسپۆریانە دهرفهتى دۆزینهوهى هەلی کاریان نیە لە کەرتی تایبەت و لەهەمان کاتدا دەرفەتی دامەزراندنیان نیە لە کەرتی گشتیدا، بۆیە پێویستە حکومەتی هەرێمی کوردستان کاری لە پێشینەی ئەنجامدانی پرۆسەی چاکسازی بێت لە کەرتی پەروەردە و گرنگیدان بێت بە ئەنجامدانی کاری توێژینەوەی زانستی بۆ دەستنیشانکردنی کێشەکان و چارەسەرکردنیان لە رێگەی سود وەرگرتن لە ئەزمونی کاری وڵاتانی دیکەی وەکو ئیسرائیل کە بەیەکەم وڵاتی جیهان دادەنرێت و ساڵانە نزیکەی ٤.٢%ـى بودجەی وڵاتەکەی تەرخان دەکات بۆ ئەنجامدانی توێژینەوە.
هەروەها بۆ دەربازبون لەم قەیرانە قوڵەی زانکۆکانی ئێمەی تێکەوتوە، پێویستە بودجەیەکی شایستە تەرخان بکرێت بۆ ئەنجامدانی کاری توێژینەوەی زانستی لەسەر کۆکردنەوە و شیکارکردنی زانیاریەکان بۆ دەستنیشانکردنی پرۆگرامەکانی خوێندن و ئامادەکردنی مامۆستا کە یەکێکە لە فاکتەرە گرنگەکانی سەرخستنی پرۆسەی خوێندن، هەروەها بەپێی واقیع و ژینگەی کۆمەڵگا و گرنگیدان بە کردنەوەی ئەو پسپۆریانەی داواکاری بازاڕی کاری هەبێت.