وته‌بێژی كۆمیسیۆنى هه‌رێم: هیچ ئیراده‌یه‌كى جیدی نیه‌ بۆ ئه‌نجامدانى هه‌ڵبژاردن

2022/04/04 - 05:11 | 1105 جار بینراوە    
 
ده‌نگ نێت
 
ئەمڕۆ 4 رۆژ بەسەر ئەو وادەیە تێپەڕ دەبێت کە پێویستە پەرلەمانی کوردستان یاسای هەڵبژاردن و چارەنوسی کۆمسیۆنی هه‌ڵبژاردنه‌كانى تێدا یەکلایی بکاتەوە، وتەبێژی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی هەرێمیش دەڵێت: هیچ ئیرادەیەکی جیدی لە لایەنەکان بەدی ناکەین بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکانی هەرێم لەوادەی خۆیدا.
 
کۆتایی مانگی شوبات سەرۆکی هەرێمی کوردستان بە مەرسومێکی هەرێمی، رۆژى 1ـى 10ـى ئه‌مساڵی دیارییكرد بۆ بەڕێوەچونی هەڵبژاردنی پارله‌مانى كوردستان. بۆ ئەمەش کۆمیسیۆنى باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان دوایکرد چارەنوسی یەکلا بکرێتەوە به‌وه‌ى ماوەی یاسایی تەواو بوە، هاوکات بڕیار لەسەر هەموارکردنەوەی یاسای هەڵبژاردنەکان بدرێت.
 
بەپێی زانیاریەکانی رادیۆی دەنگ، لایەنە سه‌ره‌كیه‌كانى هه‌رێم جگه‌ له‌ پارتى و پێكهاته‌كان، داوای هەموارکردنەوەی یاساکە دەکەن بە دابەشکردنی بازنه‌كانى هه‌ڵبژاردن بۆ سه‌ر هه‌ر چوار پارێزگاكه‌ (هه‌ولێر، سلێمانى، دۆهك و هه‌ڵه‌بجه‌)، به‌ڵام پارتی و پێکهاتەکان، نایەوێت سیستەمی فربازنەیی هاوشێوەی عێراق لە هەرێم پیاده‌ بكرێت و له‌گه‌ڵ مانه‌وه‌ى یه‌ك بازنه‌یین.
 
لایخۆشیه‌وه‌، شیروان زرار، وتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان و راپرسی هەرێم، لە میانەی بەرنامەی گفتوگۆی دەنگ دا وتی: ئێمە کۆتا داواکاریی خۆمان لە سێی ئادار پێشکەش بە پەرلەمان کردوە بۆ درێژکردنەوەی ماوەی یاسایی کۆمیسیۆن، بەڵام هیچ کاری لەسەر نەکراوە.
 
وتەبێژەیەکەی کۆمیسیۆن دەشڵێت: ئیرادەیەکی بەهێز و جیدیی لەلایەن لایەنەکانەوە بەدی ناکەین بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکان.
 
شیروان زرار، به‌رپرسیارێتى ئه‌م هه‌نگاوه‌ ده‌خاته‌ ئه‌ستۆی سه‌رۆكایه‌تى پارله‌مان و فراكسیۆنه‌كان، ئاماژە بەوەشدەکات لایەنە سیاسیەکان ئامادە نین بۆ ئەنجامدانی هەڵبژردنەکان. وتى: "وتەی نێو کۆبونەوەکانیان شتێکە و لە راگەیاندنیش شتێکی دیکە باس دەکەن".
 
 



Dengnet.net - 2024
دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە
ژمارەی سەردان 2,116,373     ژمارەی میوان 1668