له‌ 6 مانگدا پارله‌مانی كوردستان ته‌نها 13 جار كۆبوه‌ته‌وه‌

2022/03/28 - 04:40 | 934 جار بینراوە    
 
ده‌نگ نێت
 
ئینستتیوتى په‌ی له‌ راپۆرتێك دا ره‌خنه‌ له‌ ئه‌داى كارى خولی پایزه‌ى پارله‌مانى كوردستان ده‌گرێت و ئاماژه‌ به‌وه‌ده‌كات له‌ هیچ ئاستێكدا كاره‌كانى به‌پێی پێویست و ئه‌وه‌ى یاسا دیاریی كردوه‌، نه‌بوه‌.
 
ئینستتیوتى په‌ى به‌ پاڵپشتى سندوقی نیشتمانى بۆ دیموكراسی NED پرۆژه‌ى چاودێریی پارله‌مانى گوردستان ئه‌نجام ده‌دات و له‌دواین راپۆرتى دا كۆی راپۆرتى خۆی له‌ چاودێریی خولی پایزه‌ى پارله‌مان خستوه‌ته‌ڕو، تیایدا ئاماژه‌ى به‌وه‌كردوه‌: بەپێی قسەكانی سەرۆكی پەرلەمان دەبوایە لە خولی گرێدانی پاییزەدا پەرلەمان (53) دانیشتنی بكردایە، بەڵام تەنها (13) جار كۆبونەوە كراوه‌.
 
له‌باره‌ى دۆخی یاسادانانیشه‌وه‌ ئه‌وه‌ى خستوه‌ته‌ڕو: خوێندنەوەی یەكەم بۆ (7) پێشنیاز و پرۆژەیاسا كراوە، (10) یاسا پەسەندكراون، لە كاتێكدا بەگشتی لەم خولی پێنجدا خوێندنەوەی یەكەم بۆ (66) پێشنیازە و پرۆژە یاسا كراون و (30) یاسا پەسەندكراون.
 
له‌باره‌ى دۆخی لیژه‌ هه‌میشه‌ییه‌كانى پارله‌مانیشه‌وه‌، ده‌ڵێت: لە خولی پاییزەدا، خوێندنەوەی یەكەم بۆ (7) پێشنیاز و پرۆژەیاسا و بڕیار كراوە، لیژنەكان وەك پێویست كاریان لەسەر پرۆژەكان نەكردووە كە راپۆرتیان لەسەر بنوسن و بیخەنە بەردەم سەرۆكایەتی پەرلەمان تا بخرێنە بەرنامەی كارەوە بەمەبەستی پەسەندكردن.
 
له‌باره‌ى چاودێریی حكومه‌تیشه‌وه‌، ئاماژه‌ى به‌وه‌كردوه‌ لە (13) دانیشتنی پەرلەماندا (3) ئەندامی ئەنجوومەنی وەزیران چوونەتە پەرلەمان، (وەزیرانی: ناوخۆ، كشتوكاڵ، وەزیری هەرێم بۆ كاروباری پەرلەمان)، ئەوانیش لەكاتی پەسەند كردنی یاساكاندا ئامادە بوون بەمەبەستی وەرگرتنی راو سەرنجیان، نەك لێپێچینەوەو بەدواداچوون.
 
ئاماژه‌ى به‌وه‌شكردوه‌: ماوەی (9) ساڵە حكومەتی هەرێم، بودجەی نەناردۆتە پەرلەمان، ماوەی (11) ساڵیشە ژمێرەی كۆتایی نەنێردراوەو بەیانی دارایی نەبووە و نەخراوەتە بەردەم پەرلەمان. هه‌روه‌ك بودجه‌ى خودی خۆیشی رانه‌گه‌یاندوه‌ و ژمێره‌ى كۆتایی نه‌خستوه‌ته‌ڕو.
 
پوخته‌ى راپۆرته‌كه‌ى ئینستتیوتى په‌ی له‌م لینكه‌وه‌ ده‌خوێنیته‌وه‌.
 
 



Dengnet.net - 2024
دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە
ژمارەی سەردان 2,257,188     ژمارەی میوان 2754