دەنگ نێت
بەھۆی خەرج نەکردنی پارە بۆیان، شۆفێری ئامبوڵانسەکانی گەرمیان مانیان لە کارکردن گرتوە و ناردنی نەخۆش لەکەلارەوە بۆ سلێمانی راگیراوە.
رەفیق قادر، بەرپرسی بەشی کردە پزیشکیەکان لە تەندروستی گەرمیان، کە سەرپەرشتی ئۆتۆمبیلەکانی ئەمبوڵانس دەکات، بە رادیۆی دەنگی وت: تەندروستی گەرمیان بڕی 5 ملیۆن دینار خراوەتە سەر نەسریەکەی و بۆ شتی دیکە خەرجکراوە.
دەشڵێت: ئەمڕۆ بەو هۆیەوە سەرجەم شۆفێرەکانمان مانیان گرتوە و حاڵەتێکی ناردنی نەخۆشیشمان هەبو، بەڵام رەوانەمان نەکرد بۆ سلێمانی.
رەخنەی لە تەندروستی گەرمیان گرت کە بە وتەی خۆی "هیچ بایەخێک بەو شۆفێرانە نادات و نۆ جار ئاگادارمان کردونەتەوە، بەڵام هەوڵی چارەسەرکردنیان نەداوە تەنانەت نوسراوێکیشمان پێشکەش کردن لێیان وەرنەگرتین".
لەبەرامبەردا بەڕێوبەری گشتی تەندروستی گەرمیان دەڵێت: ھەر ٦ مانگ جارێک ئەم کێشەیە رودەدات.
د. سیروان محەمەد، بۆ رادیۆی دەنگ وتی: دروستبونی ئەم کێشەیە بەھۆی قەیرانی داراییە کە نەسریەی تەندروستی گەرمیان کەمکراوەتەوە، بۆ ئەم مەبەستەش چەندینجار نوسراومان کردوە و خۆشم سەردانی وەزارەتی تەندروستی و داراییم کردوە.
جەختیشیکردەوە کە شۆفێران جگە لە شایستەکانی ئەمساڵ، ھی چەند مانگێکی ساڵی پاریشیان وەرنەگرتوە کە مافی خۆیانە. سەرباری ئەوەش داوای لێکردن کە بچنەوە سەرکارەکانیان.
لەبارەی بونی نەسریە و خەرجکردنی بۆ شتی دیکە وەک شۆفێران ئاماژەی بۆ دەکەن، بەڕێوبەری گشتی تەندروستی گەرمیان رەدی کردەوە نەسریە و پارە بۆ ئەو بەشە ھاتبێت و خەرجیان نەکردبێت.