ده‌رباره‌   په‌یوه‌ندی
زمان وەک ماڵی تێگەیشتن

2021/02/19 - 01:48 | 1398 جار بینراوە    
 
ئاریان ئه‌حمه‌د
 
لەفەلسەفەی زماندا هەمیشە ئەو پرسیارە وەک پێشمەرج بونی خۆی دەسەپێنێ.پرسیاری وەک و زمان چیە؟وە چۆن زمان واتای بوون دەگەیەنێت؟
ئەوەی گرنگە بوترێت ئەوەیە کەقسەکردنمان لەسەر زمان و تێگەیشتن وەک ئامانج و مەبەستی نوسینەکە پرسێک نیە بکەوێتە دەرەوەی  سنورەکانی بوون ناسیەوە. بەڵکو لە پێوەند بەزمانەوە پرسی بونیش دەهێنینە پێشەوە. بۆیە کاتێک دێینە سەرباسی زمان هاوکات دەرگرین بە پرسیارەبونەویەکان .وە بۆ ئێمە گرنگە لەوەتێ بگەین چۆن زمان دەبێتە ماڵی بون و وە مەبەست لەو دەربڕینە چیە؟زمان لەکۆنتێکستی تێگەیشتنێکی ئۆنتۆلۆجی  چیە و  چۆن دازاین (بوون لێرە) وەک بونێکی بیرکەرەوە دەر گیری ماناکانی بونی دەکات؟.کاتێک بۆ مرۆڤ (بوون) دەبێتە پرسیاری سەرەکی ئەوە ئەو چرکەساتەیە کە زمان وەک بیرکردنەوە خۆی دەر دەخات.و ئەرکی ناسینەوە بەجێ دەگەیەنێ،بەتایبەت کاتێک تێگەیشتن لەناو بونی مرۆییمان مسۆگەر دەبێ.وە ئەرکی تێگەیشتنیش بریتیە لەئەگەرەکانی ڕاڤەکردن و ڕوون کردنەوە. بۆیە ئەوانیش بەدوی خۆیاندا وەک پێویستیەکی بوون ناسیانە پرسی داکۆکی کردن بەدوای خۆیاندا ئەهێن.گرنگی پرسی تێگەیشتن بەدۆزەکانی هەنوکەوە لەوەدایە بتوانین بە ئاگایی و زمانێکی ڕیشەیی بدوێین لەپەیوەند بە و ئەگەر و پێشهاتانەی کە لە بەرامبەر بوونی مرۆییماندا ڕوو دەدەن .بۆ ئەوەی لە ئاگاییدا هەڵوێست و لە تێگەیشتندا داکۆکی و بەرپرسیارێتی چێ بکەین گرنگە بونی لێرەمان ئەو پرسیارە بکات کە چۆن دەتوانین بە تێگەیشتن و ئاگاییەوە ئالنگاری هەبوەکانی تر ببینەوە وەک بابەتێک بۆ ناسینەوەو تێگەیشتن و کەشف کردن؟.ئایا لە جیهاندا ئەم ئێستایە ڕوداو و پێشهات و گۆڕانکاریەکانی بانگەوازو  خواستێک نیە بۆ فەلسەفەو ئیمکانی فەلسەفە وەک هێزی بەهانەوە چوو؟.وەک ئەوەی بادیۆ فەیلەسوفی فەڕەنسی ئاماژەی بۆ دەکا کە جیهان خۆی دەبێ پێشوازی بکات لەفەلسەفەو پێی بڵێت هەنگاو هەڵهێنە.
هەمو ئەو شتانەی لەنێو جیهانەکەماندا ڕوو دەدەن و لەداهاتودا ئەگەری ڕودانیان هەیە ئەو زەرورەتە دەهێننه پێشەوە کە بونی مرۆییمان مەحکومە بە ئەکتی بەرەنگاری و تێگەیشنی ڕیشەیی لەبارەی هەمو ئەو پرسانەوە کە مەترسی جدین بۆ سەر ئێستاو ئایندەی ژیانی مرۆڤ و گیانلەبەرو ژینگەو زیندەوران بەگشتی.
زمانی تێگەیشتن لەم نوسینەدا ئەو نامەیە دەگەیەنێت کە ناتوانین لەدەرەوەی ژیانێکی  ڕەسەن و ئاگاییەکی بەرپرسیارانە قسەلەسەر ئەو ڕوداوو دیاریدانەبکەین کە پەیوندیان بە بەهاو شکۆ ماف و  مانای بونمانەوە هەیە.بەڵکو گرنگە ئەوە بزانین بونمان نیشتەجێی نێو زمان و بیرکردنەوەمانە .بەتایبەت لە ئاستی وتن و تێگەیشتن و ئاگاییدا. وە ئاماژەمان پێدا کە ئەو زمانەی کەدەبێتە پنتی ڕیشەیی بۆ ناسینەوەو تێگەیشتن بریتیە لەزمانی بیرکردنەوە ،بەتایبەت بیرکردنەوە بونەویەکان. وە کاتێک پرسیارە ڕیشەییەکان لەبارەی بونەوە دەکەنە دەستپێکی خۆناسین و ئەوی تر ناسی..بەجۆرێک لەجۆرەکان زمان ئەو ئیمکانە بۆ توانای ناسینەوە لە ڕووبەری بیرکردنەوە دەڕەخسێنێ.ئیدی بۆ زمان بوون ئەو پنتە ڕیشەییە کە پرسیارو وتنەکانی لەپێناودا دەسازێنرێ.بایەخی زمان لە پێوەند بەبیرکردنەوە ئەوەیە کە مرۆڤ بونی خۆی لە نێو جیهاندا لەڕێی زمانی بیرکردنەوە دەسەلمێنێ.بۆ هایدیگەر پێشمەرجی ئۆنتۆلۆجی بۆ بنەڕەتی زمان گوتار یان وتنە.(بون و کات).
واتا دازاین لەڕێگەی وتن و دەربڕینەوە بونی زمان وەک پێشمەرجێک دەسەلمێنێ و لەهەمان کاتیشدا گوتار ئاماژەیە بۆ ئاگایی و تێگەیشتن.واتە دەر خەری توانای تێگەیشتنە چونکە گوتار ڕوو لەو بابەتە دەکات کەزمان دەیەوێت لەبارەیەوە ڕوون کردنەوە بدات.بوون ناسیانە گوتار لەڕێگەی شرۆڤەو لێکدانەوەکانیەوە ماناش بەرهەم دەهێنێ.
هەروەها زمان خۆی لەسیاقی گوتاردا پیشان دەدا.وە بریتی دەبێت لەکۆی ئەو وشانای کەنیشتە جێی نێو گوتارن.بەواتایەکی تر ئۆنتۆلۆجیانە گوتار بەرجەستەکەرو  دەرخەری زمانەو  وە ئەو شتانەی کەگوتار یان وتن لەپرۆسەی ڕوونکردنەوەکانیدا پەخشی دەکات لەنێو جیهاندان.وەک ئەوەی هایدیگەر ئاماژەی پێدەکات (ئەو هەبوانەی کەفڕێدراونەتە نێو جیهانەوە و خۆیان داوەتە دەستی جیهانەوە.) وە مەبەستە کەی ئەو لەوەدایە کەمرۆڤ سەرباری ئەوەی فڕێدراوەتە نێو جیهانەوە لەهەمانکاتیشدا فڕێدراوەتە نێو زمانیشەوە.ئەرگومێنتەکە لەوێدایە مادام جیهان و کەسانی دیکە دەکەونە پێش تاک .زمانیش لەم حاڵەتەدا پێش بونی تاک دەکەوێ.وە کاتێک تاک دێتە نێو ئەم جیهانەوە خۆی لەنێو زمانێکی لەپێشتر ئامادەکراودا دەبینێتەوە
وە مرۆڤ لەڕێگەی زمانەوە بەناسینی جیهان دەگات
وە زمان لە فۆرمی وتن و گوتاردا دەرخەری دازاین و بوونی دازاینە.
واتە گوتار کاتێک دێتە بوون کە ڕووی لەشتێک کردوە مەبەست ئەو بابەتەیە کەدازاین لەمیانەی ئەوەوە بەڕوون کردنەوەو ناسینی دەگات.بوون ناسیانە گوتار بریتیە لە ڕاگەیاندن.دیاریدەی ڕاگەیاندنیش بریتیە لەوەی کەسێک داکۆکیکردن و بەرگری لێکردن لەفۆرمی گوتاردا دائەمەزرێنێت.بەم هۆیەوە زانیاری بەوانی تر دەگەیەنێت. بۆیە گەیاندنی ڕاو ڕوونکردنەوەی زیاتر لە گەڵ شیکردنەوەی بوون هەموو ئەوانە بە تێگەیشتنەوە دێنە بوون.واتە مرۆڤ کە تەقەلای ناسینی هەبوەکان لەنێو جیهاندا دەکات.ئەوە ئەو کاتەیە کە تێگەیشتن لە کنەو پشکنیندایە بۆواتای هەبوەکان.
هەرچی کارڵ یاسپەرزیشە لەبارەی کانت فەیلەسوفی ئەڵمانیەوە لەپێوەندیدابە تێگەیشنەوە ئەڵێ(ویستی کانت بۆ زانین وابەستەی زانینێکی میتۆدیە بۆ گەیشتن بە تێگەیشتن ، وە بەدروستی و بەهاداری ئایدیاکانی عەقڵ و پشکنینیان بەچەمکەکانی خودی عەقڵ) ئەمەش نەریتی کانتە وە شوناس و شێوازی کارکردنێتی لەبواری مەعریفیدا.بۆ کانت هەمو مەعریفەیەکی مرۆیی هەستەکیانە دەست پێ ئەکات و تێگەیشتن دەخوڵقێنێ و لەعەقڵدا بەپایان دەگات.چونکە بڕوای وایە مەعریفە بەرهەمی توانای درکی هەستەکی و تێفکرینە بۆیە ئەڵێت: ئەندێشەکان بەبێ جەوهەر بەتاڵن و هەرچی هەستەوەرەکانیش بێ کاتیگۆریەکان کوێرن.
هەر لەپێوەندیدا بە ناونیشانی ئەم گوتارەو بەتایبەت پرسی تێگەیشتن.ئاماژە بەکتێبی (ڕەخنە لەعەقڵی پەتی )ئیمانۆێل کانت فەیلە سوفی ئەڵمانی دەدەین.لەپرسی زانینی ڕەگەزە ترانسێندێنتاڵەکان ئاماژە بەو تێۆرە دەکات کەبریتیە لەتیۆرەی ئیدراکە هەستەکیەکان کەلەڕێگەی ڕوداوو فۆرمە پەتیەکانی تری وەک شوێن و کاتەوە دەتوانرێت بەپێوەری هەستەکیانە بابەت بگوێزنەوە تائاستی تێگەیشتن.لای کانت ئەمە بنچینەی ڕودانی ڕوداوە.ئەو مەعریفەی کانت بەکاری دەهێنێ لەم فۆرمەدا بریتیە لەمەعریفەی شتە نابابەتیەکان.وە چەمکی ترانسێندێنتاڵ(transcendental) لای ئەو بەو مەعریفانە دەگوترێ کە پەیوەست نین بە خودی بابەتەکان خۆیانەوە.بەڵکو وابەستەی شێوازی تێگەیشتنی ئێمەیە لەشتەکان کەبەشێوەیەکی پێش گریمانە بونیان هەیە.ئەم مەعریفەیە  دەکەوێتە پێش و دەرەوەی ئەزموونگەریەوە. ئاپریۆری(پێش ئەزموون)  و ئاپۆستێریۆریەوە(پاش ئەزموون)ەوە .بە مەرجی ئەوەی زەمینەی ئەگەرانیبونی ئەزمونگەری خۆش بکات.
بەڵام بەدیدی فۆکۆ فەیلەسوفی فەرەنسی مرۆڤ لەچەرخی مۆدێرنیتەدا پێناسێکی دوو ڕەهەندی لەخۆ دەگرێ.بەشێکی بونی  سەرچاوەکەی لەکانیاوی ئەزمونگەریەوەیە و بەشەکەی تری لەسنوری قەڵەمڕەوی ترانسێندێنتاڵدایە.
بەلای کانتەوە تێگەیشتن بەو توانایە دەگوترێت کەلەڕێگەی چەمکەکانەوە بیر لەشتەکان دەکاتەوە وە ئەم پرسە بۆ کانت زیاتر سەربەتوانا باڵاکانی مەعریفەیە.هەرچەندە ڕەگی هاوبەشیشی لەگەڵ توانا هەستیاریەکان هەیە.بەڵام خودی تێگەیشن بەتەنیا توانایەکی سەر بەهەستیاری نیە.هەندێ جاریش دژە بە توانا هەستیاریەکان .وە ئەو مەعریفەیەی کە لەڕێگەی تێگەیشتنەوە بەرهەم دێت.لەدواتردا بەچەمکەکانی عەقڵ ڕێک دەخرێت.هەربۆیە کانت لەم بارەیەوە دەڵێ(مەعریفەی عەقڵی ئەو مەعریفەیە کەملکەچی یاساکانی عەقڵ بوە)
هەرچی ئەزمونگەریشە (Empirical) کەڕێبازێکی فەلسەفیەو بڕوای بەوە هەیە کەکۆی مەعریفەی مرۆیی لەڕێگەی توانا هەستەکیەکان و ئەزمونەوە بەدەست دێت.وە نکۆڵی دەکەن لە هەر باوەڕو زانینێکی زگماکی لای مرۆڤ و هەر مەعریفەیەک کەبکەوێتە پێش ئەزمونی زانستیەوە. ئەم چەمکەش جۆن لۆک لەسەدەی حەڤدە دای ڕشت.بڕوای وایە کەزەینی مرۆڤ لاپەڕەیەکی سپیەو ئەزمونی هەستەکی جێ پەنجەی خۆی بەسەر ئەو لاپەڕەیەوە جێ دەهێڵێ.
کاتێگ گوتن ڕاگەیاندن لەبارەی شتێکەوە دەگەیەنێت ئەوا ئەو کاتەیە کە گوتن خەسڵەتی خۆی دەربڕیوە واتە دازاین بەم شێوەیە گوزارشت لەخۆی دەکات.وە خۆی دەردەبڕێت..چونکە بونی ئەو بونێکی ئاگامەندانەیە لەنێو جیهاندا و بەتێگەیشتنەوە نیشتە جێی نێو جیهانە.کاتێک دازاین بەگوتارەکانی ئالنگاری هەبوەکان ئەبێتە وە تابیان ناسێت و کەشفیان بکات.ئەو کردەیە بەویستی مەزاج و تێگەیشتنەوە دەکات.هەرچی مەزاجیشە زیاتر لەفۆرمی گوتارەکانیدا دەردەکەون و لەزمانیشدا بە هۆی خوێندنەوەو بەرزو نزمی دەنگ لەکاتی وتندا دەر دەکەون.ماوەتەوە بێژم کە مرۆڤ لەڕێگەی گوتنەوە یان گوتارەکانیەوە تێگەیشتنی خۆی دەدرکێنێ.لەهەمان کاتدا بونی خۆی بەوانی تر دەگەیەنێت. گوتار(Discourse) واتا ئەو شتەی کە ئامادەیە بۆ لێتێگەیشتن.گوتار یان دەربڕینێکی زارەکیە یان دەربڕینێکی سایکۆلۆژیەو ئاراستەی بەرامبەر دەکرێ بەمەبەستی تێگەیشتن .بەگشتی پرۆسەیەکی فیکریە لەڕێگەی زنجیرەیەک پرۆسەی سەرەتایی و بەشبەش و یەک لەدوای یەک ئە ئەنجام دەگات.
وە ڕەگەزەکانی گوتار پتر ئەمانەن(ئەو بابەتەی گوتارەکەی لەسەرە.(واتە ئەوەی کەقسەی لەبارەوە دەکەین)،وە ئەوەی کەلەنێو گوتارەکەدا دەوترێت،(مەبەست ڕاگەیاندنە)هەروە ها ئەوەیشی کە دەزانرێت.هەریەک لەوانەی ئاماژەمان پێکرد بریتین لە شێوازی بونگەرانە لەبونی دازایندا.
هەروەها لەدیدی سارتەرەوە زمان بریتیە لەو کردانەی ئەنجامی دەدەین.واتە جوڵەو کردەکانمان بنەڕەتی زمانن وە دیاریدەیەک نیە خرابێتە سەر( بوون بۆ خۆ.) بەڵکو لەبنەڕەتدا بەهۆی بونی ئەوە کە ئەزمونی خۆیەتی خۆکان وەک و بابەت بۆ یەکدی ئەسەلمێنێت.
واتە بەهۆی پەیوەندی نێوان خۆکانە کە زمان وەک پێویستیەک دێتە بوون.لەدیدی سارتەرەوە هەمو پرۆژەکانی بونمان کەڕوو لەئەگەرەکانمان دەکەن بریتین لەزمان.
وە هایدیگەریش لەم ڕوەوە ئەڵێت( من ئەوەم کەدەیڵێم.)
ئەوەی بۆ تێگەیشتن بایەخدارە بریتیە لە زمانی بیرکردنەوە.بیرکردنەوە لەچی ؟ بیرکردنەوە لەو دەستپێکەی بونی مرۆییمان دەکاتە پرس و بابەتێک بۆ خۆی.لەدواتردا ئەوەی بۆ کنەو پشکنینەکانی ویستمان بۆ بیرکردنەوەو تێڕامان کەشف دەبێ.ئەوە ئەو پەیوەندیە مەعریفیەیە کە لەسەر بنەمای زانین و چێکردنی تێگەیشتن بو نیادمان ناوە.بون ناسیانە بێژین ڕەسەنانە پرۆژەکانی بونمان هەڵبژاردوە.لەڕێی ویستێکی ئازادانەوە.
بۆچی تێگەیشتن وەک دەرهاوێشتەی زمانی بیرکرنەوە گرنگە.؟ئەڵبەتە ئەم پرسیارە خوازیاری ئەو وەڵامەڕیشەیی و لق و پۆپ ئامێزانەیە کەسەرەئەنجام بونی مرۆییمان دەخاتە بەردەم بەرپرسیارێتی ئەخلاقی و ویژدانیەوە.وە وەها بونی مرۆییمان تەفسیر دەکات کە پێودانگ و چوارچێوە ئاکاریەکان  دەیخوازن.
هەرلەپەیوەندیدا بە پرسی زمانەوە مالارمێی شاعیر دەڵێ(زمان قسە دەکات نەک نووسەر ،هەرچی نوسینیشە گەیشتنە بەو پنتە ڕیشەییەی کەزمان تێیدا دێتە گۆ نەک من)
هەربە نیسبەت زمانەوە ڕۆلان بارت ئەدیب و نوسەری فەرەنسی ئەڵێت:لەدوالیزمی نێوان مرۆڤ و سروشت عەقڵ و مادە کەپەیوەندیەکی دوورو درێژە وە ئالنگاریەکە لەڕەوانبێژی ئەرستۆوە تادەگاتە ئەفلاتۆن و هەروەها پاسکال ... ئەم دوالیزمە سەرباری گۆڕانکاری لەچەمک و زاراوەکان بەردەوامی هەیە بەتایبەت لای سۆسێر.
ئەم بەریەک کەوتنەش بۆ (زمان ،گووتن) بریتی ئەکرێت. لەپاشاندا لەسەر هەردو ئاستی تێگەیشتن و شیکردنەوە ئەگرسێتەوە لەوێشدا چەمکەکانی ئاماژەو دەستەوواژە  دەنوێنێت.ژێست و ئاماژەش سەر بە ئیحان و دیاری ناکرێت بەڵام هەمیشە مانا بەکراوەیی ئەهێڵێتەوە.هەرچی دەستەواژەشە مانا دیاری ئەکات و دای دەخات.
پرسیارێکی تر لەپێوەند بە زمانەوە دەتوانین بیڵێین ئەویش ئەوەیە.ئایا دەکرێت بەپێوەری زمان دونیا بناسینەوە؟ئەی خودی زمان چیە؟
ئەڵبەتە لای هایدیگەر وەڵام بۆ ئەم پرسیارە وەر دەگرین و ئاماژە بەو تەفسیرەی ئەدەین کەدەڵێ :زمان دەلالەتە لەو ماناگەریە کەکردەوە دەکەوێتە نێو شتەکانەوە،وە مرۆڤ زمان بەکار ناهێنێت بەڵکو ئەوە زمانە کەلەڕێی مرۆڤەوە دێتە گۆ.
هەرچی ئیبن عربیشە.پێی وایە زمان لەسەرەتاوە ناو بوە ،وە ناو هەڵگری پێکهاتی زمانە چونکە زمان لەڕێگەی ناوەوە لەیادەوەریدا ئەمێنێتەوە  وە ناو ئاماژەیە بۆ ناونراو.بەدیدی ئیبن عربی لەڕێگەی گەشتنمان بەمانای ناونراو بەبوونی ئەو شتە دەگەین کە ناونراوە.لەهەمان کاتدا ناو تەنها ئاماژە نیە بۆ ناو نراو بەڵکو گوزارشتیشە لەو ئاوەڵناوە تایبەتەش کەناو هەڵگرێتی  بە واتا ئەو ئاوەڵناوەی کە بوونی پێ ئەناسرێت خودی بوون یان ناو نیە بەڵکو ئەو ئاوەڵناوە زیادکراوەیە کە خراوەتەسەر(ناو،بون)ەوە .بۆیە لێرەدا لەبری ئەوەی تاک لەتاکێتیدا بمێنێتەوە. وە گوزارشت لەتاکە خودێک بکاتەوە ،بەهۆی ژمارەی حەقیقەتەکانی یان ئاوەڵناوەکانیەوە بەشێوەیەکی مەودافراوان لەنێو کۆمەڵێک خودی جۆربەجۆرەوە قووت دەبێتەوە.هەرلێرەدایە کەزمان وەک ئاسۆیەکی فراوان و کراوە بۆ گوتن لەسەر دنیا خۆی دەکاتەوە،وە لەڕێگەی نوسینەوە ئەم هێزی کرانەوە بەسەر ماناکانی ناوەوەو دەرەوەی دونیادا دەسەپێنێت. مادام زمان ماڵی بوونە ،کەواتە نوسینیش ئاوەڵابونی بوونە بەسەر ماناکانی ناوەو دەرەوەی دونیادا.
ڕۆسۆش نوسین وەک پاشکۆی گوتن دا ئەنێت .دێریداش نوسین وەک وەزیفەیەک دا ئەنێت کە دژە بە دەنگ و هەروەها نا ئامادەگی دەنگیش بەرجەستە ئەکات.
بۆ ئیبن عربیش بوون پێک هاتوە لەپیت وە پیتەکانیش بریتین لە حەقیقەتی تاکانە.
ئەدۆنیسی شاعریش تەقینەوەی زمان بە دروستکردنی پەیوەندی ئەزانێت لەنێوان وشەو هەروەها وشەو شتەکان بەگشتی.
زمان ناس و ئەنترۆ پۆلۆژیستی ئەمریکی ئیدوارد ساپیر پێی وایە کە زمان وا دەکات کۆمەڵگا بەڕێگەیەکی دیاریکراو بیر بکاتەوەو هەڵسو کەوت بکات واتە بیرکردنەوەو هەڵسو کەوت هەمان ئەو ڕێگەیەیە کەزمانەکە هەیەتی بۆیە پێی وایە کۆمەڵگا ناتوانێت کە جیهان ببینێت تەنیا لەچوار چێوەی زمانەکەیدا نەبێ.بۆیە زۆر بەڕاشکاوی ئێژێ :مرۆڤ بەتەنیا لە جیهانی مادیدا ناژی هەروەها بەتەنیاش لەجیهانی چالاکیە کۆمەڵایەتیەکاندا ناژی،لەڕاستیدا مرۆڤ کەوتۆتە ژێر بەزەیی زمانەکەیانەوە ،واتە ئەو زمانەی کەلەنێو خۆیاندا قسەی پێدەکەن و پێوەندی پێ دروست دەکەن.
لەڕاستیدا جیهانی حەقیقەت بەڕێژەیەکی زۆر لەسەر بنەمای زمانی کۆمەڵگایەکی دیاریکراو درووستکراوە.
هەروەها ئاماژەش بە زمان ناسی  بەریتانی هێنری سویت دەکەین کەلەقسەکردنی لەسەر زمان پێی وایە:کە زمان بە کەڵک وەرگرتن لەکۆمەڵێک دەنگی هەماهەنگ ،ئامرازی دەربڕینی بیرو بۆچونەکانە.چەند وشەیەک لەگەڵ یەکدا دائەنرێن و ڕستە پێک دێت ،وە بەکۆبونەوەی ڕستە گەلێک بابەت لەدایک دەبێت.تا مەبەستی بێژەر بگەیەنێ.بەم پێیە مرۆڤ بەسەرەتاییترین شێوەی شیاو بیرو بۆچونەکانی دەخاتە ڕوو.
هەروەها زمان ناسی ئەمریکایی بێنارد بلوچ لەپێناسەکردنی زماندا ئێژێت: زمان سیستمی ئەو هێماو نیشانانەیە کەکۆمەڵێک مرۆڤ بۆ بەکارهێنانی لەسەری ڕێککەوتون .
شیرازیش لەفەرهەنگی موحیتدا دەڵێ:زمان لەکۆمەڵێک دەنگ پێک هاتوە کە هەر نەتەوەو میللەتێک مەبەستی خۆی پێ دەگەیەنێت.
وەلەبنەڕەتدا زمان دوو مانای هەیە.یەکەمیان:زمان یەکێکە لەئەندامەکانی لەشی مرۆڤ و لەناو دەمدایە.دووەم :زمان کۆمەڵە دەنگێکە کە مرۆڤەکان گوزارشتی لێدەکەن بو مەبەست و مەهامەکانی خۆیان.
ئەوەی پێویستە ڕوون بکرێتەوە ئەوەیە ئێمە کاتێکدا قسە لەسەر زمان دەکەین لەپەیوەندیدا بەتێگەیشتنەوە ،کەخەریکە جیهان لەئێستادا بەهۆی گۆڕانکاریە خێراو کت و پڕەکانی بواری زانست و پەیوەندی و بازاڕو .هەڵپەی سەرمایەو بەرهەم هێنانی سۆبێکتی ملکەچ و فەردانیەت و چێژپەرستی و تاکی ناڕەسەن و دڵخواز بە ویستەکانی سیاسەتی ئەم چەرخە نوێیە.فرە ڕەهەندی لە فۆرمی  سیاسەت و هەیمەنەخوازی سەرمایەداری.و تەوقیتکردنی کۆدی فریو دەر لەنێو زمانی کاڵاو فیتیشیزمی شمەک و بەکار هێنانی مەسرەف گەرانەو هەروەها کۆد ڕێژکردنی گوتاری ساختەو کاریگەریە نەستیەکانی ئەم گوتارە بەربڵاوو سیحر ئامێزانە لەفەزای میدیا بەسەر زەین و بینین و نائاگایی کۆمەڵگاکان، پارالێڵ بەوەش بەرهەمهێنانی چەک و جبەخانەو جەنگی ترو بەرهەمێنانی نەخۆشی و خۆش نەبونی دەنگی چەکەکانی  جەنگەکان و برسێتی زیاتری کۆمەڵگاکان و ماندو کردنیان بەجەنگ و نەخۆشی و برسێتی.لەو هەوڵ و پرۆسانەن کە لەئێستا دونیا شاهێدی کارەساتباری و ماڵوێرانی زیاترێتی.
بۆیە وەزیفەی فیکرو بیرکردنەوە لەدۆخێکی لەم چەشنە هەر ئەبێ ئەوەبێ کە لەوپەڕی هەستکردن بە ماناکانی ئەخلاق و بەرپرسیارێتیەوە بکۆشێت بۆ بەرگرتن بەهەر هەوڵ و هەنگاوێک کە مەرگەساتی زیاتری بوێ بۆ مرۆڤەکانی ئەم جیهانە.بۆ ئێمەش ئەم دەستپێکە بە چێکردنی تێگەیشتن و ئاگاییەوە دەست پێ ئەکات و بە ئەکتی مرۆڤ دۆستانەو ڕەوشتیانە بەردەوام دەبێ.لەپێناوی ئەوەی کە بونی مرۆڤ گرنگتربێ لەهەر بونێک وە ژینگەی بونی مرۆڤ لەپێشتربێ پێش هەر هەبونێک.ئەم گوتارە ئەخوازێت وەها تەماشای مرۆڤ بکات کەبونی بریتیە لەکۆمەڵێک ئەرک و بەرپرسیارێتی کەدەبێ ئەنجامیان بدات.وەک ئەوەی کە بادیۆ لەمانیفێست ئاماژەی بۆ دەکا(فەلسەفە هیچ نیە گەر نەلکێت بە پابەندی بەرپرسیارێتیەوە).چونکە ئەو ئەرک و بەرپرسیارێتیانە بونی مرۆڤی ڕەسەن دەخاتە نێو جیهانەوە و مانا بۆ مرۆڤ ئەگەڕێنێتەوە.وە هەر ڕێزگرتنێکی ئێمە بە شوێنگەی بونی مرۆییمانەوە بریتیە لەپێڕەوی کردنمان بەو ئەرک و وەزیفانەوە کە ئەنجامدانیان بەهای پەیوەندی ئێمە بە شوێن و ژینگەوە دیاری ئەکات.
 
 



Dengnet.net - 2024
دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە
ژمارەی سەردان 1,706,153     ژمارەی میوان 1582