دهنگ نێت
رێکخراوەکانی ئەنفال ٣ داواکاری دەخەنەڕو، لەنێوی دا ئامادەبونی دادگای تاوانی نێودەوڵەتی لە پرۆسەی دەرھێنانی روفاتی قوربانیانی ئەنفال.
لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی دا لە ناحیەی رزگاری سەر بە کەلار، ئەمڕۆ ٦٢ رێکخراو و کەسایەتی، یاداشتێکیان پێشکەش کرد، تیایدا داوا دەکەن بۆ هەڵدانەوەی هەر گۆڕێكی بەكۆمەڵی ئەنفالکراوان، بانگێشتی نوێنەری دادگای تاوانی نێودەوڵەتی، ڕێكخراوە نێودەوڵەتییەكانی بواری جینۆساید و مافی مرۆڤ و توێژەران و رۆژنامەنوسان و فیلمسازان بکرێت، بەمەستی کەڵک لێوەرگرتنی وەکو بەڵگەی جینۆساید.
ھەروەک داواش دەکەن پزیشكی دادوەری عێراقی سامپلی ئێسك لەسەرجەم شەهیدانی ئەنفالكراو وەربگرێت و بۆ ئەم مەبەستەش تیمی تایبەت لە شار و ناوچەکان پێکبھێنرێت.
سێیەم داواکاریشیان تایبەتە بە پاراستنی مۆنۆمێنتەکانی جینۆساید و دروستکردنی مۆنۆمێنت و سەنتەرێکی تایبەت بە جینۆساید لە گەرمیان.