لەبارەی بڕیارەكەی دادگای فیدراڵییەوە

2022/02/19 - 11:54 | 885 جار بینراوە    
 
یاسین تەها 
 
پاش زیاتر لە 10 ساڵ لە دواخستن دادگای فیدراڵی هەفتەی ڕابردوو بڕیاری دا كە یاسای نەوت و گازی هەرێمی كوردستان نا دەستورییە، ئەمەش مشتومڕێكی گەورەی یاسایی و سیاسی دروستكردووە كە دەكرێت لێرەدا بەم جۆرە كورت بكرێتەوە:
 
ـ شارەزایان هاوڕان لەسەر ئەوەی لە سیستمە فیدراڵییەكان باڵادەستی لە سامانی سروشتیدا ناوەندییە، بەڵام لە دەستوری عێراقدا بەكاریگەریی هاوپەیمانێتی و دۆستایەتی كورد و شیعە (2005)، هەندێ بڕگەو دەستەواژە دانراون كە ناڕوون و لاستیكین و بەجێھێڵراون بۆ تەفسیر و تەئویل (مادەی 111)، ئەمەش وا دەكات هەمیشە مشتومڕ هەبێت. لەهەندێ مادەشدا باسی ئیدارەی هاوبەش و مافی لەپێشینەی هەرێمەكان هاتووە (112 و 115 و 122)، ئەمەش زیاترە لە فیدراڵییە باوەكانی دنیا. 
 
ـ بەئەزموونی 15 ساڵی ڕابردوو هەمیشە هێز و پێگە لەپێش بڕگە و مادە دەستورییەكان بووە، تا ئەوكاتەی كورد لە بەغدا كاریگەربووە، بۆچوونی خۆی سەپاندووە و وەبەرهێنانی تاكلایەنەی لە كەرتی نەوت و گاز كردووە، لە 2009 سەرۆك تاڵەبانی بە ئاشكرا رەزامەندیی حكومەتی مالیكی لەسەر هەناردەی نەوتی كوردستان ڕاگەیاند، لە 2021 یش لە یاسای بودجەدا دان بەوەدا نرا هەرێمی مافی فرۆشتنی تاكلایەنەی نەوتی هەبێت و ئەم دوو پێشینەیەش ناكۆكن لەگەڵ بڕیاری ئێستای دادگای فیدراڵی. 
 
ـ لاوازبوونی هەڵوێستی هەرێم لە دۆسییەی نەوت دەگەڕێتەوە بۆ چەند هۆكارێك: دەركەوتنی لێكەوتەی خراپی گرێبەستەكان و هەرزانفرۆشیی نەوتی كوردستان و پەرەسەندنی ناڕەزایەتییەكانی ناوخۆ لەو بارەیەوە، لێكەوتەكانی پاش ریفراندۆم و لەدەستچوونی كەركوك (2017)، پاشەكشەی دەستوەردانی ئەمەریكا و رۆژئاوا لە دۆسییەی عێراق، لەگەڵ ئەم پەرتەوازەیی دوایی لایەنە كوردییەكان لە بەغدا، سەرجەم ئەمانەش ئێستا تەرازوی هێزی بەلای بەغداو لایەنە شیعەكان لارەسەنگ كردووە. 
 
ـ بڕیارەكەی دادگا بنجبڕە و لە باڵاترین ناوەندی بڕیاری قەزاییەوە دەرچووە، بەڵام هەندێ گومان و مشتومڕی لەسەرە لەوانەش: كات و ساتە گوماناوییەكەی پاش 12 ساڵ و لەكاتی بەشداریكردنی پارتی لە هاوپەیمانی سێقۆڵی، لە دەمی وروژاندنی وەبەرهێنانە لە سامانی غازی كوردستان، ناڕەزایی دوو دادوەرە كوردەكە لەسەری، بازدانی بەسەر ئەو بڕگەو مادانەی ماف بەهەرێم و پارێزگاكان دەدەن لە دۆسییەی نەوتدا بەشداربن، بە نادەستوری لەقەڵەمدانی یاسای نەوت و گازی هەرێم بە جوملە بەبێ ئەوەی ئاماژە بەهیچ مادەو بڕگەیەك و لایەنێكی ناكۆك و دژ بكات كە ئەمەش پیشەییانە و زانستییانە نییە، بەڵام دادگا جەخت لەوە دەكاتەوە لە بەرژەوەندی عێراق ئەوەی كردووە، هەروەها ئەوەشی كردووەتە بەڵگە كە لە 2015 دادگایەكی ئەمەریكی بەهەمانشێوە هەناردەی سەربەخۆی نەوتی كوردستانی بە نایاسایی داناوە و تانەدانیش سوودی نەبووە تا هەرێم ناچاربووە بارە نەوتەكەی لە ئیسرائیل بەتاڵ بكاتەوە. 
 
ـ بەپێی دستور حوكمی دادگای فیدراڵی بنجبڕە و قابیلی تێهەڵچوونەوە نییە، بەڵام لەڕووی كردارییەوە جێبەجێكردنی بڕیارەكە ئاستەنگی زۆری لە پێشە چونكە بۆرییەكان و بیرەكان و گرێبەستەكان لە 13 ساڵی ڕابردوودا قۆناغی زۆریان بڕیوە، جگە لەوەش بەرژەوەندیی زۆری وڵاتانی تێكەوتووە و پاكتاوكردنی ئەو گرێبەست و بارودۆخەشی هەیە پرۆسەیەكی هونەری و یاسایی و قەرەبووكێشە و كات و هەوڵی زۆری لە بەغدا پێویستە كە ئێستا ئەو دەرفەتەی نییە و ئەمەش لەسەر حكومەتی ئایندە وەستاوە. 
 
ـ لەڕووی یاسایی و مەعنەوییەوە بڕیارەكە گورزێكی گەورەیە لە گرێبەستەكانی حكومەتی هەرێم و ئایندەی مامەڵەی تاكلایەنە بە دۆسییەی نەوت و لەپاش ئەوە بێگۆمان كۆمپانیاكان هەڵوەستە دەكەن و وەبەرهێنان لە نەوت و گازی هەرێم دەبێتە جۆرێك لە ریسك و سەركێشی، لە حاڵەتی توندبوونی ناكۆكییەكانیشدا دوورنییە هەندێ لایەنی عێراقی بەغدا هان بدەن هێز بجوڵێنێت بۆ كۆنترۆڵكردنەوەی كێڵگەكان بەتایبەت هەندێكیان زۆر نزیكن لە سوپای عێراق و حەشدی شەعبییەوە، لەگەڵ ئەمەشدا هیچ دوور نییە دوو هێزە كوردییەكە لەگەڵ خولی نوێ (پێنجەم) خۆیان بگونجێنن و ئەوكات وەك پاش 2009 دۆسییەكە هەر لە گێژاودا دەمێنێتەوە، یان دەکرێت دادگا شیکاری نوێ بۆ ئەو مادە دەستووریانە بکات کە لەبەرژەوەندی هەرێمن. 
 
چارەسەر چییە؟ 
 
لەپاش دەرچوونی بڕیارەكە تەنها دەرچەی یاسایی بەردەست دەرچواندنی یاسای نەوت و گازی فیدراڵییە بەجۆرێك ئەرك و مافی ناوەند و هەرێم و پارێزگا بەرهەمهێنەرەكانی تریش بەوردی دیاری بكات و لەوێدا سنوور بۆ دژیەكی مادە دەستورییەكان دابنرێت و رێگا لە تەفسیری تاكلایەنەش بگیرێت، بەڵام ئەمەش هەر ئاسان نییە و لەدوای 2007 وە سەرجەم هەوڵەكان شكستیانهێناوە بۆ ئەو مەبەستە، بۆ هەرێم كێشەیەكی تر هەیە كە لەپاش بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی هەڵوێستی لاوازتر بووە و سەقفی بۆ دانراوە.
 
لەدەرەوەی مشتومڕی سیاسی و حیزبی بەپێی ئاماژە و پێدراوەكان بەرژەوەندی گەلی كوردستان لەوەدایە فرۆشتنی نەوت فیدراڵی بێت بۆ گرەنتی كردنی نرخی جیهانی و ڕزگاربوون لە فرۆشتنی قاچاخ و گرێبەستی ناڕوون و ناشەفاف وەك ئەوەی ئێستا هەیە لەگەڵ كەڵك وەرگرتنی لە ئەزموونی كۆنی عێراق لەم بوارە، ئەمەش داواكارییەكی جەماوەری بەربڵاوە لە ئێستادا، بەڵام گرنگە ئەوە لەبەرچاو بگیرێت ئەم بەفیدراڵیكردنە نەبێتە هۆی ئەوەی بەغدا دەست بەسەر تەواوی دۆسییەی نەوتی هەرێمدا بگرێت وەك ئەوەی لایەنە ڕاستڕەوەكانی شیعە داوای دەكەن چونكە بەشكردنی دەسەڵاتەكان لە دەوڵەتی فیدراڵیدا مافە و سامانی سروشتی و وزەش تەنها كارتێكی بەهێزە بۆ مسۆگەركردنی مافە داراییەكانی خەڵكی كوردستان و ئەگەر نەوتەكەش نەما ئەوكات تەنها پاڕانەوە دەمێنێت.
 
 
 



Dengnet.net - 2024
دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە
ژمارەی سەردان 2,268,766     ژمارەی میوان 704