رێبوار محهمهد ساڵح*
1. بابەتی سەرەکی دانیشتنی ئەمرۆی پەرلەمان، هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار بو، لەکاتێکدا یەکێک لەکاندیدەکان دۆسیەکەی ههڵپهسێردراوه "تعلیق" کراوە، واتە ئەگەر ئەمڕۆ رێژهى یاسایی ئامادهبون "نصابی قانونى" بەدیبهاتایە، سەرۆک کۆمار هەڵدەبژێرا و چاوەڕوانی دۆسیەکەی هۆشیار زێباری نەدەکرا، ئەمەش نادروستە، دەبو دادگای فیدراڵی دانیشتنی ئەمرۆشی ههڵپهساردایه "تعلیق" بکردایە لە بڕیاری پشویدا، چونکە هێشتا ناوبراو دورنەخراوەتەوە هەربۆیە لە ئەگەری دەرچونی بڕیاری دادگا لەبەرژەوەندی ناوبرا بۆی دەبو کە تانە بدات لە هەڵبژاردنەكە و داوای دوبارەبونەوەی بکات.
2. هەر داوایەک یان تانەیەک ئاراستەی دادگای فیدراڵی دەکرێت، دەبێت سێ مەرجی سەرەکی تێدابێت، کە بریتین لە: "أهلیە، خصومه و مصلحه"، دادگای ناوبراو ئەرکییەتی تهئکید لە بونی ئەم سێ مەرجە بکاتەوە پێش قسەکردن لەسەر بابەتی داواکە.
3. لەسەر مەرجی "خصومه" لە بڕیاری پێشویدا دادگای فیدراڵی داوایەکی جێگری سەرۆکی پەرلەمانی (شاخەوان عهبدوڵڵا)ى رهد کردەوە.
4. لەسەر مەرجی بهرژهوهندی "مصلحه" لە چەندین بڕیاری پێشویدا دادگای فیدراڵی تهئکیدی کردوەتەوە کە دەبێت داواکار بهرژهوهندی "مصلحه"ی هەبێت لە داواکەیدا، جۆر و شێوازی ئەم بهرژهوهندیهى دیاری کردوە کە دەبێت "معلوم، حال، ممكن، محقق و مباشر" بێت، ئەمەش بەپشت بەستن بەمادەی 6ی یاسای دادبینی شارستانی کە دادگای فیدراڵی بۆ لایەنی شکڵی داوا کاری پێدەکات.
5- ئایا ئەندامانی پەرلەمان بهرژهوهندیان هەیە لە تانەدان لە کاندیدبونی سەرۆک کۆمار؟
چەندین بریاری دادگای فیدراڵی هەیە کە رێگەی داوە ئەندامی پەرلەمان تانە بدات لە نادەستوری بونی یاساکان و پێیوابوە مهرجی "مصلحه" بەدیهاتوە، بەڵام بۆ پرسی سەرۆک کۆمار تا ئێستا بڕیارێکی تایبەت بەم پرسە لە دادگای فیدراڵیەوە دەرنەچوە.
6. بەڕێز دادوەر: مدحهت مهحمود، سەرۆکی پێشوی دادگای فیدراڵی، لە کتێبێکیدا دەڵێت: مەبەست لە مەرجی "مصلحه"، سودێكى كرداریی "فائیدەیەکی عملییە" کە داواکار بەدەستی دێنێت لە ئەنجامی بردنەوەی داواکەدا.
7. سەرنجی ئێمە لەسەر کەیسی هوشیار زێباری و تانەی ئەندامانی پەرلەمانان ئەوەیە کە لە روی بابەتییەوە کەیسەکە دەچێتە ژێر حوکمی بڕگەی سێی مادەی 68ی دەستورەوە و پێشتر بە وردی باسمان کردبو پێش دەرچونی بریاری دادگا بە "تعلیق" کردنی کەیسی هۆشیار زێباری، بەڵام لە روی شکلیەوە بەتایبەت لەسەر مەرجی "مصلحه" پێمانوایە ئەندامانی پەرلەمان ئەو جۆرە بهرژوهندیهیان نیە کە لە یاسا و لە بڕیاری پێشوی دادگادا باس کراوە و واته مصلحهتهكهیان "مصلحهتێکی عملی" نیە بەمانای یاسایی، بۆیە یەکێک لە ئەگەرەکان رهدکردنەوەی داوای ئەندامانی پەرلەمانە، نەک لەبەر شایستەبونی هوشیار زێباری، بەڵکو رهدکرنەوەکە شکڵی دەبێت بە پاساوی نەبونی "مصلحه" و پێش داخل بون بە ناوەڕۆکی کەیسەکە.
8. ئەو لایەنەی بهرژهوهندی تایبەتی هەیە لەتانەدان لە شایستەبونی ناوبراو بۆ سەرۆک کۆمار، کاندیدە رکابەرەکانی سەرۆک کۆمارن، هەروەها حیزبی رکابەر "مصلحه"ی یاسایی تەواوی لەم پرسەدا و لە رێگەی نوێنەری رێگەپێداوی خۆی و بەناوی حیزبەوە، نەک ئەندامانی پەرلەمان، چونکە ئەندامانی پەرلەمان بە سیفهتى كهسى "شخصی" و نوێنەرایەتی گشتی تانەیان داوە.
* مامۆستاى زانكۆ/ پسپۆڕی یاسا