دادگای فیدراڵی و هەڵوەشانەوەی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی پەرلەمان

2022/01/19 - 07:46 | 1158 جار بینراوە    
 
رێبوار محه‌مه‌د ساڵح* 
 
ئەمرۆ دادگای باڵای فیدراڵی بۆ یەکلایکردنەوەی دوو سکاڵای تایبەت بە نادەستوری بوونی دانیشتنی یەکەمی پەرلەمان و هەڵوەشانەوەی هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان دادبینی ئەنجامدا، بەڵام بەبێ ئەنجام دانیشتنی دادگا بۆ رۆژی (25/1/2022) دواخرا.
 
گرنگترین پاساوی سکاڵاکان بریتی بوون لەوەی کە سەرۆکی پەرلەمان بەتەمەن (رئیس السن) دەستدرێژی کراوەتە سەر و ئەمەش بوەتە هۆی بوورانەوە و رەوانەکردنی بۆ نەخۆشخانە و ناوبرا و پێش دەرچوونی لە پەرلەمان دانیشتنەکەی کۆتایی پێهێناوە، پاشان ناوبرا و دەیویست خۆی کاندید بکات بۆ سەرۆکی پەرلەمان، بەڵام ئەم هۆکارانە رێگربوون. سەرەرای ئەوەش کە باسکرا، بەڵام دانیشتنەکەی پەرلەمان بەردەوام بوو و دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان هەڵبژێردرا و سەرۆکی بەتەمەن لەمافی خۆپاڵاوتن بێبەش بووە، بۆیە داوا لە دادگای باڵا کراوە دانیشتنەکە بە نادەستوری دابنێ و بەمەش پەرلەمان دەگەرێتەوە بۆ پێش هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتی و جارێکی تر هەڵبژاردن بکرێ بۆ دەستەیەکی نوێ.
 
لە دانیشتنی ئەمرۆدا پارێزەرانی داواکاران (مه‌حمود مه‌شهه‌دانى و باسم خه‌شان) تا رادەیەکی زۆر لاوازبوون لە خستنەڕووی بەڵگە یاساییەکان و شێوازی دەربرینی بەڵگەکانیان، بۆ نمونە پارێزەری یەکێک لە ناوبراوان ناوەڕۆکی سکاڵانی لەبیرنەبوو بۆیە کەوتە هەڵەیەکی یاساییەوە و وتەکانی دژیەک بوو لەگەڵ ناوەرۆکی داوا نوسراوەکەدا، ئەمە سەرەڕای ئەوەی لە رێكخستنى "ترتیبی" داواکان و بەندە یاساییەکان دا ورد "دقیق" نەبوون، بۆیە هەرزوو لایەنی بەرامبەر، ئەو دژیەکییەی بۆ دادگا روونکردەوە و لە پەراوی دادبینییەکەدا ئاماژەی پێدرا.
 
سەبارەت بە یەکلایی کردنەوەی کوتلەی زۆرینەی پەرلەمان کە بریکاری سکاڵاکاران باسیان لێوە کرد، بۆ ئەمە دەڵێین پێش ئەوەی ئەوە یەکلایی بکرێتەوە کە ئایا مه‌حمود مه‌شهه‌دانی (رئیس السن) دەسەڵاتی وەرگرتنی ئەو داوایەی هەبووە یان نا، کە ئەمە خیلافی لەسەرە لە نێو یاساناساندا، بەڵام ئێمە پێمان وایە پرسی کوتلەی زۆرینە بریتیە لەو کوتلەیەی کە زۆرترین کورسی پەرلەمانی بەدەستهێناوە لە هەڵبژاردندا، هەروەها یاسای نوێی هەڵبژاردن لە مادەی (45) هاتووە رێگری کردووە لە دوای هەڵبژاردن گواستنەوە و یەکگرتن لە نێوان کوتلە و لیستەکاندا بکرێت تاکو پێکهێنانی حکومەت، ئەم مادەیە بۆ ئەوە دانراوە ئەم را جیاییە دروست نەبێ، چونکە لە خولەکانی پێشوودا بەیاسا رێگە درابوو بە یەکگرتن و دروستکردنی هاوپەیمانێتییەکان ته‌نانەت پێش پێکهێنانی حکومەت، ئەمەش چەندیدنجار کێشەی یاسایی و سیاسی دروست کردووە، بۆ نمونە لە ساڵی 2010 و ساڵی 2014 سەرۆک کۆمار داوای رای دادگای فیدراڵی کردووە بۆ روونکردنەوەی ماوەی 76ی دەستور تایبەت بە دیاریکردنی کوتلەی زۆرینە، دادگاش بە دوو بریار لە ساڵی 2010 و ساڵی 2014 چۆنیەتی دیاریکردنی کوتلەی زۆرینەی روونکردۆتەوە، بەڵام دوای دەرچونی یاسای نوێی هەڵبژاردن و جێگیرکردنی مادەی 45 کە باسکرا، ئێمە پێمان وایە ئەمجارە جیاواز لەو دوو بڕیارەی پێشوو، دادگای باڵا ته‌فسیرێکی تری دەبێت بۆ کوتلەی زۆرینە و پێمان وایە لە بەرژەوەندی کوتلەی سه‌دری ته‌فسیر بکرێت، هەرچەندە ئەم پرسە نابێت تیكەڵ بکرێت لەگەڵ پرسی شه‌رعیەتی هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتی دا، چونکە دوو پرسی جیاوازن و دەکرێ بە سەربەخۆیی تانەی لێبدرێ لای دادگای فیدراڵی بەپێی مادەی 93ی دەستور و مادەی 4 لە یاسای دادگای فیدراڵی.
 
پێشبینی دەکرا دادگای فیدراڵی ئەمرۆ بریاری کۆتایی بدایە، چونکە بەڵگە یاساییەکان بۆ یەکلایکردنەوەی سکاڵاکان کافین و ئەو ده‌فعانەی خراونەتە روو کاریگەر نابن لەسەر ئەنجامی کۆتایی، بۆ نمونە ئەگەر ساكاڵاکار دەستدرێژی کرابێتە سەر ئەمە هیچ لە پرسی دەستوری بوون یان نەبوونی دانێشتنەکە ناگۆرێ، ئەوە تاوانێکە (جریمە مشهودە)یە و دەبێت سەرۆکایەتی پەرلەمان رێکاری خۆی بگرێتەوە بەر و ناچێتە چوارچێوەی دەسەڵاتی دادگای باڵاوە، هەروەها پرسی خۆکاندیدکردنی مه‌حمود مه‌شهه‌دانی لە خودی داواکەدا یەکلایی کراوەتەوە وەک پێشتر باس کرا. هەروەها پرسی کوتلەی زۆرینە دەکرێت بەسەربەخۆیی تانەی لێ بدرێ، هەربۆیە پێویست بوو پشت بەست بە مادەی (5) ی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان و مادەی (54) و مادەی (93)ى دەستوری عێراق و بەندەکانی یاسای دادگای فیدراڵی، داواکان ره‌د بکرایەتەوە.
 
 
* مامۆستای زانکۆ
 
 
 



Dengnet.net - 2024
دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە
ژمارەی سەردان 2,256,721     ژمارەی میوان 2291