دهنگ نێت- رێناس ساڵح
٨٥٪ کرێکارو پیشەوەرانی کەلار دەستبەرداری ئەو پرۆژە نیشتەجێبونه بون کە بۆیان دروست دەکرێت، کە بهشێكیان نرخەکەی زیاتر لە ٨٠,٠٠٠ دۆلارە، بەرپرسی لقی گەرمیانی سەندیکاری کرێکاران و پیشەوەرانی کورستان ئاماژە بەوەدەکات: "بەم هۆیەوه کرێکارو پیشەوەرانە بۆ هەمیشە بێبەش دەبن لە پرۆژهی نیشتەجێبون.
پرۆژەی بانستی کە لە (٨١٠) یەکەی نیشتەجێبون پێکهاتوە تایبەته بە کرێکارو پیشەوەران لە کەلار دەست بەدروستکردنی کراوە، یەکەکانی پرۆژەکە پێکهاتون لە خانوی یەک نهۆمی بە نرخی(٥٠,٠٧٥$)و دو نهۆمی بە نرخی (٨٠,٠٦٧$) پرۆژەکە لە ساڵی ٢٠١٩ بەردی بناخەی دانراوە، لە ئێستادا (٥٥٪)ی کارەکانی تەواو بوە بڕیارە بۆ ساڵی داهاتو کارەکانی تەواوبێت، قیستەکانی یەکەکانیش بە هەشت قیست دیاریکردوە کە دەبێت سودمەندبو ٦٠٪ نرخی تێچوەکەی بدات پاش رادەستکردنی یەکەکان سودمهندبو دەبێت بۆ ماوەی شەش ساڵ بە مانگانەی ٣٠٠$ قیستەکەیان بدەن.
بەرزان ئیبراهیم، تەمەن ٣٥ ساڵ، پیشەی کرێکارە لە عهلوەی کەلار، ماوەی ٢٠ ساڵە دەستی بەکارکردوە، ئەو دەڵێت: "ئەو کاتەی یەکەکەم بۆ دەرچو زۆر دڵم خۆشبو وتم حەتمەن پارەیەکی رەمزیمان لێوەردەگیرێت، بەڵام کە چوم بۆ گرێبەستەکە بینم (١,٠٠٠$) بۆ وهرگرتنى تەنانەت من ئەو پارەشم نەبو ناچار قەرزم کرد، دواتر وەک دەستپێک دەبو بۆ ئەساسکردنی خانوەکە (٥,٠٠٠$) بدەم، بۆیە ناچار بڕیارمدا بیفرۆشم".
ئەمە لە کاتیکدایە بەرزان، لە خانوی کرێدایە و دەبێت مانگانە (١٨٠,٠٠٠)دینار کرێ خانوەکەی بدات، لە کاتێکدا رۆژانەی کارەکەی ١٥ هەزار دینار تێپەڕ ناکات لە گەڵ ئەوەشدا ماوەی پێنج مانگ جارێک ٥,٠٠٠$ بدات بۆ قیستی ئەو یەکەیهی بۆی دەرچوبو.
عەدنان بەرزنجی، سەرۆکی لقی گەرمیانی سەندیکای کرێکاران و پیشەوەران، ئاماژە بەوەدەکات ئەو گرێبەستە کە لەگەڵ کۆمپانیاى بامۆک کراوە، جێگیرە و گۆڕانکاری تێدا ناکرێت. ئەو وتی: "ئەم کارە پێش من کراوە بەڵێ منیش رەخنەم لە نرخەکەی هەیە، کرێکار ئەو پارەیەیەی نیە، بەڵام ئەوە گرێبەستەی کراوە تازە گۆڕینی نیە، پێش واژۆکردنی گرێبەستەکە لە گەڵ کۆمپانیای جێبەجێکار سەندیکا دەیتوانی رەزامەند نەبێت".
بەرپرسەکەی سەندیکا باسیلەوەکرد: کە ٨٥٪ سودمەندبوانى یەكهکان پسوڵەکانیان فرۆشتوە، بە (٤,٠٠٠$ بۆ ٤,٥٠٠$) بەمەش لەبری ئەوەی ببنە خاوەن خانوی خۆیان بۆ هەمیشە بێبەشبون لەو هەلەی سودمەند بن.
لە گەرمیان زیاتر لە ٢٠,٠٠٠ هەزار کرێکار و پیشەوەر لە سەندیکای کرێکاروان و پیشەوەران ناویان تۆمارکراوە بە وتەی عەدنان بەرزنجی، لەو ژمارەیە ئەم پرۆژەیە سودی بۆ (١٪)یان هەبوە.