لە ناحیەکی گەرمیان ژنان نانەواخانەکان بەڕێوە دەبەن

2021/12/11 - 02:20 | 1161 جار بینراوە    
 
ژاڵە عوبێد- نه‌وژین
 
سەرەتای رۆژێکی نوێیە بۆنی نانی گەرمی لە نانەواخانەکەی سەعدییە، سەرنجی خەڵکی بەلایخۆیدا راکێشاوەو بە ریز وەستاون تاوەکو چەند نانێکی گەرم بۆ ژەمی بەیانی ببەنەوە، ئەمە لە ناحیەیەکی ئیدارەی گەرمیانە کە ژنان تاوەکو ئێستا لەو قۆناغەدان کە کۆمەڵگا روبەڕویان دەبێتەوە کاتێک دەیانەوێت دەست بۆ کارێکی سەربەخۆ ببەن.
 
سەعدییە محەمەد، تەمەن (٤٧) ساڵ دانیشتوی ناحیەی رزگاری سەر بە قەزای کەلارە، ماوەی چوار ساڵە کاری نانکردن دەکات لە نانەواخانەدا ئەو دەڵێت: "سەرەتا لای کەسێک شاگرد بوم، دواتر پەرەم بە کارەکەم دا زۆر دڵخۆشم کە کاری خۆم هەیە چونکە ئەرکی بەخێو کردنی خێزانەکەمم لە ئەستۆدایە، و سەربەرزم بە کارەکەم".
 
ساعدیە دایکی پێنج منداڵە وەک خۆی باسی لێوەکرد دوای تەواوکردنی کارەکەی لە نانەواخانەکەی دەگەڕیتەوە کارەکانی ماڵەوەش دەکات.
 
مامۆستا ئاریان، لە ریزدای کڕیارانی نانەواخەکەی سەعدییە وەستابو خەریکی ژماردنی نانەکانی بو بۆ نەوژین قسەی کرد و وتی: هەر لەلای خاتو سەعدیە نان دەکڕم، چونکە نانەکەی هەم جوانە و هەمیش دڵنیام لە پاکو خاوێنی.
 
ئەگەر سەعدییە دایک بێت و ئەرکی بەخێوکردنی منداڵەکانی لە رێگەی نانەکردنەوە پەیدابکات ئەوا شلێر حەمەجانی،(٣٥) ساڵ تەمەنی گەنجی خۆی لە بەخێوکردن و گەورەکردنی خوشک و براکانیان بەسەر بردوە.
 
ئەو بەدەم نانکردنەوە بۆ نەوژین وتی:  "ساڵانێک دەبێت دایک و باوکم وەفاتیان کردوە، سێ خوشک و سێ برام هەیە، ئەرکی بەخێو کردنییان لە ئەستۆی مندایە". زیاتر وتی: "من سەربەرزم کە دەتوانم بەئارەقی نێوچاوانی خۆم پارەی گیرفانم پەیدا بکەم بۆیە ماوەیەکی زۆرە بە نانکردن توانیومە بژێوی ژیانمان دابینبکەم".
 
حاجی خاوەری تەمەن (٧٠) یەکێکی ترە لە کڕیارەکانی و وتی: ئەم ژنانە ئازای خۆیان پارە پەیا دەکەن، ئینجا ئیشیان زۆر جوانە خوا هەڵناگرێت".
 
 
لەناو ناحیەکە (٥٣) ژن مۆڵەتی کاری سەربەخۆیان وەرگرتوە. جەمال ساڵح، بەڕێوبەری ناحیەی رزگاری بە نەوژینی راگەیاند : ئەوەی بە فەرمی لای ئێمە تۆمارکراوە (٥٣) ژن مۆڵەتی کاری سەربەخۆیان وەرگرتوە، بێگومان ژنانی کارکەر لەو رێژەیە زیاتر هەن کە کاردەکەن بەڵام مۆڵەتیان نییە".
 
سەبارەت بە وەرگرتنی مۆڵەتی کاکردن، هەندێک لەو ژنانەی کاری نانکردن دەکەن ناتوانن بە دەمییەوە بچن چونکە تێچوی هەیە.
 
یەکێک لەو نمونانە سوعاد حسێنە، بەهۆی باری خراپی ژیانیەوە سوعاد، رۆژە رۆژە دێت لە دوکانێکدا نان دەکات. لەلای خزمێکایان کە ئەویش هەر کاری نانکردن دەکات.
 
سوعاد، بۆ نەوژین وتی: هاوسەرەکەم وەفاتی کردوە، باری گوزەرانمان باش نییە، کارکردنم یارمەتیەکی باشم دەدا لە هەڵسوڕانی بژێوی خۆم و منداڵەکانم من هەمو رۆژێک نایەمە دوکان، ئەو رۆژانەی کە دێم چەنێک نان بکەم، حەقی خۆم وەردەگرم.
 
کە نیوەڕۆی لێ هات، سەعدیە دوکانەکەی دادەخات و ئەو بڕە پارەی لە ماوەی کارکردنەکەیدا دەری هێناوە، دەیدا بە خواردن وپێداویستی و دەگەڕێتەوە ماڵەوە.
 
 

 




Dengnet.net - 2024
دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە
ژمارەی سەردان 2,268,768     ژمارەی میوان 702