ئیداره‌ی گه‌رمیان پاشه‌كشێ بۆ پێشه‌وه‌

2021/11/11 - 05:01 | 1106 جار بینراوە    
 
میقداد كوردۆس
 
ماوه‌یه‌كی زۆر دوور نیه‌ بابه‌تی ده‌سه‌ڵات خۆیی (لامركزی ده‌سه‌ڵات) بۆ پاریزگا و ئیداره‌ سه‌ربه‌خۆكان به‌ شێوه‌یه‌كی به‌رچاو له‌ ژێر ناونیشانی شۆڕكردنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاته‌كان بۆ فه‌رمانگه‌ خوجێیه‌كان گه‌نگه‌شه‌ ده‌كرا، ڕاسته‌ ئه‌و كاته‌ كه‌شێكی سیاسی پاڵنه‌ر هه‌بوو بۆ ووروژاندنی ئه‌و جۆره‌ بابه‌تانه‌ ،به‌ڵام من هه‌ر ئه‌و كاته‌ش پێم وابوو كه‌ پارێزگاری كردن له‌ ئه‌رك و ماف و ده‌سه‌ڵاته‌كانی ئه‌و كاته‌ی ئیداره‌ی گه‌رمیان و هه‌وڵی به‌ ئامانج گه‌یاندنی زۆر به‌ ئاكامتر ده‌بێت له‌وه‌ی داوای ده‌سه‌ڵاتی زیاتر بۆ ئیداره‌ سه‌ربه‌خۆكه‌ بكرێت، ئێستا نه‌ك هه‌ر ئه‌و هه‌وڵه‌ سه‌ری نه‌گرت بگره‌ هه‌نگاوێكی پاشه‌كشێ بۆ پێشه‌وه‌ به‌ كه‌مكردنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاته‌كانی ئیداره‌ی گه‌رمیان له‌ قۆناغی جێبه‌جێكردندایه‌ . ئه‌م هه‌نگاوه‌ له‌ ڕواڵه‌ت دا ڕێكخستنه‌وه‌ و گورج كردنه‌وه‌ی په‌یكه‌ری ئیداره‌ سه‌ربه‌خۆ كانه‌ به‌مه‌به‌ستی كه‌م كردنه‌وه‌ی خه‌رجیه‌كان ، به‌ڵام بۆ كه‌سانی شاره‌زا و وابه‌سته‌ به‌ چوارچێوه‌ی ده‌سه‌ڵاته‌كانی ئیداره‌ سه‌ربه‌خۆكان ڕوونه‌ كه‌ ئه‌مه‌ هه‌نگاوێكی خۆ بازدانه‌ به‌سه‌ر دیفاكتۆی هاوتا بوونی ئیداره‌ سه‌ربه‌خۆكان له‌گه‌ڵ هه‌رچوار پارێزگاكه‌ی هه‌رێم له‌ڕووی ده‌سه‌ڵات و پێگه‌دا ، هه‌روه‌ها جۆرێكه‌ له‌ په‌شیمان بوونه‌وه‌ی به‌رپرس و لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندی داره‌كان له‌ پاڵنه‌ری پشت فه‌رمانه‌كانی پێشوویان كه‌ تایبه‌ت مه‌ندی پارێزگای ده‌به‌خشییه‌ ئیداره‌كانی گه‌رمیان و ڕاپه‌ڕین . 
له‌وانه‌یه‌ پشتیوانانی ئه‌م گۆڕانكارییە كه‌ له‌ په‌یكه‌ری ئیداره‌ی گه‌رمیان كراوه‌ هاوڕا نه‌بن له‌گه‌ڵم له‌ ڕوانگه‌ی ئه‌وه‌ی بڵێن سه‌رباری گۆڕانكارییه‌كان هێشتا ئیداره‌ی گه‌رمیان هه‌مان ئه‌رك و كاره‌كانی جارانی به‌ ئاسانی به‌ڕێوه‌ده‌بات و هیچ پێویست به‌ هه‌ڵوێست وه‌رگرتن ناكات .
لێره‌دا من به‌گرنگی ده‌زانم ئاماژه‌ به‌وه‌ بكه‌م هه‌رهه‌نگاوێك به‌مه‌به‌ستی ڕێكخستنه‌وه‌ و گورجكردنی فه‌رمانگه‌كان و كه‌مكردنه‌وی خه‌رجیه‌كان هه‌بێت پشتگیری لێ ده‌كه‌م به‌ڵام به‌جۆرێك كه‌ جیاكاری له‌ نێوان پارێزگا و ئیداره‌ سه‌ربه‌خۆكان نه‌كرێت وه‌ ڕاست وایه‌ هه‌رجۆرێ له‌و هه‌نگاوانه‌ بنرێت له‌پێشا له‌ پارێزگاكان ده‌ست پێ بكات به‌و پێیه‌ی له‌ ئه‌گه‌ری هه‌بوونی هه‌مواركردنه‌وه‌ی په‌یكه‌ری پارێزگاكان ئاڵنگاری زیاتر له‌وێ ڕووده‌دات له‌وه‌ی له‌ ئیداره‌ سه‌ربه‌خۆكان ڕوو بدات ، له‌ لایه‌كی تره‌وه‌ دووجۆری له‌ شێوازی كاركردن له‌ په‌یكه‌ری فه‌رمانگه‌كانی یه‌ك وه‌زاره‌ت دا له‌وانه‌یه‌ زۆر شیاو نه‌بێت گه‌ر فه‌رمانگه‌كان هه‌مان ده‌سه‌ڵات و پێگه‌ی ئیدارییان هه‌بێت وه‌ به‌پێچه‌وهانه‌ ئه‌وه‌ ئاراسته‌كه‌ بۆ ئه‌وه‌ ده‌ڕوات ئیداره‌ سه‌ربه‌خۆكان له‌ پارێزگاكان جیا بكرێته‌وه‌ گه‌ر واش بێت ئه‌وا نه‌ك هه‌ر كه‌م كردنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاته‌كان ده‌بێت به‌ڵكو لێسه‌ندنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاته‌كانه‌ له‌ دیفاكتۆ وئیدارە سه‌ربه‌خۆكانی گه‌رمیان و ڕاپه‌ڕین ، ئه‌مه‌ بێجگه‌ له‌وه‌ی ئه‌م هه‌نگاوه‌ له‌ هه‌نێ ڕوه‌وه‌ دژ به‌ فه‌رمان و ڕێنمایه‌ كارپێكراوه‌كانی هه‌رێمی كوردستان ده‌وستێت به‌تایبه‌ت ڕێنمایه‌كانی په‌یوه‌ند به‌ پرۆسه‌ی گرێبه‌ست و ته‌نده‌رین، کاتێ بە بێ پیاچوونەوەیەکی وورد بەڕێوەبەرایەتی گرێبەستەکان دەکرێتە بەشێکی بچووک لە کاروباری یاسایی ئێدارەی گەرمیان ئەمەش وادەکات هەنگاو بنرێت بۆ لێوەرگرتنەوەی دەسەڵاتی بانگەوازکردن و ئەنجامدانی پرۆسەی تەندەری. دواتر دەبێتە ڕێخۆشکەر بۆ ئەوەی پرۆژەکانی ئیدارەی گەرمیان لە پارێزگاکان و ناوەندی پارێزگاکان بانگەوازی بۆ بکرێت نەک لە ناوەندی ئیدارەی گەرمیان. 
 
به‌نده‌ هه‌رچه‌ند پێم وایه‌ ئه‌و هه‌نگاوه‌ به‌ تێر و ته‌سه‌لی پیا هه‌ڵچونه‌وه‌ی له‌سه‌ر نه‌كراوه‌ به‌ڵام گه‌ر وای دابنێین له‌ ئه‌نجامی دروست بوونی دوو ئیداره‌ی سه‌ربه‌خۆی تر ( زاخۆ + سۆران ) هه‌وڵدراوه‌ ئیداره‌ سه‌ربه‌خۆكان له‌ چوارچێوه‌یه‌ك كۆبكرێته‌وه‌ وه‌ له‌ ئه‌نجامدا ئه‌م هه‌نگاوه‌ نراوه‌ ، بۆیه‌ پێویسته‌ ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ بكه‌م ناكرێت ته‌نها له‌بەر هه‌نگاوێكی له‌وشێوه‌ هه‌نگاو بنرێت بۆ بچووك كردنه‌وه‌ی ئیداره‌كانی تر كه‌ به‌ فه‌رمان و دیفاكتۆ له‌ ڕیزی پارێزگاكانی تر بوونه‌ له‌ كاتێكدا هه‌ر هه‌مان پاڵنه‌ر و فاكته‌ره‌كانی پێشوو به‌رقه‌رارن كه‌ ده‌سه‌ڵاتی ئه‌و ئیداره‌سه‌ربه‌خۆیانه‌ بمێنێته‌وه‌.
لێره‌دا به‌ گرنگی ده‌زانم داوا له‌ نوێنه‌رانی خه‌ڵك له‌ په‌رله‌مانی كوردستان و ئه‌نجومه‌نی پارێزگاکان بکەم هه‌نگاو بنێن بۆ فه‌رمووله‌كردنی یاسایه‌ك یان په‌یڕه‌وێك بۆ ئیداره‌ سه‌ربه‌خۆكان بۆئه‌وه‌ی هیچ جۆره‌ هه‌نگاوێكی پاشه‌كشێ بۆ پێشه‌وه‌ به‌لێسه‌ندنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاته‌كان له ئیداره‌ سه‌ربه‌خۆ كان له‌لایه‌ن كه‌سه‌كانه‌وه‌ نه‌نرێت .
له‌وانه‌یه‌ كه‌سێك پرسیار بكات به‌رگری كردن له‌م بابه‌تانه‌ بۆ من باسی بكه‌م ئه‌ی به‌رپرسه‌ ئیداریه‌كان له‌ كوێی ئه‌م باسه‌دان ؟ 
من ئه‌زانم هه‌ر كه‌سێكیان له‌ گۆشه‌نیگایه‌كه‌وه هه‌وڵیانداوه‌ بۆ چاره‌سه‌ركردنی ئه‌و بابه‌ته‌دا به‌ڵام هه‌روه‌ك چۆن ده‌ڵێن مشت نمونه‌ی خه‌رمانه‌ به‌ڕای به‌نده‌ لێهاتوویی و دڵسۆزی به‌رپرسه‌ ئیداریه‌كانی گه‌رمیان له‌م جۆره‌ هه‌ڵوێستانه ده‌رده‌كه‌ون كه‌ شایان به‌و شوێنه‌ن  پارێزگاری له‌ پێگه‌ وبه‌رژه‌وندی گه‌رمیان بكه‌ن یان نه‌ .
هه‌روه‌ها من بۆ پشتیوانی چه‌ند فه‌رمانبه‌رێكی كارامه‌ و لێهاتووی ناو ئیداره‌ی گه‌رمیان كه دڵسۆزانه‌ كاریان بۆ مانه‌وه‌ی پێگه‌ی ئیداری خۆیان ده‌كرد ئه‌م بابه‌ته‌ گشتیه‌م خستۆته‌ پێش چاو جه‌ماوه‌ر بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌وانیش هاوشێوه‌ی ئه‌و فه‌رمانبه‌ره‌ دڵسۆزانه‌ به‌رگری له‌ پێگه‌ی ئیداره‌كه‌یان بكه‌ن .
له‌ كۆتادا به‌ لێسه‌ندنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاته‌كان با وه‌ك ئه‌و قه‌له‌ڕه‌شمان لێ نه‌یه‌ت كه‌ ویستی خۆی بكات به‌كه‌ناری ده‌نگی خۆی خۆش بكات به‌ڵام نه‌ بوو به‌كه‌ناری نه‌ به‌قه‌له‌ڕه‌شیش ماوه‌ته‌وه‌ 
 
 
 
 



Dengnet.net - 2024
دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە
ژمارەی سەردان 2,256,851     ژمارەی میوان 2420