سه‌در بۆ ده‌نگى يه‌كه‌مى به‌ده‌ستهێنا

2021/10/20 - 11:36 | 851 جار بینراوە    
 
محه‌مه‌د عه‌لی وه‌لی
 
به‌پێى ئه‌نجامى هه‌ڵبژاردنه‌كانى 10ى ئۆكتۆبه‌ر، سه‌در له‌ناو هه‌موو هێزه‌ عێراقييه‌كاندا ده‌نگى يه‌كه‌م و زۆرترين كورسى په‌رله‌مانى به‌ده‌ستهێنا، بێگومان سه‌ركه‌وتنى سه‌در و ره‌وته‌كه‌ى له‌ خۆڕا و به‌هه‌وانته‌ نييه‌..
 
سه‌در وه‌ك ئه‌وه‌ى له‌ هه‌موو كابينه‌كانى حكومه‌تى عێراق و ئه‌م چه‌ند كابينه‌يه‌ى دوايى به‌شدار و ياريكه‌رێكى ديار و كاريگه‌رى پێكهێنانى حكومه‌ت بووه‌، به‌و پێيه‌ش به‌شداره‌ له‌ هه‌موو نه‌هامه‌تييه‌كانى خه‌ڵك و به‌رپرسه‌كانى ره‌وته‌كه‌شى به‌ تێوه‌گلان له‌ گه‌نده‌ڵى بێبه‌ش نه‌بوون، به‌ڵام بۆ شاردنه‌وه‌ى كه‌موكورتى ئه‌م به‌شداريكردنه‌ و تێوه‌گلانى نوێنه‌رانى له‌ حكومه‌ت، سه‌در و ره‌وته‌كه‌ى به‌ ئاشكرا پاڵثشتى هيچ كانديدێكى خۆيان له‌ناو حكومه‌ت نه‌كردووه‌، بگره‌، له‌ هه‌ندێك بڕگه‌ى پرۆسه‌ى سياسى وشكستى ئيداره‌دان و سياسه‌تى وڵاتدا موقته‌دا سه‌در سه‌رۆكى حكومه‌تى فيدرالى و خۆجێيه‌كانى ده‌ستكراوه‌ و پاڵپشتى ئه‌نجومه‌نه‌كانى كردووه‌، سزاى به‌رپرسه‌ حكومييه‌كانيان بده‌ن، ئه‌گه‌ر به‌ گه‌نده‌ڵى تێوه‌گلان، ياخود كه‌موكوڕى هه‌بوو له‌ كاره‌كانياندا، به‌ده‌ر له‌و لێپرسينه‌وانه‌ى په‌رله‌مان و ئه‌نجومه‌نى پارێزگاكانى له‌گه‌ڵ به‌رپرسانى ره‌وتى سه‌در له‌ ناو حكومه‌ته‌كاندا كردوويانه‌، سه‌در خۆى بۆ خۆى لێپرسينه‌وه‌ و سزاى قورسى هه‌بووه‌ بۆ ئه‌و كه‌سانه‌ى له‌ گه‌نده‌ڵى تێوه‌گلاون و زۆرينه‌شى له‌ ره‌وته‌كه‌ ده‌ركردوون.
 
خاڵى جه‌وهه‌رى سه‌ركه‌وتنى سه‌در و ره‌وته‌كه‌ى له‌ هه‌موو هه‌ڵبژاردنه‌ يه‌ك له‌دواى يه‌كه‌كانى عێراقدا، مه‌يدانى بوونى خودى موقته‌دا سه‌در بووه‌، به‌جۆرێك سه‌در له‌ خۆپيشاندانى ساڵانى رابردوودا چادرێكى له‌ناوچه‌ى سه‌وز هه‌ڵدا، به‌بێ "پاسه‌وانێكى ديار" له‌ نه‌جه‌ف رۆيشته‌ ناو خۆپيشانده‌ران، به‌تاكسییه‌كی سه‌رجاده‌ وه‌ك هه‌ر هاوڵاتییه‌ك ده‌ڕواته‌ نووسینگه‌ی گه‌وره‌ مه‌رجه‌عی باڵای شیعه‌كان "عه‌لی سیستانی" له‌نه‌جه‌ف, به‌ ئۆتۆمبيلێكى كۆن، "ئه‌و ئۆتۆمبيله‌ى باوكى تيادا كوژرا" ده‌ڕواته‌ ده‌نگدان. هيچ خواستێكى جه‌ماوه‌رى و داوايه‌كى خۆپيشانده‌رانى عێراق نه‌بووه‌، سه‌در به‌خۆى و هه‌ژماره‌كه‌ى له‌ تويته‌ر له‌ پێشه‌وه‌ى داواكاره‌كانه‌وه‌ نه‌بووبێت، هه‌ميشه‌ نه‌ك له‌گه‌ڵ خواستى خه‌لك به‌ڵكو پێش داواى خه‌ڵك ئه‌و داواى گۆڕانكارى كردووه‌، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ى به‌شدار بووه‌، هه‌ميشه‌ ئۆپۆزسيۆنێكى كاراى دژى حكومه‌ت بووه‌ و له‌به‌ره‌ى خۆپيشانده‌راندا بووه‌، هيچ دڵى هيچ به‌رپرسى حزبى و حكومى له‌ عێراقدا، رانه‌گرتووه‌ له‌سه‌ر حسابى توڕه‌يى خه‌ڵك، بگره‌ هه‌ميشه‌ دژى به‌رپرسى و ده‌سه‌ڵاتدار بووه‌، له‌به‌رامبه‌ر خه‌ڵكدا، خۆى به‌ داكۆكيكارى مافخوراوان نيشانداوه‌. سه‌ربارى ئه‌و تێكه‌ڵبوونه‌ى سه‌در، هه‌ميشه‌ خۆى له‌ ئاستى دانوستان و گفتوگۆكانى پێكهێنانى حكومه‌ت به‌رزتر گرتووه‌، كه‌سانێكى بۆ دانوستانه‌كان دياريكردووه‌، به‌مه‌ش هه‌م هۆى له‌وه‌ گه‌وره‌ترداناوه‌ بچێته‌ دانوستانه‌وه‌، هه‌م خۆى به‌دورگرتووه‌ له‌وه‌ى شكستى حكومه‌ت بكرێته‌ مل ئه‌و.
 
سه‌در له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ى خاوه‌نى جه‌ماوه‌ر و ده‌نگدرانێكى عاتفييه‌، خاوه‌نى رێكخستنێكى تۆكمه‌ و گوێڕايه‌ڵى باشه‌، به‌جۆرێك له‌ ئه‌نجامى رووماڵى راى رێكخستنه‌كاندا زانيويه‌تى ئاستى ئاماده‌باشى رێكخستنه‌كانى بۆ هه‌ر پرۆسه‌يه‌كى هه‌ڵبژاردن يان خستنيانه‌ سه‌رشه‌قام زانيوه‌، بۆيه‌ له‌ هه‌ر بڕيارێكدا بێ دودڵى ئاستى گوێڕايه‌ڵى رێكخستن و شوێنكه‌وتوانى زانيوه‌، ئه‌وه‌ش وايكردووه‌، سه‌در به‌ئاسانى بڕياره‌كانى بدات، له‌ نمونه‌ى ئه‌وه‌ى پێش هه‌ڵبژاردن بڕيارى به‌شدارى نه‌ركردنى هه‌ڵبژاردن بدات، دواتريش بڕياره‌كه‌ى هه‌ڵوه‌شانده‌وه‌ و به‌شداريكرد، به‌بێ ئه‌وه‌ى يه‌ك ناڕه‌زايه‌تى له‌ناوخۆى ره‌وته‌كه‌ و جه‌ماوه‌ره‌كه‌يه‌وه‌ ببينرێت يان ببيسترێت.
 
موقته‌دا سه‌در چ وه‌ك خۆى و چ وه‌ك ره‌وته‌كه‌ى خاوه‌نى ماكينه‌يه‌كى ميدياى و شوسيال ميديايى به‌هێزه‌، بۆيه‌ بۆ هه‌ر بڕيار و پێشهاتێكى سياسى و كۆمه‌ڵايه‌تى ئاماده‌كارييه‌كى به‌هێزى بۆ ده‌كرێت، ئه‌و ماكينه‌يه‌ زۆرجار و به‌ته‌نها تويتێكى موقته‌دار سه‌در خۆبه‌خۆ ده‌كه‌وێته‌كار، كار له‌سه‌ر جه‌ماوه‌ر به‌گشتى و شوێنكه‌وان و رێكخستنه‌كانى به‌تايبه‌تى ده‌كرێت. جۆرێك له‌ شوسیال میدیا هیچ سه‌ركرده‌یه‌كی عێراق به‌ ئه‌ندازه‌ی سه‌در كارا و كاریگه‌ر نین، و جه‌ماوه‌یش له‌گه‌ڵ هیچ سه‌ركرده‌ و رابه‌رێكی سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی و ئاینی به‌ندازه‌ی سه‌در كارلێك و كاردانه‌وه‌یان له‌گه‌ڵیا نییه‌.
 
گۆتارى سياسى سه‌درييه‌كان يه‌كێكه‌ له‌ هۆكاره‌ دياره‌كانى ئه‌و سه‌ركه‌وتنه‌يان، به‌جۆرێك سه‌در هه‌ميشه‌ باس له‌ سه‌روه‌رى عێراق و خاوه‌ندارێتى خودى عێراق بۆ بڕياره‌ سياسى و ئابوورييه‌كانى وڵات ده‌كه‌ن، له‌ هه‌موو ته‌نگه‌ژه‌ و ئارشه‌كاندا سه‌در هه‌ڵوێست و برياراى نيشتمانييانه‌ى نيشانداوه‌، هه‌ميشه‌ دژى ده‌ستوه‌ردانى ده‌ره‌كى وڵاتان و خۆگرێدانى لايه‌نه‌كان به‌ده‌ره‌وه‌ بووه‌، له‌ دژايه‌تى گه‌نده‌ڵيشدا، -وه‌ك پاكترين هێزى سه‌ر گۆڕه‌پانى سياسى عێراق- مامه‌ڵه‌يان كردووه‌.
 
سه‌در هه‌ميشه‌ بۆ رازيكردنى جه‌ماوه‌ره‌كه‌ى سه‌ركرده‌ و به‌رپرسان و ته‌نانه‌ت هێزه‌ چه‌كداره‌كانى كردۆته‌ قوربانى و قه‌ڵغانى له‌ده‌ست نه‌دانى ده‌نگ و جه‌ماوه‌ر و پێگه‌ى بنه‌ماڵه‌ و ره‌وته‌كه‌ى و كه‌منه‌كردنى ده‌نگ و كوردسييه‌كانى، ته‌نها شت كه‌ موقته‌دا وه‌ك كه‌سى يه‌كه‌مى ره‌وته‌كه‌ ده‌ستيپێوه‌گرتبێت، توراسى خانه‌واده‌ و خه‌باتى باووباپيرانى بووه‌، هه‌موو ره‌وته‌كه‌ش له‌پاڵ ئه‌ودا ده‌ستيان پێوه‌گرتووه‌، بۆيه‌ هه‌ميشه‌ نوێنه‌ر و به‌رپرسانى ره‌وت و ده‌ورووبه‌ره‌كه‌ى له‌سه‌ر داواى خه‌ڵك نه‌ك سزا، به‌ڵكو به‌ده‌ركردن و ريسواكردن گه‌ياندووه‌، به‌مانايه‌كى تر، لاى موقته‌دا سه‌در ده‌نگى هاوڵاتييه‌ك بيستراوتره‌ تا به‌رپرسێك، ئه‌گه‌رچى له‌ ره‌وته‌كه‌ى خۆيشى بێت.
 
 
 



Dengnet.net - 2024
دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە
ژمارەی سەردان 2,256,899     ژمارەی میوان 2466