ئاساییبونەوەی ھەستەکان

2021/10/15 - 02:05 | 119 جار بینراوە    
 
عادل عوسمان
 
گەلێک بۆ چەند دەیەیەک دەبێت لە نێو کوشتار و سڕینەوە و قڕکردن و پاکتاودایە. وەک کارەکۆرپە یەکپشوو دەکرێتە قوربانیی و ڕەنج و ماندووێتیی و تێکۆشانی بەبا دەدرێت. ڕادەستی ژیانی سەپاو نابێت، بەڵام دەستی بە ژیانێکی ئازادیشدا ڕاناگات! ڕەنج و تێکۆشانەکەی دەبێتە دەسکەوت بۆ کۆمەڵێک و نائومێدیی و بێھیوایی بۆ زۆربەی خەڵکەکەی. دووپاتبوونەوەی چەند نەوەیی ئەم گەمە دزێوە، نەوەیەکی نائومێد و دڕدۆنگ و نامۆبەخۆ و دەوروبەر، بە مێژووی و بە چەمکە ھەڵەکانی، کە بە درێژایی ئەو لێدانە زھنیی و سیاسییانە لە مێشکیدا جێگیر کراوە، درووست کردووە. کە ھەستانەوەی سەرەڕای ڕادەستنەبوونی، کارێکی گەورە و بوێرییەکی شۆڕشگێڕیی گەرەک.
کارتێکەرییەکانی سەری ھێند قورسە، مێشکی پووچ کردووە و ئەو سەرەی ھەڵی گرتووە ھیی خۆی نییە. ئەوەندە بەزین و کوشتار و تەقینی بۆمب و ھێرشی زھنیی و ماڵوێرانیی دیوە، کە سوکوئاسان بە لای مەرگی خۆشیدا تێدەپەڕێت. دەچێت و ئەو سەرەی لێیان بەستووە، دەیداتە دەست جانەوەرە مرۆڤکوژەکان و ئەوانیش بەرەو چارەنووسی ھات و نەھاتی دەریای ئیجە و مەرگەساتی ئاوی تەزیووی دەریاکان ڕێنمایی دەکەن. ئەو مەرگ و میرەی دەریا ڕایانناچڵەکێنێت! لەبەر ئەوەی ھێزی دروستکردن و ئاڵوگۆڕیان تێدا نەھێشتووە و تەکاندوویانە.
گەلێک لە ڕاستای ھەستانەوە و تێکۆشانی ئازادییدا، گەورەترین تێکۆشان بەڕێوە دەبات، بەڵام چونکە خۆکردیی و خۆکوردییە، ناتوانێت بیبینێت و بیناسێت. بستێک ئەولاتری ئەو مێشکە پووچ و درووستکراوەی نابینێت. ئەو بەھەشتە خەیاڵییە دزراوەی پێی گۆش کراوە، چاو، بیر و ھزری داخستووە و توانای کردنەوەی ئەو قفڵەی نییە. گەر ھەر قفڵێک کلیلێک دەیکاتەوە، ئەوا کلیلی کێشەکانی ئەم کۆمەڵگەیە لە گیرفانە قووڵەکانی نوێنەرانی بەدبەختیی و کوێرەوەریی و کوشتاری ئەم گەلەدا شاراوەیە و بوێریی دەرھێنانەوەی نییە. بەڵام چاوەکانی بەڵێنە درۆینەکانی مەرگاویی دەریای ئیجە و بەکۆیلەبوونی مەترۆپۆڵەکانی شارە شێرپەنجەییەکانی کوژەر دەبینێ و دەبیستێت.
ئەو لەوە تێناگات، ئەوەی لەوێ بنیات نراوە، لە دزینی ئەمەی ئێمەیە، ئەوەی لەوێ ئاوەدان کراوەتەوە، ڕەنجی دزراو و ژیانی تێکدراوی ئەوەی ئێمەیە و لەوێ دانراوەتەوە. ئەوەی لەوێ بەھێزە، ھیی بێھێزیی ئێمە و تێکدانی ئەوەی خۆمانە. ئەوەی لەوێ ئاوەدانە، بەرھەمی بەھۆشیی ئەوان و بێھۆشیی ئێمەیە. ئەوەی لەوێ جوانە، ھیی تێکدانی جوانییەکانی لای ئێمەیە. ئەوەی لای ئەوان ئاوەدانە ھۆکارەکەی ھەژاریی کردەیی ئێمە و بێھیوایی و ڕاکەڕاکی ئێمەیە بۆ خۆکردنە قوربانی بۆ ئەوان. بۆ ئەوەی ئەمە بگۆڕین دەبێت، خۆمان، مێژوومان، وڵاتمان، تواناکانمان لە سەر ھۆشمەندیی خۆجێی بنیات بنێین. دەبێت خۆمان، مێژوومان، نیشتیمانمان، بوونمان و تواناکانمان بناسین و بنیاتی بنێیینەوە. دونیابینیمان فراوان بکەین، گفتوگۆ بکەین و گشت شتێ بدەینە بەر لێکۆڵینەوە و پێداچوونەوە و ڕەخنەدان. تەسلیمی قەدەری درووستکراو و مێژووی ھەڵبەستراو و نیشاندانی بێتوانایی و مێژوو زھنییەتەی کوردی قبوڵ نییە و نایناسێت و بە ھیچی لەقەڵەم دەدات، نەبین. دەبێت ئەو زھنییەتە بشکێنین کە دەڵێت" کورد ھیچ نییە و ھیچی پێ ناکرێت" یان " کورد کورتە". ھەر ئەو دەربڕینانە پڕواتاترینی بەھێزیی ئێمەن. پێویستە ئەو پرسیارە بکەین کورد چیە و کێیە؟ ئەگەر کورد ھیچ نییە، بۆچی وازی لێ ناھێنن بەو ھیچییەى خۆیەوە بژی؟ ئەگەر کورد کورتە، ئەدی ئەو ھەموو ھێرش و شەڕ و پەلامارە بە پێشکەوتووترین تەکنەلۆژیای سەربازیی، چییە دەیکەنە سەری؟
ئاخر کاتێک نەتەوەیەک، میللەتێک، خاک و نیشتیمانێک ھیچ بێت! تۆ چۆن خۆتی پێوە خەریک دەکەیت و بەدرێژایی مێژوویەکی سەدان ساڵە، دەیکوژیت، دەیبڕیت، زیندەبەچاڵی دەکەیت، کەچی لەناو ناچێت و کۆتایی نایەت و ڕادەست نابێت! مێژووی تەسلیمنەبوونی گەلێک، گرێدراوی ھەبوونی مێژوویی و کەلتووریی ئەو گەلەیە! گەلێک کە تیا ناچێت، ھۆکارەکەی بوون و ڕەگی مێژوویی ئەو گەلەیە. کاتێ ھەوڵ دەدرێت  مێژووەکەی بسڕدرێتەوە، لەناو ببرێت و پەنھان بکرێت! ئاخر وەک بەڕێز ئۆجەلان دەڵێت: "مێژووت لەکوێ گوم کرد، لەوێ بۆی بگەڕێ، دەیدۆزیتەوە". ئەگەر زرنگ و زیتەڵ نەبیت، ئەوا زۆر کات مێژووی گومبووی کورد، لەدوو توێی لاپەڕەکاندا نادۆزیتەوە! چونکە ئەو مێژووەی نووسراوە گەڕیدە سیخوڕی دەسەڵاتداران و زلھێزانی دونیا نووسیویانە، ئەویش وەک مێژوو نا! بەڵکوو وەک لێگەڕین و لێکۆڵینەوە، لە سەر چۆنییەتی دەستێوەردان و دۆزینەوەی بۆشایی و کەموکوڕییەکانی کوردان بۆ سەرکەوتنی داگیرکاریی. بۆیە کاتێک دێنە سەر شیکردنەوە، لایەنە نەرێنیی، سۆزداریی و میواندۆستیەکانی کوردان باس دەکەن و جەنگاوەری بێ ھزری دەگێڕنەوە! کە ئەوە ئەو کەلێن و بۆشاییانەن، وا ھێزە باڵادەست و داگیرکارەکان، لەسەری فتوحات دەست پێ دەکەن!. ئەو مێژووە نووسراوانە پێویستی بەسەر لەنوێ خوێندنەوە و پەند و وانە لێوەرگرتنە! ئەو مێژووە نووسراوانە بۆ کوردان نەنوسراون، بۆ پڕۆسەی داگیرکاریی و دەستبەسەرداگرتن نووسراون. بۆیە پێویست دەکات، مێژووە شاراوەکە بدۆزینەوە، دایڕێژینەوە و سەرلەنوێ بنیاتی بنێینەوە.
میژووی باڵادەستی زلھێزانی جیھانیی، بەبێ ھاوکاریی و پشتگیریی ھێزی ناوخۆی دەستێوەردراو، مەیسەر نابێت، بۆیە لێکۆڵینەوە بەناو مێژووییەکانی ئەوان، سەری کێشا بۆ نیشاندان و تێگەیشتنی ناکۆکییەکانی ناو میر و دەستڕۆیشتووەکانی ئەو سەردەمە. دەسەڵاتە ئایینیەکان و لەوێوە توانیان ناکۆکییەکانی ناو کوردان بزانن و لەو ڕێگەیەوە پڕۆسەی دەستێوەردان و داگیرکاریی مەیسەر و ئاسان بکەن. بۆیە چینە باڵادەستەکانیان بە ئامانج گرت و لە ڕێی ئەو چینە ناکۆکەى سەر دەسەڵات و خۆپەرستیی، ھێڵێکی بەکرێگیراو، خۆپەرست و ناپاکیان لە نێو کورداندا درووست کرد.
ناکۆکیی ناو خێڵ، میر، ڕێبازە ئایینییەکان و دەستڕۆیشتوانی ئایینزاکان، ئەو کەلێنە بوو کە لە ڕێگەی پەیمانی خەڵەتێنەرانەی پشتگیریی باڵادەستی ئەم ھۆز بەرانبەر ئەو میر، ئەو پیاوی ئایینیی بەرانبەر ئەو دەستڕۆیشتووی بنەماڵەیی، ئەو میر بەرانبەر ئەو تەریقەتی ئایین و ئایینزاییە، بەڕێوە بردرا و ئامانجی بەدەست خست و زەرەرمەندی یەکەمیش کوردان بوون. لەسەر ئەو ھێڵە ناپاکە تەسلیم-بووە بەرژەوەندپەرستە، زھنیەت و ئایدۆلۆژیایەک پێش خرا کە، هەموو شتێکی لە خۆیدا شیی کردەوە و بەئامانج گرت. 
ئامانجی ئەو زھنییەتە لێدان بوو لە زھنییەتی نەتەوەیی کوردان و خاوەندەرکەوتن لە نیشتیمان و خاکی خۆی، لە ڕێی ئاسایی کردنەوەی ئەوەی ڕوو دەدات گوایە چارەنووسی کوردان خۆیانە! لەبەر ئەوەی، نەتەوە نین، مێژوویان نییە و لەم کۆتاییانەشدا دەوڵەتیان نییە و خۆخۆر و پەڕاگەندەن. ھەموو ئەوانە ڕۆژانە و سات بەسات لە ڕێی ھێڵی بەکرێگیراو – ناپاکەوە وەک شەڕی تایبەت دەرخواردی زھنییەتی تاک و کۆمەڵگەی کوردی دەدراو دەدرێت. بە تایبەت لە باشووری کوردستان.
لە بەشی سەرەوەی کوردستان، زاگرۆس تۆرۆس و کەوانەی زێڕین، لەبەر ئەوەی بوونی ھۆز، بنەماڵە و دەستڕۆیشتوییە جیاوازەکانی کوردان لە سەر بوون و ھەبوونی مێژووی دامەزرابوون و کۆمەڵگەبوون لەوێوە دەستی پێ کردبوو، ئاخێز بووبووە خوارەوە بۆ پێدەشتەکان و میزۆپۆتامیا. ئەوە بەشەکانی سەرووی خاکی کوردستانی کردبووە لانکە و خاوەنی مێژوویەک کە دەستێوەردان تێیدا بەھێندی کوردستانی خوارین ئاسان نەبێت. فیدراسیۆنە کوردییەکان بەرھەمی پراکتیکی پێکھاتووی ئەو مێژووە کۆنەیە، سا ئەمە بۆ کوردان بووبووە کەلتوورێکی ڕەگداکوتراوی مێژوویی، کە ئێستەشی لەگەڵ بێت دەرھێنان و ھەڵکەندنی هەر وا ئاسان نییە! بۆیە ئەوەی لەوێ ڕوو دەدات، شەڕێکی سەختی دەستێوەردان و پاکتاوکردن و دابڕینێتیی لەم بەشەی کوردستان، کە بە باشووری کوردستان ناسراوە.
لە خۆڕا نییە، لە بەشەکانی تری کوردستان، باس لە پاکتاو و قڕکردن دەکرێت و بە توندیی سڕینەوەی ناسنامە و کۆمەڵکوژیی دەکرێت! بەڵام لە باشووری کوردستان ئەوە وەک خەون و خەیاڵ باس دەکرێت! لە کاتێکدا لە باشوور بوونی کورد، لە ژێر ھەژموونی دەوڵەت-نەتەوەکان و ھێڵی بەکرێگیراودا بە ھەندێک ماف و ھەبوون پێمل کراوە. بۆیە پرسیارەکە ئەوەیە سیحری ئەم ناسینە چییە؟ وەڵامی ئەو پرسیارە دەمانگەیەنێتە ئەو ئامانجەی باشووری کوردستان وەک گۆڕەپانێکی بەڕیوەبردنی سیاسەتی پاکتاو بەکار دەھێنرێت.
لە سەرپاکی بەش و پارچەکانی تر ناسنامەی کوردان ناناسرێت، تەنانەت ناوھێنانی کورد بەرەو ڕووی سزای یاساییت دەکاتەوە، یان لەسێدارە دەدرێیت! زمانی دایک، کە مافێکی سرووشتیی – گەردوونیی و یاساییە و لە یاسای زلھێزاندا دانی پێدا نراوە، لە کوردان ڕێبەند کراوە و نابێت نە ناوی کوردبوون بھێنرێت! نە بە زمانی کوردیی، کە زمانی دایکە! قسە بکرێت!. ئەم کەشەی سیاسەتی پاکتاو لە باشووری کوردستان بەو چەشنە نییە و ھەندێ مافی جڵەوکراو دراوە بە کوردان (بەڵام بەبێ زیادەڕۆیی) وەک ئازادیی ئاخافتن، ئەویش بۆ سەنا و ستایشی دەوڵەت و حکومەتی بەخشندە و ھێزەکانی ناو ھێڵە بەکرێگیراوەکە و نیشاندانی ھەرچی دەسکەوتە بە تێکۆشانی حیزبی باڵادەست و خێڵ و بنەماڵە دەستڕۆیشتوەکان. ناوی کورد دەھێنرێت، بەڵام بێ ڕۆحی کوردبوون و بێ ناسنامەی ئازادیی نەتەوەیی. ھیچ مافێکی لە دەرەوەی ئەو سنوورەی بۆی هێڵکێش کراوە، نییە! کاتێ باسی سیستەمی ژیانی خۆی، چۆنییەتی ئاواکردنی سیستەمەکەی و چۆنییەتی لێکۆڵینەوە و شیکردنەوەی بوون و ھەبوونی خۆی، مێژووەکەی و بوونە گۆڕەپانی کرانەوەی زھنیی و پشت و پەنای تێکۆشانی نەتەوەیی و ئازادی کوردان دەکرێ. دەبێت سیستەمی بڕیارلێدراوی سەپێنراو، پەیڕەو و جێبەجێ بکرێت. ئەویش وەک ڕەچەتەی دکتۆر کۆمەڵێک شتی تابۆی بۆ دانراوە، کە دەبێت لەو چوارچێوەیەدا بجووڵێتەوە! ئەگەر وای نەکرد، لە ڕێی یاسای یاخیبوون و لەم سەردەمەشدا تیرۆر و دەمکوت و دادگایی و لە دواقۆناخدا پاکتاو دەکرێت! بۆ ئەو مەبەستە زھنییەتێک پێش خراوە، کە ھەرچی زھنییەتی ئازاد و کراوەیە دەمرێنێت، تەسلیمییەت و پارچەبوون و بەخۆنامۆبوون و بێھێزیی و چەمکی دژایەتیی و دوژمنایەتیی، بە تایبەت جێگیرکردنی ئەو ڕەچەتەی بەناوی (حکومەتی ھەرێمی کوردستانەوە) پێش خراوە، کە ھەڕچی ڕەخنەی بکات، لە دژی بێت، (نەک دوژمن!) ئەوان بە دژبەری دەزانن و ڕەشی دەکەن و ھێرش دەکەنە سەری و لێی دەدەن. 
نیشاندانی ئەو ڕەچەتە! بە دەسکەوتی گەل (بۆ خۆی بەلاڕێدابردنی دەسکەوتی گەل)ـە و دەمەزراندنی زھنییەتێک لە سەر ئەو بنچینە ترسناکترین ڕەوشی زھنیی لە کۆمەڵگەدا درووست کردووە، کە کورتبینیی، پارچەبوون و خۆگرێدان بە مێژووە درووستکراو و زھنییەتە لەناوبەرەکانە. ئەو زھنییەتە کۆمەڵگە بە بنەما ناگرێت. چین و توێژێک لەناو بنەماڵەکان، عەشیرەتەکان، شێخەکان، حیزبەکان بە بنەما دەگرێت و لە سەر سیاسەتی ناسراوی (ناکۆکیی بنێرەوە و سود وەربگرە: پەرتکە و زاڵبە)، ھەموو بەشەکانی تری ئەو پێکھاتانە دەدات بەیەکدا. ئەو چینە وەرگیراو و دڵخوازە، پڕچەک و پارەدار دەکات و دەیکاتە ھێزی سەربازیی و ئابووریی و بەڕێوەبردن! بەشەکانی تری پێکھاتەکان و ئەودوای کۆمەڵگە ھەژار و برسیی و بێکار و گرێدراوی ئەم بەش و چینە دڵخوازەی خۆی دەکات. بۆچی؟
 لەپێناو ئەوەی سیاسەتەکانی خۆی پێ بەڕێوە ببات. واتە چینێک نییە لەخۆیدا و بۆ خۆی، بەڵکوو چینێکی درووستکراوی خوڵقێنراوی کارجێبەجێکەرە. بەڵام ئەوەش ھەموو کارەکە نییە و زلھێزانی درووستکەر بە متمانەوە لەگەڵ ئەم چینە دروستکراوەدا ھەڵسوکەوت ناکەن. بەڵکوو بەرانبەری بۆ درووست دەکەن، لە نێو خودی چینە دروستکراوەکەدا دژبەر دەسازێنن و لە سەر بنچینەی ناکۆکیی بنیاتیان دەنێن. چینی دروستکراوی ناو خێڵ، بنەماڵە، شێخ و حیزب دابەش دەکات و ھەریەکەیان وەک پەندەکەی دەڵێ: (گورگ نیشانی مەڕ دەدات) بەڕێوەیان دەبات. 
بۆیە ھێڵی کلاسیکی کوردایەتیی ھێڵێکی درووستکراوی دەستی سیستەمی داگیرکارییە و لەپێناوی لێدان لە تێکۆشانی ئازادیی و نەتەوەیی کورداندا درووست بووە. ئەم ھێڵە کارکرد و ھەوڵی بۆ پارچەکردنی تێکۆشانی نەتەوەیی کوردان و نەسازانی زھنییەتی نەتەوەیی و تێکۆشانی ئازادیی و دیموکراتیکی کوردانە. کوردان دابەشی سەر کوردی چاک و کوردی چەوت دەکات، دابەشی سەر پارچە و بەش دەکات، دابەشی سەر حیزب و بنەماڵە و کەسایەتیی دەستەمۆ و یاخی دەکات، دابەشی سەر کوردی گوێڕایەڵ و بێگوێ دەکات، دابەشی سەر تاکی تەسلیم و یاخیی دەکات! تەسلیمەکان گوێڕایەڵن و بەو پێیەش خۆشەویستن و لەبەردڵانن! بەڵام یاخییەکان، خراپن، تێکدەرن و پێویستە لێیان بپرسرێتەوە و سزا بدرێن! ئەگەر ڕازیی نەبوون، لێیان بدرێت، کەرامەت و ئیرادەیان بشکێنرێت! ئەگەر ئەوەش سەری نەگرت، بکوژرێن و تیرۆر بکرێن! تیرۆرە نادیارەکان، کوشتنە شاراوەکان، ھەموو لەو بوارەدان. قسەیەکی باو ھەیە دەڵێت: (کاتێک تیرۆرێک ھەبوو، گەر نەدۆزرایەوە، ئەوە دەسەڵاتداران لەپشتیین). بۆ تێگەیشتن لەو تیرۆرانە، پێویست بە نموونە ناکات، نموونە زۆرن!
ئەم ھێڵە بەگوێرەی ئامانجەکانی سیستەمێکی فەرمانڕەوایی و سیاسیی و سەربازیی و یاسایی و ڕاگەیاندن و ئابووریی و دارایی درووست کردووە، بۆ ئەوەی بتوانێت ھەرکات ویستی دەست لە دۆخەکە وەربدات. بۆ ئەوە دەزگا ڕاگەیاندنە زەبەلاحەکان، ڕۆشنبیرەکانی سیستەم و گرێدراو و بەرژەوەندپەرستی درووست کردوە، لە پێناوی مشتێک پووڵدا ئامادەن ھەرچی ڕەزالەت و زەلیلیی ھەیە قبووڵی بکەن. زۆرێک لەو ڕۆشنبیرانەی سیستەم ھێند ڕۆچوونەتە نێو کایەی بەرژەوەندییەوە! زۆرکات ئەوەی دەیڵێن بۆ خۆشیان لە دەرەوەی کایەی ڕاگەیاندنە و بڕاوایان پێی نییە و فشەیان پێی دێت. 
بۆ ڕاوەستە لە دۆخی ئەم ھێڵە کلاسیکە کوردایەتییە، پێویستمان بە شڕۆڤە و ڕوونکردنەوەی جدیی ھەیە. چونکە کاریگەرییەکانی ئەم ھێڵە لە لێدان لە زھنییەتی کۆمەڵایەتیی و داخستنی، لە لێدان لە ئازادیی کوردستان و گەلی کورد، لە درووستبوونی یەکێتیی نەتەوەیی کوردان، لە پێکەوەژیانی گەلان و چارەسەری ناوچەکە، لە بەرەوپێشچوونی بزوتنەوە و تێکۆشانی شۆڕشگێڕیی و دیموکراتیک لەبەرچاو و کوشندەیە. بۆ ئەوەی بتوانین تێکۆشانی شۆڕشگێڕیی دیموکراتیک، ئازاد و ئاشتەوا پێش بخەین، گەرەکە ھزر و جیهانبینیی ئازادی دیموکراتیک و نەتەوەیی کوردان و گەلان پێش بخەین. نەتەوەییبوونێک، لە سەر بنەمای ڕێزگرتن لە ھەبوونی نەتەوەیی و جیاوازییەکانی چ لە نێو خۆیداو چ لە دەرەوەی خۆیدا. تا ئەو جیاوازییە ئایدۆلۆژیی- سیاسیی – جوگرافیی – پێگەییە و کایگەرییەکانی لە خراپ بەکارھێنان و کەوتنە خزمەت و دەستی دوژمن و ھێزە تێکدەرەکانەوە نەبینین و نەزانین، ناتوانین بەرەوپێشچوون لە سیاسەتی دیموکراتیک و پێکەوەیی نەتەوەیی و خۆسەرییدا پێش بخەین. بۆیە دەپرسم خۆسەریی چییە؟
وەڵامی پرسیارەکانی زھنی کۆمەڵگە و تاکەکانی بەدەرخستنی سیاسەتی کلاسیکی دەسەڵاتخواز دەدرێتەوە. زۆربەی بزوتنەوە سیاسییەکانی باشوور بە نەتەوەیی و چەپگەرا و ئیسلامخواز و نەژادپەرەستەوە، لە چوارچێوەی دەسەڵاتخوازی و باڵادەستی خۆییدا جووڵەیان کردووە، بۆیە ھەمیشە کۆمەڵگەیان بێھیوا و ئومێد کردوە. لە ژێر ھەر فشارێک و پێویستی سیاسەتێکدا تەسلیم و تێکشکاون و ئاڵای سپیان ھەڵکردووە و گوێیان بەدەنگ و بەرخۆدانی کۆمەڵگە نەداوە.
بۆیە تا سیاسەت لە دەستی ئەو چەمکە ھەڵەیەی چینی دەسەڵات بڵاوی کردووەتەوە "سیاسەت ھەمووی درۆ و دەلەسەیە" دەرنەھێنرێت و نەکرێتەوە موڵکی کۆمەڵگە و پێناسە ڕاستەقینەکەی پێ نەدرێتەوە، کە سیاسەت مانای "بەڕێوەبردن و بەشداریی تاک و پێکھاتەکانی کۆمەڵگەیە لە بەڕێوەبردنی ژیانێکی ئارام و ئاسوودە و ئازاد"ـدا، ناتوانرێت چارەسەری ئەخلاقیی و کۆمەڵایەتیی پێش بخرێت. ئەگەر سیاسەت لە چوارچێوەی بەرژەوەندیی و دەسکەوتتدا شرۆڤە بکرێت، ئەوا ئەو سیستەمەی ئاوا دەکرێت، سیستەمێکی نائەخلاقیی چاوچنۆکە و دوورە لە پێوانەکانی ژیانێکی ئازاد. 
بۆیە خۆسەریی واتە خاوەن سەری خۆ، واتە بیرکردنەوە بە سەری خۆ، ئەویش لە چوارچێوەی پێوانە ئەخلاقییە کۆمەڵایەتییەکاندا، بەشداریی و بەڕێوەبردن. واتە ھەرتاکێک، پێکھاتەیەک ژیان بە پێوانەکانی ژیانێکی دەستەجەمعیی ڕەگەزگەرایی ئازاد، کە تاکیش مافە ئەخلاقیی و سیاسیی و کۆمەڵایەتییەکانی پارێزراو بێت. واتە خاوەنی مێشک و ھۆش و ھەبوونی خۆی بێت. کەس نەتوانێت بەکاری بێنێت، کاری لێ بکات و فشاری لێ بکات و بۆ بەرژەوەندیی خۆی بەکاری بێنێت. کاتێک تاک – کۆمەڵگەیەک بە بیر و ھۆشمەندیی خۆیی و کۆمەڵایەتییەوە بنیات نرا، ناتوانرێت بە ئاسانیی دەستێوەردانی تێدا بکرێت. بۆیە جیاوازیی سیستەمی پاوان – دەسەڵات لەگەڵ سیستەمی خۆسەر – دیموکراتیک ئەوەیە کە ژیان بە ھەموو لایەنەکانییەوە بۆ ئارامیی و ئاسوودەیی گشتییە.
لایەنە گشتییەکانی ژیان چین؟ 
کاتێک باسی ژیان دەکەین، لەوانەیە ئەوەمان بێتە بەر چاو کە باوە و دەڵێت " بە ڕۆح زیندوویت". بەڵام ڕاستییەکەى ئەوە چەمک و تێگەیشتنێکی داماڵراوە لە پێداویستییە ڕۆحیی و ماددییەکانی ژیان. پێداویستییەکان، نان و ئازادیی و مافەکان، پارێزراویی پەیوەندیی ڕۆحیی و ھاوسەنگیی ڕەگەزیی و ئاسوودەیی دەروونیی و وەڵام بە گرفتە ڕاستەقینەکانی ژیانێکی ئازاد. هەقیقەتی ژیان هەقیقەتی پەیوەندیی ھاوسەنگیی نێوان کۆمەڵگە – سرووشت – گەردوون و ڕێکخستنییەتی. 
گەردوون بوون و شوێنگەی ھەمووانە! ھیچ بوونێک لە دەرەوەی گەردوون نییە و ھیچ لایەکیش لە پەیوەندیی سرووشت – گەردووندا مافداریی دەستێوەردان نییە. بوونی زیندەوەر و گیاندارەکان، لە ھەرە ئاقڵمەندیانەوە (مرۆڤ) تا ھەرە بێ بیرکەرەوەیان (ئەگەر وای دابنێین بەردە)، بوونێکی زیندوو و ماخۆی پێگەی خۆیانن. ھیچ یەک لەم بوون و زیندەوەرانە مافی دەستێوەردان و تێکدانی پەیوەندی پێکەوەیی و ھەبوونیان نییە. تەنیا ھەبوونەکان مافی ژین و پێکەوەیی و تێرکردنی یەکتریان ھەیە. لە دەرەوەی ئەو پەیوەندییە خزمەت – پێکەوەیی و تێرکردنە! دەبێتە سیستەمی دەستبردن بۆ پەیوەندییە سرووشتییەکانی پێکەوەیی بوونەکان. 
کاتێک مرۆڤ کۆمەڵگەکەی تێکچوو، پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان دابەشی سەر چینایەتیی بوو! چینێکی دەستێوەردەر لە پەیوەندییە سرووشتییەکان پەیدا بوو، ڕەوتی ژیان و پەیوەندیی گەردوونیی لە سرووشتی خۆی لایدا. بۆ ئەوەی بتوانن ئەو سیستەمە چینایەتییە بەڕێوە بەرن، کەوتنە دامەزراندنی دامودەزگاکانی، تا بتوانن لە ڕێی خۆباڵاکردن و خۆ بەدەسەڵاتکردنەوە ئاسانکاریی بۆ دەستێوەردانەکانیان بکەن. خوڵقاندنی خوداوەندەکان، یەکێک لەو ڕێبازە ھەرە باڵایانە بوو وا زھنییەتی مرۆڤ ئامادە دەکات بۆ پەژراندنی ئەو دەستێوەردان و باڵادەستییانە. پاش ئەوە درووستکردنی نوێنەرانی دەنگدانەوەی خواستی خوداوەندەکان لە مرۆڤ، لە شێوەی قوربانیی، خزمەتکردن و گوێلەمستیی بۆ خواستی خوداوەند. ئەگەر گوێڕایەڵ نەکرا، ئەوە نوێنەرانی خوداوەند دەتوانن خواستەکانی خوداوەند بەدی بێنن.
ترساندن و سزادان، ئەو ڕێبازانە بوون وا گیرانە بەر بۆ بەڕێوەبردنی خواست و گوێڕایەڵیی بۆ خواستە دەرەکییەکان، ئەگەر ئەوە نەکرا، ئەوە لە سەر زەوی بەھۆی ھێز و دەسەڵاتەوە نوێنەرەکان دەتوانن جێبەجێی بکەن. بەرھەمی زیاد و کەڵەکەی سەرمایە ئەو خواستە بوو کە ھێزە دەرەکییەکان لەگەڵ مرۆڤە باڵادەستەکان ڕێککەوتنیان لە سەر کرد و پەیوەندییە سرووشتییەکانیان تێک دا و بەوە مرۆڤیان کردە سەروەریی بەڕێوەبردن و دەستێوەردان.
مرۆڤە دەسەڵاتدارەکان بۆ بەرژەوەندیی قازانج و باڵادەستیی، مرۆڤیان وەک باڵا نیشان دا و لە نێو مرۆڤیشدا ئەوانەی کە دەتوانن خاوەنی پێگەی باڵا بن. بۆیە باقی مرۆڤ و پەیوەندییەکانیان خستە خزمەتی ئەو باڵادەستییە و پەیوەندییەکانیان لە سەر ئەو بنچینەیە کردە سیستەم و بە دەوریدا دامودەزگا، ھێز و سوپا، ئەکادیمیا و پەرستگە، زانستگە و زانیار، توێژەر و بیریاریان بۆ دامەزراند. سەردەمەکانی میتۆلۆژیا و یوتۆپیا، پێغەمبەران و فەیلەسوفان، زانیاران و پڕۆفیسۆران، تەنانەت ئەو شۆڕشگێڕانەشی وا نەیانتوانی خۆیان لە سیحرەکانی دەسەڵات-دەوڵەت ڕزگار بکەن کەوتنە خزمەتی ئامادەکردن و پاراستن و سەرلەنوێ ئاواکردنەوەی ئەم سیستەمە دامەزراوە قۆرخکار و چەوسێنەرە.
کاتێک باس لەژیان دەکرێت، پێویستە ئەم دەستێوەردان و لەڕێلادانە باش بناسین و ڕێچارە بنەڕەتییەکانی بدۆزینەوە. ئەویش ئەڵتەرناتیڤی کۆمەڵگەی ژینگەدۆست، ڕەگەزیی و پێکەوەییە. کە لە سەر بنچینەی ھاوژیانیی، پێکەوەیی و ڕێکخستنەوەی ئەو پەیوەندییە کۆمەڵایەتیی – سرووشتیی – گەردوونییەیە وا ھیچ کەس و بوونێک باڵادەست نییە، ھەرچەندە ئاقڵ و ھۆشمەندیش بێت. بەڵکوو دەبێت ھۆشمەندییەکە بۆ ڕێکخستنەوە و جوانکردنی پێکەوەیی و پەیوەندییە باشەکان بێت. لە سەر ئەو بنچینەیە بوونی مرۆڤیش دەبێتە یەکێک لە پێکھێنەرە ڕێکخەرە ھۆشمەندەکەی نێو ئەو ژیانە، نەک بەکارھێنەر و دەستتێوەردەر.
لێرەوە دەگەینە ئەوەی گۆڕەپانی باشووری کوردستان، کراوەیە بە سەر ھێڵی داگیرکاریی و دەستێوەردەردا. چەندە بۆ داگیرکاریی گۆڕەپانی دەستێوەردانە، ئەوەندەش بۆ تێکۆشانی ئازادیی و شۆڕشگێڕی کراوەیە و دۆخی تێکۆشانی پێکەوەیی و دژوەستانەوە لە دژی داگیرکاریی و ھاوکارەکانی ڕەخساوە. گەلی باشوور وەک ھەر پێکھاتەیەکی تری نەتەوەیی و کۆمەڵایەتیی، گەلێکی زیندووە و لە گۆڕەپاندایە، بەڵام گرفتە زھنیی و خودیی و کەسێتییەکانی کۆسپن بۆ ھاتنەدەرەوەی وەک ماتەوزەیەکی شۆڕشگێڕیی دەکات. کارتێکەرییەکانی ھێڵیی داگیرکاریی و جێبەجێکردنی نەخشە سەد ساڵییەکەی دەوڵەت – نەتەوە قورسایی لە سەر زھن و کەسێتیی کردووە. کەسێتییەکی ئاڵۆزی لەنێوان تێگەیشتنی شۆڕشگێڕیی و ئازاد، لەگەڵ کەسێتییەکی ناھۆشیاری درووست کردووە، کە کاریگەرە بە هێڵی داگیرکاریی. بەوە ئاڵۆزییەکی لە ناسینەوەی ھێڵی تێکۆشانی ئازادیی و تەسلیمییەتدا تێدا درووست کردووە، کە ناتوانێت لە دەرەوەی ئەزموون ھەڵسەنگاندنی ھێزەکان بکات.
چونکە خاوەنی پێشینەیەکی فەلسەفیی ئایدۆلۆژیک نییە، لە ئاستی دەربڕین و بنەما ھزرییەکاندا ناتوانێت تێگەیشتنە درووستەکە بناسێت. سا بۆیە پێویستی بە کاتێک ھەیە، تا بتوانێت پراکتیکی لە خزمەت، یان لە دژ تێبگات! بەوە زیانێکی زۆر لە ماتەوزە و ھێز و وزەی کۆمەڵگە دەدرێت. نەبوونی ھێڵی سیاسیی ڕێکخراو و شۆڕشگێڕی دیموکراتیک لە باشووری کوردستان، یان باشتر بڵێین خۆڕێکنەخستنی ئەو ھێڵە شۆڕشگێڕە دیموکراتیکە لە ئاستی ڕێبەریی و پێشەنگییدا، گرفتی ھەرە مەزنی باشووری کوردستانە، کە ناتوانێت بەرەوپێشچوون و نوێبونەوە لەخۆیدا نیشان بدات و بەو پێیەش کات قازانج بکات. چەندە ئەزموونیی، کار بۆ تێگەیشتنی ڕەوش و دیاردە بکەیت، ئەوەندە زیانەکانی لە ڕووی کات و شوێنەوە گەورەترو کاریگەرتر دەبێت و لە ڕووی خەسارناسییەوە زیانەکانی زۆر و زیاد دەبێت. بۆ ڕاوەستەکردن لەسەر تێگەیشتن لە تێکۆشانی باشووری کوردستان پێویستە مێژووی دروستبوونی دەوڵەت-نەتەوەکان و بەتایبەت دەوڵەتی ئێراق شی بکرێنەوە و پێگەی ھێزە کوردییە فەرمییەکانیش لەناو ئەو شیکردنەوەیەدا شڕۆڤە بکرێت. گفتوگۆی ڕەوشێکی لەو شێوەیە پێویستی بە زانیاریی، شرۆڤەکاریی و ئایدیا و زھنییەتی تێکۆشەرانەی شۆڕشگێڕانەی ئازاد و دیموکراتیکە. چونکە ئەوەی بەڕێوە دەبرێت لێدانە لە تێکۆشانی ئازادیی دیموکراتیک و درووستکردنی زھنییەتی بەلاڕێدابراو.
دەوڵەتی ئێراق و دۆزی کورد:
دەوڵەتی ئێراق بەم سیما نوێیەوە، پاش شەڕی جیھانیی یەکەم دامەزرا و لە ئەنجامی دابەشکاریی ھێزە ئیمپریالیستییەکاندا لە سەر بنچینەی یەک نەتەوە، یەک دەوڵەت و.... دامەزرا. بەڵام بەھۆی ڕێککەوتنی لۆزان و ئەو دابەشکارییەی بە سەر خاکی کوردستاندا ھات و لە نێوان چوار دەوڵەتدا دابەش کرا و ناسنامەی نەتەوەیی لە کوردان سەندرایەوە و ئامادە کرا بۆ کۆشتار و ژینۆساید. بە تایبەت لە سێ بەشی سێ دەوڵەتی (تورکیا، ئێران، سووریا) داگیرکەردا، کە ھەرسێ پارچە کرایە قوربانیی بۆ پارچەی بندەستی ئێراق و لە ڕێککەوتننامەی سیڤەردا بە سێ خاڵ باسی ئەو ناوچانە کرابوو کە کوردی لێیە و ئەگەر لە ڕێگەی دەنگدانەوە (ڕیفراندۆم!) ویستیان دەتوانن خۆیان بەڕێوە ببەن. 
ئەوە ئەو بەڵایەبوو کرایە ملی کوردان و وەک تەوقەکەی عەزازیل، کوردان نە توانیان خۆیانی لێ لابدەن! نە توانیان لێی تێبگەن. بۆیە دەوڵەتی تورک و ئینگلیز لە ڕێککەوتننامەی سیڤەردا ئەوەشیان ھەڵوەشاندەوە. بەڵام بەھۆی بزووتنەوە چەکداریی و یاخیبوونەکانی کوردان، نەتوانرا بە شێوەی تەواوەتی ئەو مافە لە کوردان بسەنرێتەوە. بۆیە لە ئێراقەوە، لە ڕێی ھەندێک مافی کەلتووریی و زمانەوانییەوە، کۆمەڵێک شت کرا و بۆ چەند جاریش دان بە بوونی نەتەوەیی کورداندا نرا و لە دەستوورەکانیشدا نووسرایەوە. بەڵام چونکە سیاسەتی جیھانیی لە سەر بێ ناسنامەیی کوردان دامەزرابوو، ڕێ لەو چارەسەرییانە گیرا و ھەڵوەشێنرانەوە.
نە لە ئێراق و نە لە نێو کوردانیشدا، ھێزی سیاسیی ڕێکخراو و کاریگەر نەبوون، تا ئەو تێکۆشانە بۆ چارەسەری کێشەکانی نەتەوە جیاوازەکانی گەلانی ئێراق بەدەستەوە بگرێت و چارەسەر بکات و بیھێنێتە خوارەوە بۆ ئاستی کۆمەڵگە! بۆیە لە ئاستی دەسەڵات، ناوەندەکانی ھێز و ھێڵە گرێدراوەکاندا بەڕێوەبردرا و بووە ھۆی لێدان لە پرسی چارەسەریی و سڕینەوەی ئەوانی تر.
بۆ ئەوە سوود لە ھێڵی خێڵەکیی، عەشائیریی، گرێدراو بینرا. ئەو ھێڵە کرایە ھێزێکی بانسەر و بڕیاردەر و تەواوی ھێڵەکانی دۆزی کورد کرانە کێشە و بە ناتەواویی و بێ چارەیی بەڕێوە بران. لەو پێودانگەدا، ھێڵی دەسەڵات – خێڵ – بنەماڵەی کوردیی بوونە ھێزی بەدەستەوەگرتنی دۆزی کورد و خۆبەخاوەن زانی دۆزەکە. بەڵام نەک بۆ چارەسەر، بەڵکوو بۆ کێشە و ئاڵۆزیی و تێکدانی ئاسایش و ئارامیی ناوچەکە و درووستکردنی دەرفەت بۆ دەستێوەردان و لێدان لە تێکۆشانی چارەسەری دۆزی کورد. لێرەوە ھەرسێ بەش و پارچەکانی تر کرانە قوربانی بۆ ئەو ھێزگەلە دەسەڵاتدارە بە ناو کوردییە و لێدان لە تێکۆشانی نەتەوەیی کوردان لە ھەر پارچە و بەشێکی تری کوردستان (ئەو شیکردنەوەیە پێویست بەبەڵگەھێنانەوە ناکات، بەتایبەت لەم سەردەمەدا، کە ھەموو منداڵێکیش تێی دەگات و دەیبینێت).
باشووری کوردستان بووەتە ناوەندی بەڕێوەبردنی شەڕی تایبەتی داگیرکەران. بۆ ئەو مەبەستە لە پاش ئاڵوگۆڕەکانی شەڕی کەنداوەوە، ئەو بۆشاییە بە ستاتۆیەک پڕ کرایەوە، کە کارکردن بوو بۆ درووستکردنی کەشی بێچارەیی. بۆیە ئەوەی ئەو ستاتۆیەی بەڕێوە دەبرد، کاری لە سەر زھنییەتێک دەکرد، کە پەیوەندیی بە چارەسەری دۆزی کورد و دەرھێنانی لە دەستی ھێڵە داگیرکارییەکە نەدەکرد. بە ناوی دەوڵەتی کوردییەوە تەواوی پارت و ڕێکخستن و تێکۆشانەکانی بەش و پارچەکانی تری پەلبەست کرد، یان تەسفییەی کردن، یانیش ئەگەر بۆی تەسفیە نەکرابێت، ئەوا شەڕی لە دژ کردووە و سیاسەتی ڕەشکردن و دژبەری بەرانبەر بەم ستاتۆیەی بۆ ھۆنیوەتەوە و بەوە ڕەوایەتیی بە شەڕ و پێکدادانی ناوخۆیی کوردان کردووەتەوە. بەوە نێوماڵی کوردیی تووشی شەڕێکی گەورەی ناوخۆیی کردەوە. کە لەو شەڕانەدا ھێڵی خیانەت – تەسفیەکار تەنگاو بووبوو. بۆیە ھانای بۆ دەوڵەتە داگیرکەرەکان برد و ھەریەکەی لەگەڵ داگیرکەرێکی کوردستاندا پێکڕا دەستێوەردانی دۆخەکەیان کرد، سا دەرفەتی دەستێوەردانی دەرەکییان بۆ ھێزە دەرەکییەکان خوڵقاند.
بەھۆی پێگەی گرنگی ئێراق و شوێنگەکەیەوە، زلھێزانی دونیا و نوێنەرانی مۆدێڕنیتەی سەرمایەداریی بێلایەن و بێدەنگ نەبوون و ئەوانیش بە شێوەی جۆراوجۆر دەستێوەردانی دۆخەکەیان کرد و بەرەی شەڕەکان و ھاوکێشە پێکەوەیی و دژبەرەکانیان بەڕێوە دەبرد. ئەویش بەدوو ئامانج:
١-چارەسەرنەکردنی دۆزی کورد و لێدان لە تێکۆشانی ئازادیی کوردان.
٢-دەستگرتن بە سەر کانگاکان و ڕێگەکانی گەیاندنی نەوت و غاز، کە بە وزە بەناوبانگە.
بۆ ئەو مەبەستە پێکدادانێکی زۆریان لە ناوچەکە و لە ڕێی شەڕی ناوخۆیی و دەستێوەردانی دوو دەوڵەتی تورکیا و ئێرانەوە بەڕێوە برد. بوونی ئێرانیش دەرفەتی دەستێوەردانی ئەمریکا و ھاوپەیمانەکانی زیاتر دەکرد. گەشە و گەورەبوون و بەھێزبوونی تێکۆشانی ئازادی کوردانیش، تورکیا و ھاوپەیمانەکانی ھار دەکرد. بۆیە بە ھەمووان بەرانبەر بەرەوپێشچونەکانی تەڤگەری ئازادیی کوردان ئۆقرەیان لێ بڕا و کەوتنە ئامادەکاریی ھێزگەلی شەڕکەر  تێکدەر.
بەھاری عەرەبیی بووە ئەو دەرفەتەی دەستێوەردان و ھێزە نوێکان بێننە پێشەوە. بەھۆی نائومێدبوونی ئەمریکا و ھاوپەیمانەکانی لە ھێزە کوردییەکانی باشوور، نەیاندەتوانی پڕۆژەکانی زلھێزان جیبەجێ بکەن و خۆیان بە دەوڵەتە ھەرێمیی و داگیرکەرانی کوردستانەوە گرێ دەدا. ھێزگەلێکی دەرەکیی لە ئیخوانەکان و داعش و ئەلقاعیدەی درووست کرد و دەستێوەردانی دۆخەکەی کرد. 
لەدوای بەھاری عەرەبی و دروستبوونی کێشە لەسوریا.
ئەوەی پێی دەڵێن بەھاری عەرەبیی، بۆ دەستێوەردانی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا کراوە بوو. وا دەرنەچوو، خەریک بوو بزوتنەوە چەپ و ڕادیکاڵ و فیمینیستەکان کاریگەریی لە سەر دابنێن. ھەروەھا بەرەوپێشچوونەکانی ناو سووریا و دەرکەوتن و بەھێزبوونی تەڤگەری ئازادیی کوردان و دەرکەوتنی ڕەوتێکی بەھێزی تێکۆشانی دیموکراتیک مۆدێڕنیتەی سەرمایەداریی و دەوڵەت نەتەوەکانی بەخۆدا ھێنایەوە، کە دەستێوەردانی دۆخەکە بکەن و نەھێڵن تێکۆشانە شۆڕشگێڕییەکان کاریگەر و پێش بکەون. بۆیە لەژێر ناوی ئیسلامی سیاسیدا، بە ڕێبەری ئیخوانیزمی جیھانی چەندین ڕەوت و پارت و ڕێکخستنی میانڕەو و توندئاژۆیان درووست کرد و ھێنایاننە مەیدان.
لە وڵاتەکانی میسر، تونس، مەغریب توانیان دەسەڵاتی دەوڵەت – حکومەت بەدەستەوە بگرن و لە دواییدا بینیان کاریگەرییەکانیان نەرێنییە، بۆیە لە میسر لە ڕێی کودەتایەکەوە دەسەڵاتیان لێ سەندرایەوە و گوایە بە ڕێی دەنگدان حکومەت و دەسەڵاتێکی مەدەنی ئاوا کرا. ئەوەی پەیوەستی سووریا و دۆزی کورد و گەشەی تەڤگەری ئازادی کوردان بوو، دۆخەکە جیاواز بوو.
بەھێزبوونی لایەنی کوردیی، بە تایبەت، کە ڕێچارەی کێشەی کوردی پێیە و تەسلیمی ڕۆژەڤی داگیرکاری نابێت و کاردانەوەی ناوچەیی لە سەر سێ دەوڵەتی داگیرکەری کوردستانیش دەبێت، ھەروەھا خاوەنی سیستەمی سیاسی کۆمیناڵە، بۆیە سیستەمی مۆدێڕنیتەی سەرمایەداریی و دەوڵەت نەتەوەکان کەوتنە ناو کۆمپلۆیەکی پێکەوەیی جیھانیی لە دژی ئەو تێکۆشانەی کوردان و لە ڕێی داعش و قاعیدە و ئەنەکەسە و پەدەکەوە کەوتنە ھێرش و داگیرکاریی بۆ سەر ڕۆژئاوای کوردستان، لەوێشەوە بۆ داگیرکردنی موسڵ و شەنگاڵ و مەخموور و ھەولێر و  ھەرێمی کوردستان.
ھێرشی سەر موسڵ بە ڕێککەوتن لەگەڵ پەدەکە و حکومەتی ئێراقی کرا. بەڵام بەھۆی ئەوەی دەستی ھەموو لایەک لەناو داعشدا ھەبوو توانیان ئاڕاستەی ھێرشەکان لە بەغدادەوە، کە لە کەوتندابوو. بگۆڕن بۆ ھەرێمی کوردستان و ھەولێر. بۆیە ھێرشی سەر کەمپی پەنابەرانی مەخمور ھەولێر کەوتە بەر مەترسیی و دەسەڵاتدارانی ھەولێر خۆیان ئامادە کرد بۆ ھەڵھاتن. بەڵام بەھۆی دەستێوەردانی گەریلا و شەڕڤانانی ئازادییەوە، دۆخەکە پێچەوانە بووەوە.
 لەکاتێکدا لەلایەن تورکیاوە ڕووی ھێرشەکانی داعش بۆ لەناوبردنی حکومەتی ھەرێم و داگیرکردنی باشووری کوردستان وەرگەڕێنرا. بە ئامانجی لەناوبردنی حکومەتی ھەرێم و دوو حیزبە باڵادەستەکەی ناو حکومەتەکە کە یەنەکە و پەدەکەبوون. بەڵام بەھۆی دەستێوەردانی شەڕڤانانەوە، دەوڵەتی ئێران و تورکیای بەخۆدا ھێنایەوە و لە ھەڵەی بۆچوونەکەیان تێگەیشتن، ئەگەر حکومەتی ھەرێم و حیزبە پێکھێنەرەکانی نەمێنن! ئەوا ئەو بۆشاییە سیاسی – دەسەڵاتدارێتییە بە پارتەکانی تێکۆشانی دیموکراتیک و سیستەمی خۆبەڕێوەبەری پڕ دەکرێتەوە. بۆیە ھەردوو دەوڵەتی تورکیا و ئێران و ھاوپەیمانەکانیان بە شێوەی جۆراوجۆر کەوتنە بەھاناھاتنەوەی حکومەتی ھەرێم و ھەردوو حیزبی فەرمانڕەوا. فیلەمەکەی ئاغای سڵێمانی گەواهی بۆچوونەکانمانە.
بۆ ھەردوو دەوڵەتی ئێران و تورکیا، دەستێوەردان لە باشووری کوردستان دوو ئامانجی جیاوازی ھەبوو. دەوڵەتی تورکیا دەیویست لە ڕێی داعشەوە دوو ئامانج بپێکێت:
١-پێگەی ئێران و نفوزی لەناوچەکە بەرتەسک بکاتەوە یان نەیھێڵێت.
٢-لە حکومەتی ھەرێم بدات و ھەڵی وەشێنێت و داعش بکاتە دەسەڵاتدار و لەوێوە ویلایەتی موسڵ زیندوو بکاتەوە و عوسمانییەتی نوێ ئاوا بکاتەوە.
درووستکردنەوەی عوسمانییەتی نوێ، پێویستی بە دەستێوەردانە لە پانتایی جوگرافیایەکی گەورەدا، کە ھەڵوەشانەوەی نەخشەی کۆنە. ئەو نەخشەیەش بە ئاسانی دەستێوەردانی تێدا نەدەکرا. ئەوە لەکاتێکدا کە گێڕانەوەی ویلایەتی موسڵ واتە لێدان لە عێراق و دابڕینی جوگرافیایەکی گرنگ لە خاکی ئێراق، کە نەک ھەر لە ڕووی جێو سیاسییەوە، بەڵکوو لە ڕووی جیۆ ئیکۆنۆمی و وزە و کشتوکاڵیشەوە ئێراقی تووشی تەنگاویی مەزن دەکرد و ئێراقی دەخستە ڕیزی وڵاتە ھەرە ھەژارەکانەوە. بەو پێیەی ئێراق ئەو گرنگییە مێژوویەشی ھەیە، بۆیە بووەتە گۆڕەپانی چاوتێبڕین و دەستێوەردانی دەرەکیی و بەرژەوەندیی جیاواز. بۆیە باڵادەستی تورکیا واتە سڕینەوەی بەرژەوەندییە جیاوازەکان و لێدان لەوان و بەھێزبوونی پێگەی تورکیا نەک لە ناوخۆ، بەڵکوو لە ناوچەکە و جیھانیشدا. ئەوەش پێچەوانەی ڕەوتی مێژووە. دەبێت تورکیایەکی بەھێز نەبێت. 
لەم لاشەوە کوردی ئازاد وەخۆ کەوتبوو، بووبووە ھێز و خەریکی خۆڕێکخستنی فراوان و گەورە بوو. لە شەنگاڵ ھێزی پاراستنی خۆجێی لە ئێزدییەکان و عەرەبەکانی ئەو ناوچەیە درووست بوبو، لە شارەکانی گوڵاڵە و کەرکووک و موسڵ و مەخموور ھێزی پاراستنی گەل بە درێژایی بەرەکانی شەڕی دژی داعش بەرگریی مەزنیان دەکرد. بۆیە ئەو دۆخە ھەموو سیستەمی دەسەڵات – دەوڵەت – بەکرێگیراوی تەنگاو کردبوو. بۆ ئەوەی مۆری دەسکەوتەکانی شەڕڤانانی ئازادیی لە باشووری کوردستان کەم بکەنەوە و لە فریادڕەسەوە بیگۆڕن! ھێرشێکی دژبەر دەستی پێ کرد. ئەو ھێرشە ھەم حکومەتی ھەرێمی تێدابوو، ھەم لە دژیشی خۆشی بوو. 
بۆ ئامادەکاریی ئەو ھێرشە پیلانگێڕیەک بەڕێ خرا، کە ڕیفراندۆمێک بە ناوی سەربەخۆیی کوردستانەوە بکرێت و لە پاش ئەوە بە ھەموو دەوڵەتە داگیرکەرەکانی کوردستان و لە ڕێگەی سوپای ئێراقیشەوە بە باڵ و ھێزە جیاوازەکانییەوە، ھێرشی سەر ھەرێمی کوردستان بکرێت و بەو ھۆیەوە دەسکەوتەکانی شەڕی داعش لە دەستی کوردان و شەڕڤانانی ئازادی بسەننەوە. ھێرشەکەیان سەرکەوتوو بوو. بۆیە دەبێت پێگەی ڕیفراندۆم وەک ڕێککەوتنێک ببینرێت و ھەڵسەنگێندرێت، کە لێدانە لە دەسکەوتەکانی گەلی کورد لە باشوور، کە لە دەستووری ئێراقی فیدراڵدا شتێکی بەدەست ھێناوە و لەو لاشەوە بۆ لێدان بوو لە دەور و کاریگەریی سەرکەوتنە سەربازییەکانی شەڕی دژی داعش لەلایەن شەڕڤانانی ئازادییەوە.
بۆیە لە کاتی گرتنەوەی موسڵ-شەنگاڵ، تورکیا – پەدەکە نەیانھێشت و نەیاندەویست گەریلا و شەڕڤانانی ئێزدیی بەشداری ھەڵمەتی لێسەندنەوە و پاککردنەوەی ئەو دوو شار و ناوچەیە ببن. بەڵام بەھۆی پێداگریی و کاریگەریی و خاوەندەرکەوتنی ئێزدییەکان لە زێدی خۆیان بەشدارییان کرد و بەو ھۆیەشەوە لە کۆمەڵگەی ئێزدیدا سیستەمێکی خۆسەر و خۆبەڕێوەبەریان دامەزراند و ھێزی پاراستنی خۆجێیشیان بۆ درووست کرد. بەوە تورکیا و پەدەکە تەنگاو بوون و بەپەلە مەسعود بەرزانیان گەیاندە سەر چیای شەنگاڵ، لە کاتێکدا بە ژێر ئاڵای پەکەکە و یەبەشە و یەژەشە و بازگەکانی شەڕڤانی ئێزدیدا ڕۆیشتبوو! بەڵام لە سەر چیای شەنگاڵ ڕایگەیاند کە "پێشمەرگەکانی پەدەکە لەگەڵ ھاوپەیمانان شەنگاڵیان ئازاد کردووە". لە کاتێکدا بەھۆی بەشداریی پەدەکە لە تاوانی ژینۆسایدکردنی ئێزدییەکاندا، ئێزدییەکان نەیانھێشتبوو چەکدارەکانی پەدەکە بەشداریی پاککردنەوەی شەنگاڵ بکەن. 
لەولاشەوە ئێران بە ھەموو دوژمنایەتیەکانی لە دژی کوردان ھەیەو ناکۆکە لەگەڵ ھەژموونی تورکیادا لە ناوچەکە. ئێران لە ڕێگەی درووستکردنی حەشدی شەعبییەوە سوپایەکی درووست کرد، یاسایەکیشی لە ئێراقدا بۆ بەفەرمی ناسینی درووست کرد و بووە ھێزێکی یاسایی و لە ھاوکێشەی ھێزی ناوچەیی و ئێراقدا کاریگەریی ھەبوو. کەوانەی شیعی لە ناکۆکییەکی گەورەی ھەژموونگەرادایە لەگەڵ ھەژموونییەتی دەوڵەتی تورک. دوژمنانی کورد چەندە کۆکن دژی کوردان، زۆر زیاتر لەوە ناکۆکیشیان لە سەر ھەژموون و دەسەڵات و بەرژەوەندییەکانیان ھەیە.
لە بەرانبەردا ھێزی ھێڵی تێکۆشانی ئازادی کوردانیش ھەیە. کە لە نێو ھاوکێشەکانی ھێزی ناوچەدا کاریگەریی ھەیە و پارێزوانی دەسکەوتەکانی گەلی باشور و حکومەتی ھەرێمیشە. ئەگەر تێکۆشانی پەکەکە و تەڤگەری ئازادی کوردان نەبا، نە حکومەتی ھەرێم دەما و نە پارتە سیاسی – خێڵەکییەکانی باشوور. ئەوەی تەڤگەری ئازادیی کوردان لەناو نەدەبرا و ھەرچی زیاتر گەورە و فراوان دەبوو، ھێڵی دەسەڵاتخواز – دەوڵەتگەرا لە باشوور پێویستی بەکارھێنان و لەدژوەستانەوە دژی تەڤگەری ئازادیی کوردانی بۆ داگێرکەران پێویستتر دەکرد. بۆیە ئەو ھێڵە دەسەڵاتخواز پاوانخوازە ھەرچی زیاتر دەکەوتنە خزمەتی داگیرکەران و وەستانەوە دژی خواستی ئازادیی گەلی کورد.
حکومەتی ھەرێم و خۆبەڕێوەبەریی
شەنگاڵ
حکومەتی ھەرێم لە ئەنجامی بۆشایی دەسەڵاتی بەعس و ڕاپەڕینی جەماوەری باشووری کوردستان درووست بوو. بەڵام ئامانج لە درووستبوونەکەی سیاسەتی پاوانخوازیی و وەستانەوە دژی تەڤگەری ئازادیی کوردان بوو لە بەش و پارچەکانی تری کوردستان و ھێڵێکی تەسکی پاوانخوازیی ناوچەیی و بنەماڵەیی بوو. پاش ھێرشەکانی داعش و بەجێھێشتنی گەلی ئێزدیی لە ناوچەی شەنگاڵ لەلایەن حکومەتی ھەرێم – پەدەکەوە، بەھۆی دەستێوەردان و پاراستنی گەلی ئێزدیی و بەردەوامی بەرخۆدان بەرانبەر داعش. ھێزی پاراستنی ئێزدیخان بیچمی گرت، سەرەنجام سیستەمی خۆبەڕێوەبەریی شەنگاڵ ئاوا کرا و خۆی بەڕێکخستن کرد. بەوە ئێزدیەکان بوونە خاوەنی سیستەمی پاراستنی خۆجێی. ئەو ھێزە بووە ھێزێکی کاریگەر لە ھاوکێشەی ھێزی ناوچەکەدا و کەوتە بەر نەفرەتی دەوڵەتی تورک و پەدەکە و ئێراقی کازمیی.
لەبری ئەوەی حکومەتی ھەرێم و ھێزە بەڕێوەبەرەکانی ئەو سیستەمە خۆبەڕێوەبەرییە ئەرێنی وەربگرن و وەک ھیواو پشتیوانێک بۆ حکومەتی ھەرێم بیبینن! بەداخەوە کەوتنە دژایەتیی و وەستانەوە لە بەرانبەریدا. ھۆکاری ئەوە تێگەیشتنی ھەڵەی تەسکبینیی خێڵەکیی پارچەگەر و ھەژموونگەرایە. ھێڵی کلاسیک بە پشتبەستن بە داگیرکەر و ھێزە دەرەکییەکان، خۆیان وەک نوێنەری درووستکەری دەوڵەت – نەتەوەی کورد دەناسێنن. بۆیە ھێڵی ھەژموونگەرا نایانەوێت لە دەرەوەی بیرکردنەوەی خۆیان ھیچ مەیل و تێگەیشتنێکی تر قبووڵ بکەن. 
لە کاتێکدا دەکرا، ھێڵی تەڤگەری ئازادیی کە لە سەر نەتەوەی دیموکراتیک ئاوا کراوە و سیستەمی خۆبەڕێوەبەری شەنگاڵی بەڕێکخستن کردووە، وەک دەوڵەمەندی و ھەردو شێوەی تێکۆشانی ئازادیی نەتەوەیی دیموکراتیکی کوردان قبووڵ بکردایە و بۆ چارەسەری کێشەی کورد سوودی لێ وەربگرێ. وەک دوو ڕەوتی تەواوکەری یەکتری بەدەستییەوە بگرێ. بەڵام بەداخەوە ھێڵی کلاسیک کەوتە دژایەتیی و ھاوپەیمانیی لەگەڵ داگیرکەران و شەڕکردن دژی سیستەمی خۆبەڕێوەبەریی. بەوە بووە ھۆکاری تێکدانی پارسەنگی بەدەستھێنانی یەکێتیی نەتەوەیی و دیموکراتیزەبوونی سیاسەتی کلاسیک و سوودوەرگرتن لە سەرپاکی ڕێوشوێنە جیاوازەکانی تێکۆشانی نەتەوەیی کوردان. 
ھێڵی کلاسیکی خێڵ – بنەماڵە – بەرەباب لە سەر ئاستی کێشەی کورد بۆ خۆی کێشە بووە. ھەرگیز نەیویستوە لە چوارچێوەی کێشەی کورددا لایەنی پۆزەتیڤ و ھاوکاری چارەسەری کێشەی کورد بێت. بەڵکوو ئەو کێشەیەی بەدەستەوە گرتووە و وەک ھێڵێکی داگیرکاریی لە خزمەتی خۆیدا بەکاری ھێناوە و بەرژەوەندییەکانی خۆی پێ برەو و پەرە پێ داوە. ئەم ھێڵە نەک بۆ تێکۆشانی ئازادیی کوردان، بەڵکوو بۆ لێدان لە تێکۆشانی ئازادیی کوردان ڕەنگڕێژ بووە و دامەزراوە و کاری کردووە.
لێدان لە شۆڕشگێڕانی ھەموو بەش و پارچەکان! کوشتن و تیرۆری ئەو کەسایەتییە ئازا و ئازادانەى وا ویستوویانە تێکۆشانێکی ئازاد دژی داگیرکەران بەڕێوە ببەن. ڕێککەوتن و ھاوپەیمانیی لەگەڵ ھەموو داگیرکەرانی ھەر چوارپارچەی کوردستان و گۆڕین و ناوھێنانی ھەربەش و پارچەیەک بە پارچەی وڵاتی داگیرکەر و لێسەندنەوەی ناسنامەی کوردستانیبوونی خاکی کوردستان. نکوڵییکردن لە نەتەوە و بوونە جیاوازەکانی سەر گۆڕەپانی خاکی کوردستان و لێدان و ئاوارەکردن و پاوانی خاک و موڵکیان، هەروەتر وەدەرنانیان لە زێدی خۆیان. ئەم ھێڵە پێویستە وەک ئەوەی ھەیە بناسرێت و سیاسەتی لە بەرانبەر بکرێت. تا ئەم ھێڵە نەناسرێت، نەداگیرکاری تێکدەشکێت، نە تێکۆشانی ئازادیخوازیی گەلیش پێش دەکەوێت! نە یەکێتیی نەتەوەیی درووست دەبێت! نە پێکەوە ژیانی گەلان، چ لەسەر خاکی کوردستان چ لەو سەرزەمینانەی وا نەتەوەی کوردی پێوە لکێنراوە و نکوڵی لێ کراوە. بەوەش کێشەی کورد نەک چارەسەر نابێت، بەڵکوو وەک کێشەی تیرۆر و توندوتیژیی پێناسە دەکرێت و ماف و ڕەوایەتیی بە داگیرکەر و ھێزە جیھانییەکان و کۆمپلۆگەران دەدات تا ھێرش بکەنە سەری و لەناوی ببەن.
ئەم تێکۆشانە پێویستی بە دەرخستنی ھێڵی شۆڕشگێڕیی و ڕێکخستەى دیموکراتیک ھەیە، هەم لە سەر ئاستی تێکۆشانی نەتەوەیی کوردان (کە ئەمە پێک ھاتووە)، ھەم لە سەر ئاستی تێکۆشانی شۆڕشگێڕیی باشووری کوردستان (کە ئەمە کەموکووڕییەکەیە). تا بتوانێت ڕێبەرێتیی و پێشەنگایەتیی و ڕێکخستنی تێکۆشانی شۆڕشگێڕی دیموکراتیکی باشوور وەک بەش و پێکھێنەری تێکۆشانی گشتی گەلی کورد بکات. بۆ ئەمە پێشەنگایەتیی شۆڕشگێڕیی و پارتی سیاسیی و ڕێکخستنە جیاوازە کۆمەڵایەتییەکان گرنگە، هەروەتر پێویستی  بە ھاتنەمەیدانی بەش و پێکھاتە کۆمەڵایەتییەکانە بۆ بەشداریی شۆڕش و تێکۆشان. بۆ ئەوەش تێکۆشانی ھزریی و خەباتی ئایدۆلۆژیی زۆر واتادارە.
تا ئاڵوگۆڕی ھزریی لە تێکۆشانی نەتەوەی دیموکراتیکی کۆمەڵگەی باشووردا نەکرێت، تا جیاوازیی ھێڵی داگیرکاریی تەسلیمکار و ھێڵی تێکۆشانی شۆڕشگێڕیی دیموکراتیک دەستنیشان نەکرێت، بەرەوپێشچوون لە تێکۆشانی ئازادیی گەلی کورد لە باشوور بەدەست نایەت و باشوور وەک ناوەندی دژەشۆڕش بەدەست داگیرکەر و زلھێزان و ھێڵی کلاسیکی خێڵەکییەوە دەبێت!
 



Dengnet.net - 2021
دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە
ژمارەی سەردان 426,924     ژمارەی میوان 15