ده‌رباره‌   په‌یوه‌ندی
بەرپرسێکی گۆڕان ھۆکاری شکستەکەیان لە گەرمیان دەخاتەڕو

2021/10/12 - 02:18 | 2344 جار بینراوە    
 
دەنگ نێت
 
بەڕێوبەری گشتی تەندروستی گەرمیان کە لەسەر لیستی گۆڕانە، ھۆکاری دەرنەچونی کاندیدەکەیان لە گەرمیان دەخاتە ئەستۆی غالب محەمەد و عەبدوڵڵای کوێخا موبارەک.
 
د. سیروان محەمەد، لە پۆستێکدا لە پەڕەی خۆی لە فەیسبوک ئاماژەی بەوەداوە کە ٦ ھەزار دەنگی گۆڕان لە بازنەی پێنجی سلێمانی بەھۆی غالب محەمەد و عەبدوڵڵای کوێخا موبارەک بۆ کاندیدەکەی گۆڕان 'ھۆشیار عومەر' نەچوە.
 
ناوبراو ئەمەش بە ھۆکاری دەرنەچونی ئەو کاندیدەیان دەزانێت.
 
غالب محەمەد، پێشتر ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی و پاشان ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بو لەسەر لیستی گۆڕان و بۆ ئەم ھەڵبژاردنە کاندیدی سەربەخۆ بو کە ٤ ھەزار و ٢٧٢ دەنگی بەدەستنەھێنا و نەیتوانی لە بردنەوەی یەکێک لە چوار کورسیەکەی بازنەکە سەرکەوتو بێت.
 
ھەرچی عەبدوڵڵای کوێخا موبارەکیشە، ھەڵسوڕاوێکی دیاری گۆڕان بو لە چەمچەماڵ، پاشان بو بە بەشێک لە جوڵانەوەی سەرکردە ناڕازییەکانی ناو گۆڕان، پێش ئەوەی بە فەرمی بچێتە ریزەکانی پارتی دیموکراتی کوردستانەوە و لەم ھەڵبژاردنەدا کەمپین بۆ ئەو حزبە بکات.
 
بزوتنەوەی گۆڕان لەبازنەی پێنجی سلێمانی کە گەرمیان و دەربەندیخان و چەمچەماڵ دەگرێتەوە، بە یەک کاندید بەشداریی کرد 'ھۆشیار عومەر'، بەڵام تەنھا ٢ ھەزار دەنگی بەدەستھێنا و سەرنەکەوت.
 
ئەم دەرنەچونە ھاوشانە بە 'شکستێکی' بێپێشینەی گۆڕان لە ھەڵبژاردنەکاندا کە نەیتوانی یەک کاندیدیش سەربخات، ئەمەش یەکەمجارە لە پاش دامەزراندنی بزوتنەوەکەوە رودەدات، ئەم پێشھاتەش ناڕەزایەتی زۆری دروستکردوە لەناو گۆڕان و دەرەوەیشی دا و داوای گۆڕانکاریی لە بزوتنەوەکەدا دەکەن، ئەمەش بزوتنەوەکەی ناچار کرد دوێنێ لە راگەیەنراوێکدا دان بە ھەڵەی خۆیاندا بنێن و داوای لێبوردن لە ھەوادارەکانیان بکەن.



Dengnet.net - 2024
دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە
ژمارەی سەردان 1,705,330     ژمارەی میوان 826