ده‌رباره‌   په‌یوه‌ندی
کەلار.. ناکۆکیەکانی بافڵ تاڵەبانی و لاھور شێخ جەنگی دەمەزەرد دەکاتەوە

2021/10/06 - 02:09 | 2253 جار بینراوە    
 
دەنگ نێت
 
تائێستا یەکلانەبوەتەوە ھاتنە لەناکاوەکەی لاھور شێخ جەنگی بۆ گەرمیان پەیوەندی بە چیەوە ھەبوە، دەوترێت بۆ بەشداریی بوە لە ئاھەنگێکی لیستی ھاوپەیمانی، خۆی دەڵێت بۆ بەشداریی لە مەراسیمێک دا بوە بۆ یادی کۆچکردنی مام جەلال، رێکخەری بۆنەکەش کە مەحمود سەنگاوییە ھیچ ناڵێت و بێدەنگە.
 
دوانیوەڕۆی دوێنێ سێشەمە، لاھور شێخ جەنگی، ھاوسەرۆکی یەکێتی نیشتمانی لەسەردانێکی کتوپڕدا گەیشتە کەلار، بۆ بەشداریی لە مەراسیمێکی کۆمەڵایەتی کە مەحمود سەنگاویی رێکیخستبو.
 
ھاتنە لەناکاوەکەی لاھور شێخ جەنگی، بو بە مایەی شۆک و سەرسوڕمان، چونکە یەکەم دەرچونی ئەوە بۆ شارێکی تر لە پاش روداوەکانی ھەشتی تەموزەوە کە لەلایەن بافڵ تاڵەبانی ھاوسەرۆکی یەکێتی و ئامۆزایەوە کەنار خرا.
 
تائێستا ھۆکاری ھاتنەکەی ناوبراو رون نیە، چونکە کاروان یاروەیس کاندیدی لیستی ھاوپەیمانی لە ھەژماری خۆی لە فەیسبوک رایگەیاندوە مەراسیمەکە کۆمەڵایەتی بوە و بۆ پشتیوانی لە لیستی ھاوپەیمانی بوە، کەچی لاھور شێخ جەنگی ھەر لە فەیسبوک نوسیویەتی بۆ بەشداریی لە مەراسیمێک دا بۆ یادی کۆچی دوایی مام جەلال چوەتە کەلار. ئەوەی لەم نێوەندەدا قسەناکات و بێدەنگە، مەحمود سەنگاوییە کە رێکخەری مەراسیمەکەیە.
 
بەپێی زانیارییەکانی رادیۆی دەنگ، مەراسیمەکە پشێویی لەنێو یەکێتی دروست کردوە، بەشێوەیەک بافڵ تاڵەبانی زۆر نیگەران و توڕە بوە لەو سەردانە، بۆیە بەپەلە بروسکەی کردوە بۆ بەرپرسانی حزبەکەی لە حکومەت و حزب کە بەشداریی مەراسیمەکە نەکەن، ئەوەبوە بەشێکیان نەڕۆشتون، بەڵام بەھۆی ئەوەی بروسکەکە درەنگ گەشتوە، بەشێکیان بەشدارییان کرد و ھەندێکیان دواتر کۆبونەوەکەیان بەجێھێشتوە.
 
بافڵ تاڵەبانی لەو کۆبونەوەیە نیگەران بوە و نیگەرانیەکەیشی گەیەنراوە بە مەحمود سەنگاوی.
 
بەپێی زانیارییەکان، مەحمود سەنگاویی ھەستاوە بە داوەتکردنی لاھور شێخ جەنگی بۆ کۆبونەوەکە، بەڵام کە دواتر کاردانەوە و توڕەبونی بافڵ تاڵەبانی پێگەیشتوە لەلایەن ھاوڕێیانیەوە لە باڵەکەی خۆی، ویستویەتی زەخەمێکی زۆر بە سەردان و بەشدارییەکە نەدات، بەشێوەیەک زۆر بە گەرمی پێشوازیی لە لاھور شێخ جەنگی نەکراوە و لە وتاری مەراسیمەکەدا ناوی نەھێنراوە و تەنانەت دەرفەتی وتاردانی پێنەدراوە، لاھوریش پاش مەراسیمەکە نەماوەتەوە و راستەوخۆ گەڕاوەتەوە، بەپێچەوانەی میوانەکانی تر کە پاش مەراسیمەکە مابونەوە و نانی ئێوارەیان لەوێ خواردوە.
 
بەپێچەوانەی پێشوازیی 'ساردی' رێکخەرانی کۆبونەوەکە، لەناو ئامادەبوان دا بەتایبەت گەنجەکان، پێشوازیی گەرم لە لاھور شێخ جەنگی کرا و چەند جارێک دروشمی پشتگیریی بۆ وترایەوە.
 
کۆبونەوەکەی دوێنێ بەناوی عەشیرەتی جافەوە کراوە، کە وەک راگەیەنرابو مەحمود سەنگاوی ھەستاوە بە کۆکردنەوەی 'پیاوماقوڵ و ریشسپی و کەسایەتیەکانی' عەشیرەتەکە لە گەرمیان و شارەزور و قەرەداغ، ئەمەش ھاوکات لەگەڵ ئەو جموجۆڵانەیە کە ماوەیەکە ئەو و عەدنانی حەمەی مینای ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتی دەیکەن بەناوی جاف و کۆکردنەوەی جافەوە، بەڵام ئەوەی مایەی تێبینی بو ئەوەیە عەدنانی حەمەی مینا بەشداریی ئەو بۆنەیەی دوێنێی نەکرد، لەکاتێکدا لەم ماوەیەی دوایی دا زۆر بەیەکەوە دەرکەوتون و باس لەوە دەکرێت سەرکردایەتی کۆکردنەوەی 'جاف' دەکەن لە سنورەکە، بەتایبەتی پاش نیگەرانیەکانی ناو بەشێک لە کادیرەکانی ئەو ھۆزە لەناو یەکێتی، کە پێیانوایە ئەوان لەسەر حسابی ھۆزە رکەبەرەکەیان 'زەنگەنە' فەرامۆش کراون.
 
سەرچاوەیەک لەبارەی ئامادەنەبونی عەدنانی حەمەی مینا لەو کۆبونەوەیە، بە رادیۆی دەنگی وت: عەدنانی حەمەی مینا ویستویەتی بەشداریی بکات، بەڵام کە زانیویەتی لاھور شێخ جەنگی دێتە مەراسیمەکە، ئەو نەچوە.
 
ئەم پێشھاتە لەکاتێکدایە کە دوێنێ بافڵ تاڵەبانی لە ھەنگاوێکی بێپێشینەدا، لە فڕۆکەخانەی سلێمانی، پێشوازیی لە د. بەرھەم ساڵەح، سەرۆککۆماری عێراق کرد، کە ئەمەی دواییان بە سەرکردەی تەکەتولێک ناسراوە لەناو یەکێتی کە مەحمود سەنگاوییش لەخۆ دەگرێت، زانیارییەکانیش باس لەوەدەکەن کە چونەکەی بافڵ تاڵەبانی بۆ رەواندنەوەی ئەو دەنگۆ و زانیارییانەیە کە باس لەوەدەکەن یەکێتی دەستبەرداری پۆستی سەرۆککۆمار دەبێت بۆ پارتی، پێدەچێت کۆبونەوەکەی کەلاریش ھەنگاوێکی پێشدەستەی ئەو باڵە بوبێت بە ئاقاری دروستکردنی فشار لەسەر بافڵ تاڵەبانی بۆ ھێشتنەوەی بەرھەم ساڵەح لە پۆستەکەی بۆ خولی ئایندە.
 
سەردانەکەی لاھور شێخ جەنگی، ئەگەرچی کاتێکی کەمی خایاند، بەڵام دەمەزەدی ناکۆکیەکانی نێوان ئەو و بافڵی ئامۆزای کردەوە کە چەند ھەفتەیەکە ھێوربونەوەی بەخۆیەوە بینیوە.
 
ھاوکات چەندین پرسیاریشی وروژاندوە، چ لەبارەی خۆیەوە 'لاھور' کە دەیەوێت بەم سەردانەی چ پەیامێک بگەیەنێت و ئایا ئەمە دەستپێکی گەڕانەوەی دەبێت بۆ سەر شانۆی رۆڵگێڕانی لەکایەی سیاسی؟ چ لەبارەی ئەو کەسانەشی کە کۆبونەوەکەیان رێکخستوە، بەوەی بەنیازی چ پلان و پرۆژەیەکن و دەیانەوێت بە ھێنانی لاھور شێخ جەنگی بۆ ناو دیمەنەکە، چ پەیامێک بگەیەنن و چ ئامانجێک بپێکن؟
 
 



Dengnet.net - 2024
دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە
ژمارەی سەردان 1,721,316     ژمارەی میوان 2683