عه‌لی نادر
گه‌ر بمانه‌وێت باس له وه‌رگێڕان بكه‌ین، پێویسته سه‌ره‌تا بچینه لای خۆرئاواییه‌كان و باسی وه‌رگێڕانی كتێبه پیرۆزه‌كان بكه‌ین. ده‌بێت ئاماژه به‌وه‌یش بكه‌ین كه تا نیوه‌ی دووه‌می سه‌ده‌ی بیسته‌م تیۆری وه‌رگێڕان لای ئه‌وان له چوارچێوه‌ی ئه‌و دیبه‌یته‌دا گیری خواردبوو كه جۆرج شتاینه‌ر به مشتومڕێكی ”بێهوده“ له‌مه‌ڕ ”مۆدێلێكی سێلایه‌نه“: ”شرۆڤه‌كردن،“ ”وه‌رگێڕانی حه‌رفی“ و، ”لاساییكردنه‌وه‌یه‌كی ئازاد“ ناوی ده‌بردن. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌یشدا جیاوازیی نێوان وه‌رگێڕانی ”وشه به وشه“ و ”واتا به‌رامبه‌ر واتا“ ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ سه‌رده‌می سیسیرۆ (106 پێش زایین - 46 پێش زایین) و سه‌ینت جیرۆم (347 زایین -420 زایین). له خۆرئاوا، له‌و شوێنه‌ی كه پێگه‌ی نووسه‌ره كلاسیكییه‌كانی یۆنانی كۆن و ڕۆما له ئاستێكی باڵادا بوو، بۆ ماوه‌ی نزیكه‌ی دوو هه‌زار ساڵ یاسا و ڕێساكانی نووسه‌رانی یۆنان و ڕۆما بنه‌ما سه‌ره‌كییه‌كانی وه‌رگێڕان بوون.
قسه‌كردن له‌سه‌ر وه‌رگێڕان له سه‌ده‌ی یه‌كه‌می پێش زایین و چه‌ند سه‌ده‌یه‌كی پاش زایینیش هه‌ر له ئاستی وشه‌دا بوو. وه‌گێڕانی كتێبی پیرۆزی ئینجیل و ته‌ورات به شێوه‌یه‌كی سه‌ره‌كی لای وه‌رگێڕه‌كان وه‌ك مادده‌یه‌كی خاو سودیان لێ ده‌بینرا، هه‌ر ئه‌مه‌یش وای كردبوو كه هه‌ر لادانێك له وه‌رگێڕانی ئه‌و په‌رتووكه پیرۆزانه هه‌را و زه‌نایه‌ك به دووی خۆیدا بهێنێت.
هۆراس یه‌كێك بووه له‌و وه‌رگێڕانه‌ی كه سه‌باره‌ت به پاچڤه‌ی وشه به‌رامبه‌ر به وشه ناقایل بووه، بیست ساڵێك پێش زایین جه‌ختی له به‌رهه‌مهێنانی تێكستێكی جوان و دڵگیر له زمانی به‌رامبه‌ردا كردووه‌ته‌وه. هه‌ر ئه‌م هه‌ڵوێسته‌ی هۆراس كاریگه‌ریی كردووه‌ته سه‌ر وه‌رگێڕه‌كانی سه‌ده‌كانی دواتر. به‌م شێوازه سه‌ینت جیرۆم كه به‌ناوبانگترین وه‌رگێڕی سه‌رده‌مه‌كی خۆی بووه، پشتی به بیروڕاكانی سیسیرۆ، بۆ پێداچوونه‌وه و وه‌رگێڕانی چاپێكی نوێی ئینجیل به زمانی لاتینی، به‌ستووه. له‌م چوارچێوه‌یه‌دا ستراتیجی خۆی له باره‌ی وه‌رگێڕانه‌وه به‌م شێوه‌یه ده‌ربڕیوه: ”كاتێك له زمانی گریكه‌وه وه‌رده‌گێڕم- جگه له كتێبی پیرۆز كه پێكهاته‌ی ڕسته‌سازییه‌كه‌ی ئاڵۆزییه‌كی تێدایه- به شێوازی وشه به‌رامبه‌ر به وشه وه‌رناگێڕم، به‌ڵكو به شێوازی واتا به‌رامبه‌ر به واتا وه‌رده‌گێڕم.“
دواتریش لای چینییه‌كان به‌تایبه‌ت بایه‌خ به وه‌رگێڕان دراوه، بۆ نموونه له سه‌رده‌می بنه‌ماڵه‌ی هانه‌كانی خۆرهه‌ڵات و سه‌رده‌می سێ پاشایه‌تییه‌كه‌دا (148-265 زایین) باس له وه‌رگێڕانی وشه به‌رامبه‌ر به وشه كراوه و پێكهاته‌ی ڕسته‌سازیی زمانی یه‌كه‌م پشتی پێ به‌ستراوه. له سه‌رده‌می عه‌باسییه‌كانیشدا (750-1250 زایین) له به‌غداد ناوه‌ندێكی گه‌وره‌ی وه‌رگێڕان كراوه‌ته‌وه، زۆر جار كتێبی زانستی و فه‌لسه‌فیی گریكه‌كان بۆ زمانی عه‌ره‌بی پاچڤه كراون، به‌ڵام هه‌ندێك جار پشت به زمانی سریانی وه‌ك زمانێكی نێوه‌ندگیر به‌ستراوه. عه‌باسییه‌كان دوو شێوازی وه‌رگێڕانیان بوونیاد ناوه: شێوازی یه‌كه‌م یوحه‌ننا ئیبن ئه‌لبه‌تریق و ئیبن نه‌عیمه ده‌ستیان پێ كردووه، هه‌ڵبه‌ت ئه‌و دوو وه‌رگێڕه تاڕاده‌یه‌كی زۆر پشتیان به وه‌رگێرانی حه‌رفی به‌ستووه. دواتریش به‌یكه‌ر و حه‌ننا ئه‌م شێوازه‌یان به ناكامڵ زانیوه و شێوازی دووه‌میان، واتا به‌رامبه‌ر به واتا، به گونجاو زانیوه.
له سه‌ده‌كانی پازده‌یه‌م و شازده‌یه‌مدا زمان و وه‌رگێڕان بوون به دارده‌ستێك بۆ ململانێی نێوان زلهێزه‌كان. زمانی لاتینی كه كه‌نیسه‌ی ڕۆما كۆنترۆڵی كردبوو، ده‌سته‌ڵاتێكی تاكڕه‌هه‌ندی به‌سه‌ر زانست و ئاییندا هه‌بوو، به‌ڵام بزووتنه‌وه مرۆڤگه‌راكانی ئه‌وروپا له سه‌ده‌كانی چوارده‌یه‌م و پازده‌یه‌مدا ڕووبه‌ڕووی ئه‌و ده‌سته‌ڵاته ئایینییه بوویه‌وه. له سه‌ره‌تای سه‌ده‌ی پازده‌یه‌مدا ڕیفۆرمخوازه پرۆتیستانه‌كانی باكووری ئه‌وروپا، كه په‌یدابوونیان به ده‌ستپێكی جیابوونه‌وه‌یه‌كی گه‌وره‌ی نێو ئایینی مه‌سیح داده‌نرا، له ڕێگه‌ی وه‌رگێڕانی ئینجیله‌وه بۆ زمانه لاوه‌كییه‌كان، توانییان ته‌ححه‌دای زمانی لاتین بكه‌ن. له وه‌ها بارودۆخێكدا وه‌رگێڕانی هه‌ر كتێبێك كه ده‌سته‌ڵاتی كه‌نیسه‌ی به‌سه‌ره‌وه نه‌بوایه، مه‌ترسیی یاخیبوون له ئایین یان سانسۆركردنی لێ ده‌كرا. ته‌نانه‌ت كه‌مترین وه‌رگێڕان به هه‌ڕه‌شه‌یه‌ك بۆ سه‌ر ته‌كووز و دامه‌زراوه‌كان داده‌نرا. بۆ نموونه له ساڵی 1551 دادگای پشكنینی ئیسپانیا بڵاوكردنه‌وه‌ی ئینجیلی به زمانه لاوه‌كییه‌كان یاساغ كرد. چاره‌نووسێكی ته‌ڵخیش ڕووبه‌ڕووی ئه‌وانه ده‌بوویه‌وه كه ئه‌و جۆره تێكستانه‌یان ده‌خسته به‌ر ده‌ستی خه‌ڵكی ئاسایی. دوو دیارترین نموونه له‌م باره‌یه‌وه بریتین له وه‌رگێڕ و ئایینشناسی ئینگلیز، ولیام تینداڵ (1490-1536 ز.) و یه‌كێك له نووسه‌ره هیومانیسته فه‌ڕه‌نسییه‌كان به نێوی ئیتین دۆلێت (1509-1546 ز.). تینداڵ زمانزانێكی به‌شكۆ بوو كه باس له‌وه ده‌كرێت هه‌شت زمانی زانیوه. ئه‌و ئینجیله‌ی ئه‌و وه‌ریگێڕابوو به‌رهه‌می ژیانی ئاواره‌یی بوو، دواتر به فه‌رمانی پاشا هێنریی پێنجه‌م ئه‌و چاپه‌ی ئینجیل یاساغ كرا. تینداڵ به‌بیانووی داهێنان له وه‌رگێڕانی ئینجیل‌دا ڕفێنرا و له 1536 له هۆڵه‌ندا له خاچ درا، به‌م شێوازه ناوبراو بوو به یه‌كه‌مین شه‌هیدی وه‌رگێران. دواتریش دۆلێت له ساڵی 1536 له‌لایه‌ن فاكه‌ڵتیی ئایینیی زانكۆی سۆربۆنه‌وه سه‌ركۆنه كرا، ته‌نیا بیانوویه‌ك بۆ ئه‌م كاره ئه‌وه بوو كه له وه‌رگێڕانی یه‌كێك له دایه‌لۆگه‌كانی ئه‌فلاتۆندا دۆلێت سێ وشه‌ی (هه‌رگیز هیچ شتێك)ی بۆ كۆتایی ڕسته‌یه‌كی ئه‌فلاتۆن زیاد كردبوو، شایانی باسه ئه‌و ڕسته‌یه باسی له ژیانی دوای مردن ده‌كرد، به زیادكردنی ئه‌و سێ وشه‌یه هه‌بوونی ڕۆژی په‌سڵانی ڕه‌ت كردبووه‌وه. به‌م شێوازه ئه‌میش تۆمه‌تی كوفركردنی درایه پاڵ و به‌زیندوویی خرایه نێو ئاوره‌وه.
گه‌وره‌ترین كارێك له سه‌ده‌ی شازده‌یه‌مدا له وه‌رگێڕاندا كرابێت، له‌لایه‌ن مارتن لۆسه‌ری ئه‌ڵمانییه‌وه كراوه. وه‌رگێڕانی ئینجیل له ساڵی (1522 ز.) و ته‌ورات له (1534) له دیارترین كاره‌كانی وی بوون. لۆسه‌ر باوه‌ڕی وا بوو كه ده‌بێت ئه‌و په‌رتووكه پیرۆزانه به زمانی خه‌ڵكی ئاسایی پاچڤه بكرێن. وته به‌ناوبانگه‌كه‌ی بووه هۆكارێك كه ڕه‌چه‌شكێن بوو له دنیای وه‌رگێڕاندا: ”ده‌بێت له ماڵه‌وه له دایكه‌كان، له كۆڵان له منداڵان و، له بازاڕیش له پیاوان پرسیار بكه‌یت و ته‌ماشای ده‌میان بكه‌یت كه چۆنهایی قسان ده‌كه‌ن، تۆیش هه‌ر به‌و زمانه وه‌ربگێڕیت.“
وه‌رگێڕان له ئاستی وشه‌دا تا ده‌یه‌ی شه‌سته‌كانی سه‌ده‌ی ڕابردوو به‌رده‌وام بوو، له ناوه‌ڕاستی شه‌سته‌كان به‌دواوه، كاتێك كاتفۆرد (1917-2009) توانیی ئاستی وشه له وه‌رگێڕاندا تێبه‌په‌ڕێنێت، ئیدی له‌و ده‌مه به‌دواوه وه‌رگێڕان وه‌ك زانستێك له به‌شێكی زۆری زانستگه‌كانی جیهاندا خوێندرا.
حه‌مه‌كه‌ریم عارف له كتێبی ”خیانه‌تی حه‌ڵاڵ“دا باس له یه‌كه‌مین ئه‌زموونی وه‌رگێڕان له ناو كورددا ده‌كات و باوه‌ڕی وایه كه مه‌ترانێكی سابڵاخی له ساڵی 1919 یه‌كه‌مین جار كتێبی پیرۆزی مه‌سحییه‌كانی كردووه به كوردی. له په‌نجاكانی هه‌مان سه‌ده‌دا مامۆستا جه‌مال نه‌به‌زیش ”پاڵتۆ“كه‌ی گۆگۆل و ”گه‌رداو“ه‌كه‌ی شكسپیری كردوون به كوردی. به‌م شێوازه كتێبه ئاینییه‌كان بوون به سه‌رچاوه‌ی وه‌رگێڕان لای پاچڤه‌كارانی كوردیش.
له ساڵی 1997ه‌وه كۆمه‌ڵه‌ی گشتیی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان به بڕیاری ژماره 71\288 ڕۆژی 30 ئه‌یلوولی هه‌موو ساڵێكی وه‌ك ڕۆژی وه‌رگێڕانی جیهانیی دیاری كرد. دیاریكردنی ئه‌و ڕۆژه پاش ئه‌وه هات كه سه‌ینت جیرۆم له هه‌مان به‌رواردا له شاری به‌یتله‌حمی فه‌له‌ستینی ئێستا كۆچی دوایی كردووه. سه‌رمه‌شقیی وی له وه‌رگێڕانی ئینجیل‌دا له زمانی گریگه‌كانه‌وه بۆ زمانی لاتین وای كرد ئه‌و قه‌شه‌یه به باوكی وه‌رگێران دیار بكرێت.
سه‌رچاوه‌كان:
1- حه‌مه‌كه‌ریم عارف: ”خیانه‌تی حه‌ڵاڵ“
2- ویكیپیدیا: جه‌ی. سی. كاتفۆرد
3- بابه‌تێكی نه‌ته‌وه یه‌كرگرتووه‌كان كه له‌م به‌سته‌ره‌ی خواره‌وه‌دایه:
https://www.un.org/en/observances/international-translation-day
4- تیۆره‌كانی وه‌رگێڕان: جێرمی مه‌نده‌ی.