ده‌رباره‌   په‌یوه‌ندی
"سه‌ركرده‌كانى گۆڕان و یەکێتی لەگەڵ به‌ هه‌رێمكردنى سلێمانیدا نین"

2021/02/14 - 05:08 | 650 جار بینراوە    
 
ده‌نگ نێت
 
ماوەی چەند مانگێکە کەمپینێک بۆ بەهەرێمکردنی پارێزگای سلێمانی و ئیدارەکانی دەوروبەری ڕاگەیەنراوە، لەئێستادا ئەندامانی کەمپینەکە، سەرقاڵی ئیمزا کۆکردنەوەن و چەندین هەزار ئیمزاشیان کۆکردووەتەوە، بڕیارە دواتر ئیمزاکان ڕادەستی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بکەن بۆ ئەنجامدانی ڕاپرسی.
 
بەیار مولازم عومەر سەرپەرشتیاری کەمپینەکە و خاوەنی بیرۆکەی پرۆژەی بەهەرێمکردنی پارێزگای سلێمانی و ئیدارەکانی دەوروبەری، به‌ ده‌نگى ئه‌مریكاى وتوه‌:  لامەرکەزیەت بۆ پارێزگای سلێمانی گونجاو نیە، چونکە حکومەت پارەی نەماوە تا دابەشی بکات، حکومەت قەرزارە و دەیەوێت هەموو پارێزگاکان بەشداربن لە دانەوەی قەرزەکانیدا، دەڵێت"پارێزگاکانی سلێمانی و ئیدارەکانی دەوروبەری پەراویزخراون، لەکاتێکدا چەندین پرۆژەی ستراتیژی لەهەولێر و دهۆک ئەنجام دراون، ئێمە وەکو سلێمانی نامانەوێت تەنها لەدانەوەی قەرزدا شەریک بین، بەڵکو دەبێت لەخۆشی و ناخۆشیدا بەشداربین."
 
ڕەخنەی ئەوە لەکەمپینی بەهەرێمکردنی پارێزگای سلێمانی دەگیرێت، بەوەی هەوڵەکانیان دەچێتە چوارچێوەی خزمەت کردن بە لەتکردنی قەوارەی سیاسی هەرێمی کوردستان، بەڵام بەیار مولازم عومەر جیاوازتر لەمەسەلەکە دەڕوانێت، پێیوایە بەهەرێمکردنی پارێزگای سلێمانی دەبێتە هۆی بەهێزکردنی قەوارەی سیاسی هەرێم، چونکە لەڕووی ئابووریەوە کێبەرکێی بونیاتنەرانە دروست دەبێت، سەرەتایەکی باشیش دەبێت بۆ دروست کردنی دەوڵەت، بەتایبەت دەوڵەت پێویستی بە بنەمای ئابووری بەهێز و برەودانە بە کەرتەکانی ئابووری و کشتوکاڵی و گەشتوگوزار.
 
بەیار مولازم عومەر، ئاماژەی بەوەشکرد جەماوەری یەکێتی و گۆڕان لەگەڵ پرۆژەی بەهەرێم کردنی سلێمانیدان، بەڵام سەرکردەکانیان لەگەڵی نین، چونکە بەرژەوەندی سیاسی و ئابووریان لەهەولێرە، ناشکرێت دوو ملیۆن کەسی دانیشتووی سلێمانی، باجی کۆمەڵێک سیاسی بدات، کە سەرمایەیان لەهەولێر خستووەتەگەڕ.
 
بەیار مولازم عومەر سەرپەرشتیاری کەمپینی بەهەرێمکردنی پارێزگای سلێمانی، ڕەتیکردەوە پرۆژەکەی ئەوان بەشێک بێت لەو پرۆژەیەی بەرپرسانی یەکێتی بانگەشەی بۆ دەکەن، کە پرۆژەی لامەرکەزیەتە، وتی"لامەرکەزیەت واتە شۆڕکردنەوەی دەسەڵات لەهەولێرەوە بۆ ناوچەکان، ئەمە گرفتی تێدایە، حکومەت پارەی نەماوە تا بیدات، ئینجا پارتی زۆرینەیە لەنێو پەرلەمان، ناهێڵێت هیچ یاسایەک هەموار بکرێتەوە و بخرێتە خزمەتی لامەرکەزیەتەوە، کەواتە پرۆژەکەی یەکێتی لە بنەماوە نەزۆکە."
 
 



Dengnet.net - 2024
دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە
ژمارەی سەردان 1,707,159     ژمارەی میوان 2543