ده‌رباره‌   په‌یوه‌ندی
"هیوا و ئومێد" خواستن دەردە بێدەرمانەکەی گەلی کورد

2021/01/28 - 07:15 | 870 جار بینراوە    
 
سەردەشت محه‌مه‌د
 
زانایان و فەیلەسوفەکان و پیاوانی ئاینی و شاعیران و  کەسانی ناودار،  هەمویان هاوڕان لەسەرئەوەی کە مرۆڤ نابێت هەرگیز لەژیاندا نائومێد و بێهیوابێت،  ئەگەر لەنێو هەمویشیاندا دیقەت لە وتەی ناودارێکی وەک " برنادشۆ" بدەین  کە لەبارەی هیواوە دەڵێت: حەز و هیوا بۆمرۆڤ وەک ئاوە بۆ ماسی. واتە مرۆڤ و هیواخواستن دوانەیەکی لێک دانەبڕاون، بەڵام ئەمە ناکاتە ئەوەی کە مرۆڤ، بۆ گەیشتن بەئامانجەکانی پێویستی تەنها بەهیواخواستن هەبێت و  هیچ بەرنامەو پلانێی نەبێت، کەچی لەنێو نەتەوەیەکی وەکو کورددا پێچەوانەی زۆرێک لە نەتەوە و گەلانی دونیا زۆرکات بەبێ هیچ بەرنامەو پلانێک، ڕۆژ و مانگ و ساڵ، هەر خەریکی ئومێد و هیواخواستنە، بەجۆرێکی وەها ئەم هەمو  هیوا و ئومێدخواستنە بووە بە دەردێکی بێ دەرمان بۆی، بۆ ڕونکردنە و پشت ڕاستکردنەوەی ئەم بۆچونەش واباشترە گوزەرێکی خێرا بەنێو لاپەڕەکانی مێژوودا بکەین و  لەبەر ئاوێنەی مێژوودا باشتر دەگەین بەو بڕوایەی کە بەڵێ، هیوا و ئومێد خواستن بۆ ئێمەی کورد جگە لە کوشتنی کات و بەهەدەردانی توانای خۆمان نەبێت نەمانتوانیووە،  سودێکی ئەوتۆ لەم هەمو ئومێد و هیواخواستنە بەدەست بێنین،  کاتێک داگیرکاریەکانی دەوڵەتی سەفەوی دەگاتە هەرێمی کوردستان، میرە کوردەکان بەئومێدی ئەوەی بتوانن پارێزگاری لەمانەوەی خۆیان و میرنشینەکانیان بکەن دەبن بەلایەنگری دەوڵەتی سەفەوی، کەچی زۆرناخایەنێت شا ئیسماعیلی سەفەوی" بەدەستی خۆی بەشێک لەم میرنشینانە لەناو دەبات و لەجێگەیان میرە قزڵباشیەکان دادەنێت،  زوڵم و ستەمی سەفەویەکان دەگاتە ئەوڕادەیەی کە بەشێکی زۆر لەمیرە کوردەکان بەئومێدی ئەوەی ڕزگاریان ببێت، پەنا دەبەنە بەر دەوڵەتی عوسمانی، کە ئەوکات ڕکابەری سەرسەختی دەوڵەتی سەفەوی بو لەناوچەکەدا، هەر ئەم هیوا وئومێد خواستنە بەڕکابەرە نوێیەکە وادەکات بەخێرای ڕێکەوتن نامەیەک لەنێوان کورد ودەوڵەتی عوسمانیدا بێنێتە ئاراوە کە لەمێژودا بەڕێکەوتن نامەی "کورد-- عوسمانی" بەناوبانگە، هێندە نابات  کورد لەم هاوپەیمانە نوێیەش نائومێد دەبێت و تێدەگات کە جارێکی دیکە زیانی بەرکوتووە،  بەڵگە مێژویەکان زۆرن بۆ ئەوەی  بیسەلمێنن کە کورد کاتەکانی  تەنها بەهیوا و ئومێد خواستن دەباتەسەر، ئەگەر لەباشوری کردستاندا دیسانەوە بمانەوێت دەست بۆ بەڵگەیەکی دیکە ببەین ئەوا  شۆڕشی "شێخ محمود"  نمونەیەکی دیار وبەرچاوە کە چۆن  شێخ و شوێن کەوتوانی چەند هیوا و ئومێدیان بەوە هەبو کەهێزە دەرەکیەکان پاڵپشتیان بن بۆ پاراستنی ئەو حکومەتە نوێیەی کە لەسلێمانیدا دروستیان کردبو کەچی لەناوخۆدا  بەشێک لە کوردەکان پاڵیاندایە پاڵ ئینگلیزەکان و دژی حکومەتەکەی  شێخ دەجەنگان و شێخیان نائومێد کرد و کۆتاییان بەدەسەڵاتی "شێخ محمود" هێنا،  هیوا و  ئومێد خواستن  بۆ باشترکردنی داهاتوو بەبێ بەرنامەو پلانی تۆکمە و وەرگرتنی ڕاوسەرنجی کەسانی شارەزا و هەڵسەنگاندنی باردۆخی ناوخۆی و نێودەوڵەتی نەک هیچ سودێکی نابێت، بەڵکو بەپێچەوانەوە زیانی گەورەتر بەدوای خۆیدا دێنێت، وەک بینیمان ساڵی ٢٠١٧  ئەوساڵەی کە تیایدا پرۆسەیەکی گرنگی وەک ڕیفراندۆمی تێدا ئەنجامدرا بەئومێدی ئەوەی کورد بێت بەخاوەن کیانێکی سەربەخۆ، بەڵام دواجار ئەو هەمو ئومێد و هیواخواستنە چۆن بپێچەوانە بویەوە و نیوەی خاکی کوردستانیشمان لەدەستدا،  بەڵگەکان زۆرن بۆئەوەی بیسەلمێنن کە بەڵێ لەکوردستاندا هیوا وئومێد خواستن بوە بەدەردێکی بێدەرمان و نامانەوێت چارەسەرێکی گونجاو بدۆزینەوە بۆ ئەوەی هیواکانمان بێتەدی،  ئەوەتا ماوەی چەندمانگێکە  بەئومێدی ئەوەی هەرێمی کوردستان لەم دۆخە خراپەی داراییەی کەچەند ساڵێکە خەڵکی  تێکەوتووە چەندینجار وەفدی هەرێمی کوردستان  سەردانی بەغداد دەکات، بەڵام  بەهۆی ئەوەی هیچ بەرمانەو پلانێکی تۆکمەیان نیە جارلەدوای جار بەنائومێدی زیاترەوە دەگەڕێنەوە هەرێم، بۆیە ئیدی دەبێت کورد لەوەتێبگات  تاکە ڕێگا بۆ گەیشتن بەهیوا و ئومێدەکانمان ڕێکخستنی نێوماڵی کورد و هەوڵدانە بۆئەوەی ببین بەخاوەنی یەک گوتاری سیاسی.
 
 
 
 



Dengnet.net - 2024
دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە
ژمارەی سەردان 1,721,380     ژمارەی میوان 2440