ده‌رباره‌   په‌یوه‌ندی
کەسی ئەمریکی

2021/01/18 - 12:01 | 482 جار بینراوە    
 
سه‌ردار عه‌زیز
 
گار دۆ ئۆرییەنت، ویستگەی سەرەکی شەمەندەفەرە لە شاری لیسبۆنی پایتەختی پورتوگال. بە کوردی یانی ویستگەی ڕۆژهەڵات. هاوینی پار لە کاتژمێر یانزەی چێشتەنگا، لە فارگۆنی هەشت، مێزی ژمارەی ٢٠ شوێنێکمان گرتبوو لە لیسبۆنەوە بۆ شارۆچکەی ئەلگارف لە باشور. باربەرای هاوەڵمان لەوێ ماڵێکی کۆنی نۆژەنکردبوەوە و کردبوی بە ناوەندێکی زمان و کەلتوریی. ئەوێ شوێنی مانەوەی ئێمەبوو. 
ویستگەکە جێگایەکی دڵگیرە، لە ساڵی ١٩٩٨ لە لایەن ئەندازەناس و ئەندازیاری ناسراوی ئیسپانی سانتیاگۆ کەلاتراڤاوە تەواوکرا. بەڵام ئێمە بۆ ئەوەی بەبێ سەرئێشە بگەینە شوێنەکەی خۆمان، ئەوەندە لە ئەندازەی دڵگیری ویستگەکە ڕانەماین.  کاتێک گەشتین، هێشتا چارەکێکی مابوو بۆ کاتی ڕۆشتن. دڵخۆش بووم کە لەو کاتە کورتەدا لە ویستگەکە ڕادەمێنم. ویستگەکە لە شێوەی باخێکی دارخورمایە کە پەلکەکانی بە یەکدا چوبن، یان باخچەیەک لە گوڵی لیلیاک.  کاتێک گەشتینە سەر مێزەکەمان چوار کەسی کەتە لەوێ دانیشتبون. کە داوامان لێکردن ئەوە جێگای ئێمەیە، بە ئینگلیزییەکی ئەمریکی، بەوپەڕی دڵنیاییەوە وتیان: جێگەی ئێمەیە و پێشتر گرتومانە.  بەڵام ئێمەش چەند مانگێک لەمەوپێش لە ڕێگای ئینتەرنێتەوە گرتومانە، ناکرێت هەمان جێگا، لە هەمانکاتدا بۆ دوو گروپی جیاواز بگیرێت. بەڵام ئەوان سوربون لە سەر دروستی ئەوان و هەڵەی ئێمە.
سێ پیاو و ئافرەتێک بوون، خەریکی ساندویچ خواردن بوون، هەر چواریان کەتەبوون. زۆر خواردن، دەنگی گڕ، قەڵەو لە گەڵ سادەیی و خۆشباوەڕیی، ئەو خەسڵەتانەن کە ئەمریکییان پێناسراوە لە ئەوروپا. دڵنیایی ئەوان ئێمەی ناچارکرد بە دوای جێگای تردا بگەڕێین. سەرەتا پێکەوە دانیشتین، بەڵام بە هاتنی خەڵکەکان ناچار دەبوین هەستین و لە ئەنجامدا کاتێک کە شەمەندەفەرەکە کەوتە ڕێ، هەر یەکەمان لە جێگایەک بووین. هەموو پلانی ڕوانین و بیرکردنەوەم لە ویستگەکە لێ تێکچوو.
کە لیسبۆنەمان جێهێشت جابییەکە هات. کە گەشتە لای مێزەکەی ئێمە بەرەو لای چوم و پێیم ووت: ئێمە ئەو جێگایەمان گرتبوو، بەڵام ئەو بەڕێزانە دەڵێن جێگای ئێمەیە. ئافرەتە ئەمریکیەکە هەستایەوە ووتی : بەڵێ جێگای ئێمەیە. جابیەکە لێیان نزیک بوەوە و داوای تکتەکانی لێکردن. کاتێک لە تکەکانی ئێمە و ئەوانی ڕوانی، تەماشایەکی ئەمریکیەکانی کردوو ووتی، شەمەندەفەری ئێوە ئەم شەمەندەفەر نیە،  شەمەندەفەری ئێوە، کاتژمێرێک دوای ئەمەیە. 
ئەمریکییەکان تەماشی تکتەکەیان کردوو دڵنیابونەوە. ئینجا ناچاربوون هەستان. پیرە پیاوێکیان بەرەو ڕوی من هات و ویستی داوای لێبورن بکات. ببورە لێبورد قبوڵناکەم، پێم ووت. هەموو سەرنشینەکان تیلەیان لیدەگرتن و ئەوانیش هەتا دەهات بێزارتر دەبوون. کە مێزەکەیان جێهێشت نامۆ و میرۆ دایان لە قاقای پێکەنین. هەموو فارگۆنەکە زەردەخەنەیەکیان  کرد و ئەوانیش هەریەکیان بە جێگایەکدا پەرتەوازەبوون.  لە ڕێگادا زۆر باسی ئەوەمانکرد: ئایا ئەو دڵنیاییە بێ گومانەی ئەمریکییەکان لە کوێوە هاتوە؟ لە ڕۆژی شەشی ئەم مانگە لە هێرشەکانی سەر کۆنگریس هەموو دونیا بە شێوازێکی زۆر زەق ڕوبەروی ئەو دڵنیاییە ساویلکەیەیی زۆرێک لە ئەمریکییەکان بوەوە.  
من ئەمریکام نەدیو، بەڵام ئەمریکیم زۆر دیوە. دەزانم مرۆڤ لە دەرەوەی وڵاتی خۆی بە تەواوی کەسێکی جیاوازە. لە ماوەی پانزە ساڵی رابوردودا بەردەوام مامەڵەم هەبوە لە گەڵ ئەمریکیدا بە هەردوو ڕەگەزی نێر و مێ و لە ئاستی جیاواز، لە خوێندکارەوە هەتا دیپلۆمات. بە گشتی ئەمریکی مرۆڤی سادە و خۆشمەشرەب و چاکن. هاوڕێتی و مامەڵەیان خۆشە.
 دیارە ئەستەمە بڵێی ئەمریکی، چونکە ئەمریکا لانکەی دەیان و سەدان کەلتور و شوناس و کەسایەتی جیاوازە. بەڵام سەرباری ئەمە کۆمەڵێک هاوبەشی و خەسڵەت دروستبوە لە میانەی دوو سەدەی ڕابوردوی مێژوی ئەمریکادا. 
چەمکێک لە ڕۆژانی رابوردودا جارێکی تر سەریهەڵداوەتەوە بۆ تێگەیشتن لە جوڵانەوە سیاسی و ڕەگەزپەرستییەکانی ئەمڕۆی ئەمریکا، چەمکی سیاسەتی-خەونە. ژنە ناسکنوسی ئەمریکی جوان دیدیون لە کتێبی ئەلبومی ئەمریکیدا وتارێکی ڕۆژنامەیی هەیە، بە ناوی سەرنج لە سەر سیاسەتی خەون، کە باسی گروپێکی ئاینی قیامەتی دەکات لە کالیفۆرنیا کە بڕوایان وەهایە بەم نزیکانە قیامەت دێت و  پێیان وتراوە کە بنە و باریان بپێچنەوە بۆ تینەسی. جوان لە گفتوگۆیەکی ئەدەبی ناسکدا ئەمانباتە ناو دونیای تایبەتی ئەو گروپەوە. ئەمە شەستەکانی ئەمریکایە.  ئەمرۆ گروپە توندڕەوەکانی ئەمریکا بە هەمانشێوەی گروپە ئاینیەکان لە دونیایەکی تایبەتی داخراوی دابروادا دەژین. دابران و داخرانی دونیا هەمیشە کاری گروپە ئاینی و ئایدەلۆجییەکانە. سنورەکانی باش و خراپ، کوفر و ئیمان، دۆست و دوژمن، هەموو بەشێکن لە ئەندازەسازی سنوربەندکردن ئەندامان و دروستکردنی دونیایەکی تایبەت بۆیان. وەک کارل شمتی نازیی پێمان دەڵێت سیاسەت یانی ناسینی دوژمن. هەرچەندە ئەوەی دەگوزەرێت سیاسەت نیە، بەڵام دوژمنایەتیەکی خێڵکەییە. 
ئەو گروپانەی هێرشیانکردوە سەر کۆنگریس هەڵگری کۆمەڵێک ئاماژە و سیمبوڵن، دڵنیام لە مانگان و ساڵانی داهاتودا دەبنە مایەی دەیان و سەدان توێژینەوە. یەکێک لەو گروپانە گروپی پەیمان پارێزییە کە گروپێکی میلیشیایی سپی پێستە، لە گەڵ گروپی سێ لە سەد، کە گروپێکی پاتریوتن، پاتریوت ناوێکی ترە بۆ ناسیونالیست. ئەم گروپە کە سیمبولەکەیان ژمارەی سێی ڕۆمانییە، III لە هەڵەتێگەیشتنێکی مێژوییەوە سەرچاوە دەگرێت کە گوایە تەنها سێ لە سەدی خەڵکی ئەمریکا دژ بە بەریتانییەکان بوون. ئەم گروپە دژە حکومەتن، کە نەرێتێکی دێرینی ئەمریکییە. پشتیوانی مافی چەکهەڵگرتنن، کە لە ئەمریکا وەها دەبینرێت فەراهەمکەری ئازادی بێت. ئەگەر شەڕی ناوخۆی ئەمریکی و شۆرشی ئەمریکی پاشخانی ئەفسانەسازی هەندێک گروپە، ئەوا هەندێکی گروپی تر دەگەڕێنەوە بۆ سیمبوڵ و ئاماژەکانی پێش ئاینییەکان، بۆ دروستکردنی ئەفسانە و کاریگەریی دانان لە سەر هەست و سۆز.  دیارە ئەفسانەسازی لە دونیای ئەمڕۆدا ئاسانترە، چونکە بە ئاسانی زمان و وێنا و هەقایەت دەهۆنرێتەوە. ڕۆلان بارت وتارێکی دەگمەنی هەیە، دەربارەی ئەفسانەسازی لە دونیای ئەمڕۆدا.  هەندێکی تر لەم سیمبولانە یان ئەوەی بە زمانی ئینگلیزی بە میم ناسراوە، بەرهەمی دونیای تاریکی ئینتەرنێتە، وەک پیپی بۆق.
هەموو ئەمجۆرە یارییانە بنەماکەیان باوەڕە. وەک لە هەموو ئاینەکاندا بونی هەیە، سیمبول و وێنا و حەکایەتەکان دونیایەکی تایبەت بۆ ئەندامەکانیان دروست دەکەن و هەست و سۆزییان کۆنترۆل دەکەم. ئەم جۆرە لە کۆنترۆڵکردنە، وەهایان لێدەکات کە ناسینەوە و ڕێکخستن و خۆجیاکردنەوەیان بۆ بەرهەم بێت. هەموو ئەمانە دەچێتە ناو پرۆسەی ئابوری سەخت و پڕ لە ململانێی ئەمریکییەوە، کە تیایدا سامانێکی زۆر هەیە، بەڵام بە شێوەیەکی ئێجگار نادادپەروەرانە بڵاوەیکردوە.
 لە کوردستان زۆر خەسڵەتی هاوشێوە دەبینین. دونیای خەیاڵ و تێگەیشتنی کوردی بە شێوەیەکی سەرسوڕمان لە ژێر کاریگەریی لێکدانەوە ئەفسانەیی و پیلانگێڕیی و دوژمانیەتی و پەرتەوازەیی و کینەدایە. 
هەموو ئەمانە نیشانەی بێدەسەڵاتبونی خەڵكی سادەن. لە کاتێکدا ئەم لاوازبون و بێدەسەڵاتبونە لە ڕوی واقیعەوە بەرجەستە دەبێت، بەڵام لە ئاستی ئەفسانەیی و سیاسیدا هەتابێت زیاتر توڕەیی  کینە دەبێتە ئامرازی سیاسی. وەک جیل لیوپۆر لە توێژینەوەیەکی قوڵیدا دەربارەی دۆخی کارکردن لە ئەمڕۆ ئەمریکادا باسی دەکات، کارکردن لە ئەمریکا سەختە و کارکەریی ئەمریکی زۆر زیاتر لە خەڵكی وڵاتانی تر کاردەکات و پشو و هۆڵیدەی کەمترە و لە هەمانکاتدا ژیان و ژیاری ناخۆشتر و سەختترە. لە ناوەڕاستی حەفتاکانەوە سامان بە جۆرێکی زۆر نایەکسان دابەش دەبێت لە نێوان کارکەر و خاوەن کاردا. زۆرجار خاوەن کار موچەکەی ملیونێک جار لە کارکەران زیاترە. ئەوەی پێی دەوترێت ئابوری گیگ، زیاتر ئەمەی تۆخکردوەتەوە.
لە دۆخی سەختدا مرۆڤ زۆر ئامادەسازترە بۆ ئەوەی بڕوا بەو ئەو دونیابینیانە بێنێت کە ئەفسانەیی و دوور لە واقیعن. وەک مارکس دەڵێت: ئاین دڵی دونیایەکی بێدڵە.
 
 
 
 



Dengnet.net - 2024
دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە
ژمارەی سەردان 1,701,895     ژمارەی میوان 2927