ده‌رباره‌   په‌یوه‌ندی
هەرێم و گرفتی دەم ڕاست!

2021/01/15 - 11:58 | 525 جار بینراوە    
 
دڵشاد ئه‌نوه‌ر
 
ناکۆکیەکانی نێو هەرێم بە شێوەیەک گواستراوەتەوە بۆ بەغدا، خەریکە لایەنە عێراقیەکان نازانن لەگەڵ کێ دا مامەڵە بکەن، بەو پێیەی هەر وەفدە و دەڕواتە بەغدا و خۆی بەدەم ڕاستی هەرێم دەناسێنێت، لەکاتێکدا ئەجێندای تەواوی ئەو وەفدانە ناکۆکن لەگەڵ یەکتری.
 
وەفدێکی پارتی ڕۆیشتووەتە بەغدا، لەگەڵ لایەنە عێراقیەکان کۆبووەتەوە و داوایانکردووە، وەکو نوێنەری هەرێم تەنها مامەڵە لەگەڵ ئەوان بکرێت، هەروەک جەختیشیانکردووەتەوە، بەغدا هەر پشکە بودجەیەک بداتە هەرێم، دەبێت لە ڕێگەی حکومەتی هەرێمەوە بێت.
 
بۆیە لەبەرامبەر ئەو هەوڵەدا، بەرهەم ساڵەحیش، لەگەڵ ١٥ پەرلەمانتارەکەدا کۆبوویەوە، کە هاوپەیمانێتی هیوای کوردستانیان پێکهێناوە، لەم ڕێگەیەوە پەیامی ئەوەی دا بە گوێی شیعەکاندا، تەنها پارتی دەم ڕاستی هەرێم نیە و ئەوانیش لە گۆڕەپانەکەدا هەن.
 
پێشتریش، هاوسەرۆکی یەکێتی چەند جارێک سەردانی بەغدای کردووە و بە جیا  لەگەڵ لایەنە عێراقیەکاندا کۆبووەتەوە، وەکو دەم ڕاستی هەرێم، یاخود هیچ نەبێ، وەکو زۆنی سەوز مامەڵەی کردووە.
 
جاران حیزبە کوردیەکان سەرباری ململانێ و خراپی پەیوەندیەکانیان لەنێوخۆی هەرێم، بەڵام لەبەغدا تاڕادەیەک یەک تیم و یەک هەڵوێست بوون، بەڵام ئێستا ئەو ئاڵۆزیە بە تەواوەتی بۆ بەغداش گواستراوەتەوە و هەر لایەک و بەرەو لایەک ڕایدەکێشێت.
 
قوڵبوونەوەی درزی نێوان حیزبە کوردیەکان و ئاگا نەبوونیان لە یەکتری، گەیشتووەتە ئاستێک، کاتێک بەم دواییە قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەت بۆ مەسەلەی بودجە سەردانی بەغدای کردبوو، چاوەڕوانی هەماهەنگی بوو لە سەرۆک و وەزیر و بەرپرسانی کورد لەبەغدا، بەڵام کاتێک ئەو  لەوێ بووە، نەک هەماهەنگی نەبووە، بەڵکو هەریەکە و بەلایەکدا سەفەری کردووە.
 
ئەم پەرتەوازەییەی هێزە کوردیەکان، وایکردووە هەرێم هێندەی تر بێ ڕۆڵ بێت لەبەغدا، کوتلە و لایەنە عێراقیەکان چیان بوێت، تێپدەپەپەڕێنن، لە ئێستادا کە لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق موناقەشەی پرۆژەی بودجە دەکات، کە هەستیارترین بابەتە بە نیسبەت هەرێمەوە، دەبوو هەرێم بەردەوام لەسەر هێڵ بایە لەگەڵ ئەندامە کوردەکاندا، کەچی کەس ئاگای لە کەس نیە.
 
ڕاستە هەرێم لەمەسەلەی نەوت و خاڵی سنوری و داهاتی ناوخۆ و زۆر دۆسیەی تردا، گەندەڵ و گیرۆدەیە، بەڵام گەر لە کرۆکی کێشەکانی عێراق ورد بینەوە، لایەنە عێراقیەکانزۆر لەمان گەندەڵترن، ملیارەها دۆلار بۆ پرۆژە خەرجکراوە، نەک پارەکە لێی خوراوە، بەڵکو هەر پرۆژە ئەنجام نەدراوە، بۆیە ئێستا پارێزگاکانی عێراق بوون بە زباڵەخانەیەکی گەورە.
 
پەرتەوازەیی و لاوازی هەرێم، کوتلە عێراقیەکانی هێندە زاڵ کردووە، هەرچی پارەی پرۆژەیە لە لایەن تاقم و گروپ و میلیشیاکانەوە خوراوە، هەموویان بەسەر هەرێم دا ساغ کردووەتەوە، شەقامی عێراقیان وا تێگەیاندووە، کە سێ پارێزگاکەی هەرێم هۆکاری  دواکەوتنی ئەوانن.
 
لەم ماوەدا، وەزیری تەندروستی عێراق سەردانی نەخۆشخانەیەکی گەورەی کردبوو لەبەغدا، کە لەسەردەمی مالیکیدا، ملیارەها دۆلاری بۆ تەرخانکرابوو، کاتێک دەڕواتە سەر نەخۆشخانەکە، دەبینێ جگە لە زەویەکی ڕووت، هیچ دیار نیە و پارەکە بە مۆڵی خوراوە!
 
یانی دەستەمۆیی و بێ پلانی و پەرتەوازەیی هێزە کوردیەکان وایکردووە، شیعەکان هەر چیان کردووە، چیان خواردووە، هەموویان بەسەر سێ پارێزگاکەی هەرێمدا ساغ کردووەتەوە، لەکاتێکدا موچەی ساڵێکی هەموو هەرێمی کوردستان، ٦ تریلیۆن دینارە، بەڵام موچەی یەک مانگی عێراق لەو پارە زیاترە.
 
کورت و پوخت، ئەمانەی لای خۆمان تەنها گەندەڵ و دەستەمۆ نین، بەڵکو هێندە بێ بەرنامە و بێ ئاگاشن، لایەنە شیعیەکان، کە ملیارەها دۆلاریان بردووە و زۆر لەمان گەندەڵ ترن، خۆیانیان لای شەقام پاک کردووەتەوە و هەموو گەندەڵیەکانیان کردووەتە ماڵ بەسەر سێ پارێزگاکەی  هەرێمەوە.
 
 
 



Dengnet.net - 2024
دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە
ژمارەی سەردان 1,703,250     ژمارەی میوان 3524