ئەنجامدەرانی کردەوەکەی کفری بە نادیاریی ماونەتەوە

2021/09/22 - 09:23 | 808 جار بینراوە    
 
دەنگ نێت
 
دەنگۆی ئەوە ھەیە داعش کردەوەکەی دوێنێ شەوی کفری ئەنجام دابێت و قایمقامیەتی شارەکەش ئەو قسەیە پشتڕاست ناکاتەوە، لایەنە ئەمنیەکانییش بێدەنگیان ھەڵبژاردوە.
 
شەوی رابردو لەسەر رێگای ناحیەی سەرقەڵا بۆ کفری، چەکدارانی نەناسراو بازگەیەکی کاتیی دادەنێن و دەستڕێژی گولە دەکەن لە چەند ئۆتۆمبیلێک و بەوھۆیەوە دو کەس گیانیان لەدەستدا و کەسێکی تریش بریندار بو.
 
قایمقامیەتی کفری لەبارەی ئەو روداوەوە، درەنگانی شەوی رابردو راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە، تیایدا دەڵێت: "تائێستا ڕون نیە بەچ مەبەستێک و بۆبەرژەوەندی کێ ئەم کارە ئەنجامدراوە".
 
ئەمەش لەکاتێکدایە کە چەند سەرچاوەیەکی ئەمنی ھەر دوێنێ شەو بە رادیۆی دەنگیان راگەیاند: روداوەکە داعشی لە پشتە، بە بێ ئەوەی رونکردنەوەی زیاتر بدەن کە چۆن و بە چ شێوەیەک داعش توانیویەتی بگات بەو شوێنە ئاوەدانەی جەرگەی گەرمیان.
 
ھاوکات لە دوێنێ شەوەوە تا ئەم بەیانییە، لایەنە ئەمنیەکان خۆیان لە خستنەڕوی زانیاریی لەسەر روداوەکە بێدەنگ کردوە، رادیۆی دەنگ پەیوەندی بە وتەبێژی ئاسایشی گەرمیانەوە کرد، ئامادە نەبو لەم روەوە ھیچ لێدوانێک بدات، پەیوەندی بە وتەبێژی پۆلیسی گەرمیانیشەوە کرد و پەیوەندییەکە بەردەست نەبو.
 



Dengnet.net - 2024
دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە
ژمارەی سەردان 1,664,943     ژمارەی میوان 547