وەزیفەی پەرلەمانتار و کارکردن بەزمانی ئاماژە!

2021/09/09 - 09:49 | 1175 جار بینراوە    
 
دڵشاد ئەنوەر
 
هەموو پەرلەمانێک لە کۆمەڵێک لیژنە پێکهاتووە، کاری لیژنەکان تاوتوێکردنی پرۆژە یاساکان و چاودێریکردنی دەسەڵاتی جێبەجێکردنە، بەم پێ یە، هەرکەسێک خۆی کاندید دەکات بۆ پەرلەمان، دەبێت لە بوارێک لە بوارەکاندا، باکگراوەندێکی قوڵی مەعریفی هەبێت.
 
من ناگەڕێمەوە سەر ئەو باسەی، زۆرێک لە کاندید و بگرە پەرلەمانتاریش نازانن وەزیفەی پەرلەمان چیە، هەر ئەم نەزانین و بێ ئاگاییەش وایکردووە، بەڵێنی وا بدەن، بەسەرۆکی حکومەتیش جێبەجێ نەکرێت!
 
هەیە بەڵێنی هەرزانکردنی نرخی غاز دەدات، هەیە بەڵێنی هێنانی نەوت و بانزین، هەشە بەهای دۆلار بەرامبەر دینار دادەبەزێنێ، ڕەنگە بەڵێنەکان گەشتبنە ئاستی ڕازیکردنی کەپڵەکان بەیەکتریش! کابرا نازانێ ئیشی پەرلەمان چیە، بۆیە ئاساییە بەڵێنی وابدات، لە قوتوی هیچ عەتارێکدا نەبێت.
 
گرفتەکە تەنها لەوەدا نیە، کاندید و بگرە پەرلەمانتاریش ناشارەزابن لە وەزیفەی دەسەڵاتی تەشریعی، بەڵکو گرفتەکە لەوەدایە بەشێک لەوانەی پێشتر چوونەتە پەرلەمان و زۆرێک لە کاندیدەکانی ئێستاش، هی هەموو حیزبەکان بێ جیاوازی، لە زاخۆ وە تا کفری، زمانی عەرەبی نازانن.
 
لێشیان دەپرسیت، زمان نازانیت، چۆن دەچیتە پەرلەمان، بەزمانی ئاماژە قسە دەکەی، یان سەیری دەستی هاوڕێکانت دەکەی، کەی ئەوان دەستیان هەڵبڕی، بیلامانا، تۆش هەڵیدەبڕی، چ کاتیش دەستیان داگرت، تۆش گێڕێ دەیدەیتە بەگ!
 
لەوەڵامدا، هەندێکیان دەڵێن، تێگەیشتنمان باشە و قسە کردنمان خراپە… باشە قسە کردنت خراپە، ئەی چۆن لە نێو پەرلەماندا موناقەشە دەکەی ؟ بەزمانی ئاماژە! یاخود دەڵێ فێر دەبم… کەی فێر دەبیت، کاتێک ٤ ساڵەکەت تەواو کرد؟
 
لێرەوەیە، خەڵک بڕوای بە پەرلەمان نەماوە و پێیوایە شوێنێکە بۆ وەرگرتنی موچەی مۆڵ، چونکە نیەتی زۆربەی کاندیدەکان، بالفعل دەستگەیشتنە بەو پارە مۆڵە، ئەگینا تۆ زمان نازانی، چیتداوە لە مەجلیسی عەرەبی زمان!
 
لە کاندید گەڕێ و ئاساییە تەنها بیری لای موچەی قەبە بێ، لەوان سەیر و سەمەرە تر حیزبی کوردی یە، بەغدا بەچەقی ململانێی سیاسی دەزانێت و پێیوایە سەنتەری وەرگرتنەوەی مافی کوردە، کەچی کاندیدەکانی زمان نازانن، ئاخر ئەمە چی گاڵتە جاڕیەکە !
 
حیزبی کوردی دەیەوێ بە ناردنی جڵەوە پەرلەمانتاری زمان نەزان و بێ ئاگا لە دۆخی سیاسی و ئابووری و کلتوری و ڕۆشنبیری بەغدا و عێراق، دانانی چەند شوانێک بۆیان، مافی کورد وەربگرێت!
 
ئاخر ڕێک دۆخەکە وەکو مەڕ و شوانە، زۆرینەیان عەرەبی نازانن و هەندێکیان زمانزانی باشن، وەکچۆن مەڕەکان بەئاماژەی شوانەکان دەجوڵێنەوە، زمان نەزانەکانیش، هەمیشە چاویان لەسەر دەست بەرزکردنەوەو داگرتنی زمانزانەکانە و بەئاماژەی ئەوان مەوقیف دەنوێنن!
 
بەداخەوە، ساڵ لە دوای ساڵ، کواڵێتی نوێنەرانی کورد لە بەغدا و پەرلەمانی کوردستانیش خراپ دەبێت، ئەم کواڵێتی دابەزینەش فرە ڕەهەند و فرە هۆکارە و ڕاوەستان لەسەری زۆری دەوێت، بەڵام دەرئەنجامەکەی سوککردنی دەسەڵاتی یاسادانان و  تەنانەت نەیارێتی کردنیشیەتی لەلایەن خەڵکەوە.
 
تێکچوونی باڵانسی نێوان دەسەڵاتی جێبەجێکردن و دەسەڵاتی تەشریعی و بەرز نیشاندانی دەسەڵاتی جێبەجێکردن وەکو ئەوەی دەیبینین، هۆکاری دابەزینی کواڵێتیەکەیە، تا وایلێهاتووە، کەس ناتوانێت کەس موحاسەبە بکات، دام و دەزگاکانیش، تا دێت شڕۆڵ تر دەبن.



Dengnet.net - 2024
دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە
ژمارەی سەردان 2,268,757     ژمارەی میوان 699