ده‌رباره‌   په‌یوه‌ندی
هۆکارى مرداربونەوەى ماسیەکان لە سەرچاوەکانى ئاودا

2021/08/16 - 10:42 | 1074 جار بینراوە    
 
عه‌بدلموته‌ڵیب ره‌فعه‌ت سه‌رحه‌ت
 
ماوەیەکە دیاردەى مرداربونەوەى ماسییەکانى نێو سەرچاوەکانى ئاودا لە کوردستان بوەتە دیاردەیەکى بەربڵاو کە پێشتر زۆر بە دەگمەن ئەو حاڵەتە روی دەدا.
 
ئاو ناوەندێکى گونجاوە بۆ ژیانى زیندەوەران کە هەموو مەرجێکى تێدایە بۆ گەشەکردنیان، بەڵام هەندێكجار بە هۆى کارەساتى سروشتى یان هۆکاری مرۆییەوە ئەو ناوەندە تێکدەچێت وهەمو مه‌رجەکان و تایبەتمەندیەکانى خۆى لەدەستدەدات و دواجار زیندەوەران تێیدا وەکو پێویست گەشە ناکەن و کێبڕکێ لە سەر: ماددە خۆراکى، تیشکى خۆر و ئۆکسجین لە نێوانیاندا زیاتر دەبێت.
 
ئەمساڵ بە هۆى بڕینى سەرچاوەکانى ئاو لە لایەن وڵاتى ئێران و دیاردەى وشکەساڵییه‌وه‌ کە کاریگەرى لە سەر هەمو کوردستان هەبو، بوە هۆى ئەوەى کە ئەم دیاردەیە (مرداربوونەوەى ماسییەکان) زیاتر روبدات.
 
لەلایەکى ترەوە بەکارهێنانى ماددەى ژەهراوى بۆ راوکردن، هۆکارێکى ترە بۆ بڵاوبونەوەى ئەم دیاردەیە، بەڵام ئەمەى لە کوردستان رودەدات زیاتر پەیوەستە بە دابەزینى ئاستى ئاو لە زۆربەى سەرچاوەکانى ئاودا. ئەم حاڵەتەش وادەکات کە رێژەى ئۆکسجینى تواوه‌ (Dissolved Oxygen) لە ناو ئاودا زۆر کەم ببێتەوە. بە پێى ستاندەرى (WHO) رێژەى ئۆکسجینى تواوه‌ کە پێویستە لە نێو ئاودا هەبێت بۆ گەشەکردنى ماسى، دەبێت کەمتر نەبێت لە (٥)، ئەگەر دابەزى ئەوە ئەم دیاردەیە ڕودەدات.
 
هۆکارى سەرەکى بۆ دابەزینى رێژەى ئۆکسجینى (D.O) تواوه‌ تەنها دابەزینى ئاستى ئاو نییە، بەڵکو هەندێكجار لەگەڵ دابەزینى ئاستى ئاو رێژەى ماددە پیسەکەرەکان، ماددە خۆراکییەکان و ماددە ئۆرگانییەکان کە دەوڵەمەندن بە (نایترۆجین و فسفۆر) لە ئاودا زیاد دەبن، کە لە ئەنجامى پیسکردنى سەرچاوەکانى ئاو بە پاشماوە و پاشەڕۆى زەوییە کشتوکاڵیەکان ویەکەکانى نیشتەجێبوون دروست دەبێت. ئەمەش وادەکات کە رێژەى ئۆکسجینى تواو (D.O) کەم بکات وبە پێچەوانەوە رێژەى ئۆکسجینى بایه‌ڵۆجیى پێویست (Biological Oxygen Demand) زیاد دەکات. بۆیە لە ئەنجامدا رێژەى قەوزە بە تایبەتى قەوزەى جۆرى (Cyanobacteria) زیاد دەکات و رەنگى ئاوەکە بۆ سەوز دەگۆڕێت وهەندێكجار ئاوەکە بە تەواوەتى بە قەوزە داده‌پۆشرێت و هیچ بڕە تیشکێک (تیشکى خۆر) ناگاتە چینەکانى خوارەوەى ئاوەکە، بۆیە زۆربەى ماسییەکان ژیان لەدەست دەدەن.
 
ئەم دیاردەیە لە رووى زانستیەوە پێى دەوترێت (Eutrophication), وئەو ناوچانەى کە ئەم دیاردەیە تێیدا رودەدات بە ناوچەى مردو  (Dead zone) دەناسرێن و زیاتر لە هاویندا لە نێوان مانگى ٧ بۆ ١٠ رودەدات.
 
هەندێكجاریش گۆڕینى پلەى گەرمى یان زیادبونى پلەى گەرمى ئاو، رودانى ئەم دیاردەیە زیاتر دەکات بە تایبەتى لە گەڵ دابەزینى ئاستى ئاو و زیادبونى رێژەى ماددە پیسەکان.
 
بەمەبەستى کەمکردنەوەى ئەم دیاردەیە زۆر پێویستە سەرچاوەکانى ئاوى سازگار بپارێزێن لە مادەە پیسکەرەکان و پاشەڕۆکان، ئەرکى حکومەتە پاڵاوگەى تایبەت بە پاشەڕۆکان دابمەزرێنێت و چیتر بە شێوەى راستەوخۆ نەخرێنە نێو روبارەکانەوە. هەروەها پێویستە سەرچاوەکانى ئاو بە شێوەى زانستى و بەپێى پێویست بەکاربهێنرێن بەمەبەستى پاراستنى ئاستى ئاو و کەمکردنەوەى ئەم دیاردەیە.
 
 
 



Dengnet.net - 2024
دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە
ژمارەی سەردان 1,721,256     ژمارەی میوان 3258