له‌تیف فاتیح فه‌ره‌ج
جیاوازی جینۆسایدی شه‌نگال و ئێزدیه‌كان له جینۆسایده‌كانی دیكه‌ی كورد، جگه له خۆ ده‌ستی كورد به تایبه‌ت له پشتتێكردنی شه‌نگالیه‌كان، ئه‌وه‌بوو ئه‌و هێزه‌ی جینۆسایده‌كه‌ی كرد تاریكترین هێزی مێژوو بوو، هه‌روه‌ها له سه‌رده‌مێكیشا به ڕێوه چوو كه كورد خۆی چوارچێوه‌یه‌كی هه‌بوو.
ئێزدی له كوردستان و عیراق زیاتر له 600 هه‌زار كه‌س بوون. له‌و ژماره‌یه زیاتر له 350 هه‌زار كه‌س ڕووبه‌ڕووی ئاواره بوون و كوشتن و راكردن و كۆڕه‌و بوونه‌وه، له دوای رزگار كردنی شه‌نگاله‌وه 150 هه‌زار كه‌س گه‌ڕاونه‌ته‌وه ناوچه‌كانی خۆیان و 100 هه‌زار كه‌سیش كۆچی ده‌ره‌وه‌ی وڵاتیان كردوه به تایبه‌ت ئه‌ڵمانیا، تا ئێستاش پتر له 100 هه‌زار كه‌س نه‌گه‌ڕاونه‌ته‌وه بۆ شوێن و رێی خۆیان.
تا ئێستا 86 گۆڕی به كۆمه‌ڵ دۆزراوه‌ته‌وه، 68 په‌رستگه‌و شوێنی ئاینی و مه‌رقه‌د روخێنرا، له یه‌كه‌م ساته‌وه ژماره‌ی رفێنراو نزیكه‌ی 6500 كه‌س بوون له ژن و پیاو له‌و ژماره‌یه 3548 ژن و كچ و 286 پیاو بوون، تا ئێستا 3550 كه‌س رزگار كراوه‌و 263 كه‌س بێسه‌رو شوێنن، هه‌ڵبه‌ت ژماره‌كان له‌وه‌ش زیاترن.
كه‌وتنی شه‌نگال له‌و بار‌و دۆخه‌دا و به جێهێشتنی شه‌نگال بێشه‌ر وه‌ك كه‌وتنی كه‌رامه‌تی سیاسی و سه‌ربازی كورد وابوو ، له سه‌ر ئه‌و كه‌وتنه‌و به‌رگری نه‌كردن له خه‌ڵك كه‌س سزا نه‌درا، ماوه‌یه‌كی كه‌م دوای كه‌وتنه‌كه من كتێبێكی بچوكم به ناو نیشانی شه‌نگال ئه‌نفالێكی تر بڵاو كرده‌وه‌و هه‌وڵمدا وێنه‌ی برینه‌كه نیشانی هاوزمانه‌كانم بده‌م ، لام وایه ئه‌وه یه‌كه‌م كتێب بوو له سه‌ر شه‌نگال دوای كه‌وتنه‌كه.
ئێستا كه یادی كه‌وتنی شه‌نگال ده‌كه‌ینه‌وه هێشتا هه‌ڕه‌شه‌كان له سه‌ر شه‌نگال به‌رده‌وامیان هه‌یه، جگه له هه‌ڕه‌شه‌ی ده‌وڵه‌تی تورك له ناو خۆیشا هه‌ڕه‌شه له سه‌ر ئێزدیه‌كان و شه‌نگال هه‌یه‌و هێشتا حكومه‌تی هه‌رێم و خۆ به‌ڕێوه‌به‌ری شه‌نگال و ده‌وڵه‌تی عیراق نه‌گه‌یشتونه‌ته رێكه‌وتنێكی ئاكاری و ئاشتیانه ئه‌مه‌ش هه‌میشه مایه‌ی نیگه‌رانی شه‌نگالیه‌كانه.
له یادی كه‌وتنی شه‌نگالدا دیسان ده‌مه‌وێت چیرۆكی زینه‌تان بیر بخه‌مه‌وه ئه‌و كچه شه‌نگالیه‌ی به پاره‌و هه‌وڵێكی زۆر له چنگی داعشه‌كانی تاریكی و جه‌هل رزگار كرابوو، به‌ڵام دوای ساڵ زیاتر له رزگار كردنی ئه‌و هێشتا له ریش و له پیاو سڵی ده‌كرده‌وه‌و نه‌یده‌وێرا سه‌یری پیاو بكات، ئاخر ئه‌و دوای یه‌ك ساڵ له رزگار كردنیشی تازه ته‌مه‌نی بووبووه پازده ساڵ. كه‌وتنی شه‌نگال چیرۆكی سه‌دان زینه‌ی تیایه كه هێشتا ئیشیان له سه‌ر نه‌كراوه.