دڵشاد ئەنوەر
کەمێک لەمەوبەر، میدیای فەرمی یەکێتی بڵاویکردەوە، لە دەباشان سیخوری سەر بە هاوسەرۆک دەستگیرکراوە، یەکەمجارە لە میدیای فەرمی و بە ئاشکرا و لە دوای ڕووداوەکانی ڕۆژانی ڕابردوو، هاوسەرۆک بەزەقی تۆمەتبار بکرێت.
تۆمەتبارکردنی هاوسەرۆک بە دانانی سیخور لە دەباشان، دوای چەند هەنگاوێک دێت، کە بریتی بوو لە: لێوەرگرتنەوەی دەزگای ئەمنی، دەستگرتن بەسەر ڕاگەیاندن و تەنانەت دیوە ئابوریەکەشیدا.
دوای تۆمەتبارکردن!
تۆمەتبارکردنی فەرمی و لە میدیای فەرمیەوە، مانای گەورە و قوڵی هەیە، یانی گرتنەبەری ڕێوشوێنەکان بەرامبەر هاوسەرۆک ناوەستن، نەک درێژەی دەبێت، بەڵکو قوڵتر دەبنەوە.
یاخود بەمانایەکی تر، تۆمەتەکان کە وردەکاری زۆری لەگەڵدایە ، شەرعیەت دەدەن بە دوورخستنەوەی هاوسەرۆک لە یەکێتی و تەنانەت گرتنەبەری ڕێوشوێنی تریش، دەبنە هۆی ڕازیکردنی سەرکردایەتی حیزبەکەش بەرامبەر ڕێوشوێنەکان، بەتایبەت ئەوێ تاکە شوێنە، هاوسەرۆک داوای بردنی کێشەکان دەبات بۆی، بڵاو کردنەوەی لە ئێستادا، لەکاتێکدایە باس لە کۆبوونەوەی سەرکردایەتی دەکرێت.
بەکورتی تۆمەتبارکردنی هاوسەرۆک لە میدیای فەرمیەوە، یانی هیچ دەرفەتێک نەما بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان، جگە لە بەجێهێشتن یاخود دوورخستنەوەی هاوسەرۆک، واتە هەموو شت لەمبارەوە بڕیاری لێدراوە.
مانەوەی لاهور شێخ جەنگی بەتەنها!
ڕووداوەکانی ڕۆژانی ڕابردوو، سەلماندیان کە هاوسەرۆکی یەکێتی تەنهایە لەم کێشمەکێشەدا، بەشێکی زۆری ئەم تەنهاییە، پەیوەندی بە هەڵەی خۆیەوە هەیە.
لە سەر ئاستی ناوخۆی حیزب، هەموو سەرکردە کۆنەکان دۆخەکەیان پێخۆشە، چونکە ئەو بە هۆکاری بێ ڕۆڵ کردنیان دەزانن، ئەم قیادانە جگە لە چەند دانەیەکیان، کەسیان ڕۆڵیان لە یەکلایی کردنەوەی ململانێکەدا نەبوو، تەنها خۆشحاڵن.
پارتیش وەکو حیزبێک کە زۆرترین شەڕە دەنوکی لەگەڵ هاوسەرۆک هەبوو، خۆشحاڵە بە دۆخەکە، بەڵام دەستوەردانی فەرمی و زەقی نەبوو لە یەکلایی کردنەوەی هاوکێشەکەدا، بەڵام ناراستەوخۆ ڕەخسێنەری زەمینەکە بوو.
تورکیا وەکو وڵاتێکی هەرێمی دراوسێ و خاوەن پێگە، بەهۆی جوڵە زەق و دیارەکانی هاوسەرۆک، بەتایبەت لە دەعمکردنی لایەنە نزیکەکانی پەکەکە، هێندە توڕەبوو، گەر ئەمە ڕووینەدایە، ڕەنگە سەری یەکێتیشی بخواردایە.
سیاسی خاوەن ئەزموون، لە ژێرەوە ئیش دەکات، چی لایەکی خۆش بوێ لە پشتەوە دەعمی دەکات و لەسەرەوەش نکۆڵی دەکات، ڕەتیدەکاتەوە دەعمی کردبێ، بەڵام پشتیوانیکردنی هاوسەرۆک بۆ لایەنە نزیکەکانی پەکەکە زۆر زەق بوو، ئەمەش لە ژیانی سیاسیدا هەڵەیەکی گەورەیە، بەو ڕوونیە، سەنگەر لە دووەم هێزی ناتۆ بگری.
من سیاسی نیم، هیچ پێگەیەکی فەرمیم نیە، بەڵام ئەو جوڵانەی هاوسەرۆکم لە مێژە پێ سەیرە، ئایا ڕاوێژکاری نەبوو یاخود چی؟
گەر ڕاوێژکاری وردی هەبایە، دەعم کردنی لایە نزیکەکانی پەکەکەی بە نهێنی دەهێشتەوە و نکۆڵی لێدەکرد، چونکە ڕاستە ئێمەی کورد، هاوزمانی و هاونەتەوەیمان لەگەڵ پەکەکە، وایکردووە سۆزمان بۆی هەبێ، بەڵام لەدەرەوە هاوکێشەکە جۆرێکی ترە.
ئێرانیش وەکو وڵاتێکی خاوەن ڕۆڵ لەناوچەکە، هەم لە ڕووی مێژویی، هەم لە ڕووی جوگرافیا و دراوسێیەتی، هەم لە ڕووی ئەمنی و ئابوریشەوە، بەرژەوەندی لەگەڵ یەکێتی یەکانگیرە، دەبێت ڕوونیش بێت، تا ئەم وڵاتە خاوەن هێز و پێگە بێت، ناهێڵێ یەکێتی و عایلەی تاڵەبانی بکەون.
سەبارەت بە هاوپەیمانانیش، هەرچەندە ئەم کێشانە لۆکاڵی و محەلین بەنیسبەت ئەوانەوە، بەڵام چاویشیان لەسەریەتی، ڕەنگە زۆر کێشەشیان لەگەڵ ڕووداوەکانی سلێمانیدا نەبێت. دەکرێت بپرسین بۆ ؟
هاوپەیمانان لەگەڵ سەقامگیری هەرێمن، لەگەڵ ڕێککەوتنی پارتی و یەکێتین، لەگەڵ یەکخستنەوەی پێشمەرگەن، بەڵام خیتابی سیاسی ئیعلامی هاوسەرۆک، لێرەشدا پێچەوانەی خواستی ئەوان بوو.
هەمان هەڵەی گۆڕان!
بزووتنەوەی گۆڕان کاتێک دروستبوو، لەسەر ئاستی ناوخۆ هێندە بەهێز بوو، هێندە پشتیوانی جەماوەری هەبوو، یەکێتی و پارتی گیر هێنابوو، بەڵام دواجار سەرکەوتوو نەبوو.
گۆڕان ڕاستە لە ناوخۆ پشتگیری جەماوەری بەهێز بوو، بەڵام پەیوەندیە دبلۆماسی و نێو دەوڵەتیەکانی لاواز بوو، نەیتوانی دەرەوە قەناعەت پێ بکات، کە بەدیلێکی باش دەبێت بە لانی کەم بۆ یەکێتی،. بۆیە ئەمە خاڵێکی گرنگی شکستەکەی بوو، گەرچی هۆکاری تریش زۆرن، وەک کۆچی نەوشیروان مستەفا و زۆری تریش.
لاهور شێخ جەنگیش هەمان هەڵەی گۆڕانی دووبارە کردەوە، بایەخی بە ناوخۆ و سۆشیال میدیا و زۆری تر دەدا، لە کاتێکا جوڵە زەقەکانی، دەرەوەی کردبووە نەیاری.
لە کوردستانیشدا، هەر هێز و گروپ و لایەنێک بیەوێ باڵادەست بێت، دەبێت چەند بایەخ بە پێگەی ناوخۆیی بدات، دوو هێندە بە وڵاتانی دەوروبەر، بەوەی بەلانی کەم نابێتە مایەی مەترسی لەسەر بەرژەوەندیەکانیان.