دەنگ نێت، محه‌مه‌د ره‌حیم كه‌ریم
دامەزراوەی خوێندنی باڵا لە هەرێمی کوردستان سیمایەکی پیاوانەی هەیە، ئەویش بەهۆی ئەوەی کە تەواوی بڕیار بەدەستەکانی ئەم دامەزراوەیه به رەهایی لەلای پیاوانە و بە رێژەیەکی زۆر کەم ژن لە ناوەندی بڕیاردا بەشدارە.
وه‌زاره‌تى خوێندنى باڵا و توێژینه‌وه‌ى زانستى، یه‌كێكه له (22) وه‌زاره‌ته‌كه‌ى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان-عێراق، له ساڵی (1992) و له‌گه‌ڵ دروستكردنى یه‌كه‌م كابینه‌ى حكومه‌ت دا پێكهێنراوه. سەرەتا بەشێوەی ئەنجومەنێک بوە کە سەر بە ئەنجومەنی وەزیران بوە بەڵام دواتر بە پرۆژە یاسایەک لە پەرلەمانەوە کراوە بە وەزارەتێکی سەربەخۆ، كاره‌كانى بریتییه له سه‌رپه‌رشتیكردنى خوێندنى باڵا و زانكۆ و په‌یمانگا حكومى و ئه‌هلیه‌كانى هه‌رێم و بهرهوپێشهوهبردنى كارى ئه‌كادیمی زانكۆیی.
له‌م راپۆرته‌دا به وردى تیشك ده‌خه‌ینه‌سه‌ر لایه‌نى جێنده‌رى له زانكۆكاندا كه وه‌ك ده‌رده‌كه‌وێت زۆر لاسه‌نگه به لای ره‌گه‌زی نێردا و قه‌باره‌ى ئه‌و به‌شدارییه شێوه‌ییه ده‌رده‌خه‌ین كه ژنان له پێگه و بڕیاره‌كانى وه‌زاره‌ته‌كه‌دا هه‌یانه.
1 به 7 و 1 به 21
پەیکەری کارگێڕی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی پێکدێت لە وەزیری خوێندنی باڵا و بریکارەکەی و شەش بەڕێوبەرایەتی گشتی: (وەزیری خوێندنی باڵا، وەکیل وەزارەت، دەزگای سەرپەرشتی و دڵنیایی جۆری، فەرمانگەی کارگێڕی و دارایی، فەرمانگەی توێژینەوەو پەرەپێدان، فەرمانگەی نێردراوان پەیوەندیە رۆشنبیریەکان، فەرمانگەی ئەندازەو پڕۆژەکان و فەرمانگەی خوێندن وپلان دانان و بەدواداچوون).
لە کۆی ئەو هەشت بەرپرسە، تەنها بەڕێوبەری فەرمانگەی نێردراوان پەیوەندیە رۆشنبیریەکان لە رەگەزی مێیە.
ئەنجومەنی وەزارەتی خوێندنی باڵا كه باڵاترین ده‌سته‌ى بڕیاردانى وه‌زاره‌ته‌كه‌یه، بەشێوەیەکی بنەڕەتی له 21 ئه‌ندام پێكدێت، كه ئه‌وانیش: وەزیری خوێندنی باڵا وبریکاری وەزیر و بەڕێوبەری دەزگای دڵنیایی جۆری و سەرۆکی زانکۆ حکومییەکانی هەرێمی کوردستان و سەرۆکی سەنتەری دیراساتی ستراتیژی و ئەنجومەنی پسپۆڕییە پزیشکییەکانن. جگه له تەنها یەک ئەندام کە سەرۆکی زانکۆی هەڵەبجەیە، ئه‌وانى دیكه له ره‌گه‌زی نێرن.
تاقانه سه‌رۆك زانكۆیه‌كى ژن
ژمارەی زانکۆ حکومییەکان بریتیە لە 16 زانکۆ، کە سەرۆکی هەموو زانکۆکان پیاون و تەنها سەرۆکی زانکۆی هەڵەبجە نەبێت کە ئافرەتە.
زانكۆ تایبه‌ته‌كان "نێرانه" ترن
جگە لە زانکۆ حکومییەکان، 18 زانکۆی تایبەت هەیە کە لەلایەن کەرتی تایبەتەوە دامەزراون، سەرۆکی هەمو ئه‌و زانکۆیانه پیاون.
دو ژنه راگرى پەیمانگا
پەیمانگا تایبەتەکان لە هەرێمی کوردستان ژمارەیان بریتییە لە 13 پەیمانگا کە تەنها ڕاگری دوو پەیمانگایان ئافرەتن.
لەکۆی ئەو 13 پەیمانگایە زانیاری دەربارەی 11 پەیمانگایان بەردەستە و تەنها دوو پەیمانگایان راگرەکەیان ئافرەتن ئەوانیش پەیمانگای تەکنیکی گەشەی تایبەت لە سلێمانی و پەیمانگای تەکنیکی ئارارات لە دهۆکن.
له‌ناو زانكۆكانیشدا باڵانسی جێندەریی لاسه‌نگه
نەبوونی باڵانسی جێندەریی تەنها لە سەرۆکایەتی زانکۆ و ئەنجومەنی وەزارەت نیە، بەڵکو لەسەر ئاستی ئەنجومەنی زانکۆکانیش درێژه‌ى هه‌یه.
هەر سەرۆک زانکۆیەک دەشێت دو یان سێ جێگری هەبێت بۆ کاروباری زانستی و کارگێڕی و فێرخوازان. لە کۆی (37) پۆستی جێگری سەرۆکی زانکۆ هیچ یەکێکان ژن نیە.
بەڵام لە زانکۆ تایبەتەکاندا تا ڕادەیەک جیاوازترە، له دو زانکۆیان جێگری سەرۆکی زانکۆ ژنن، کە ئەوانیش زانکۆی هەولێری نێودەوڵەتی و زانکۆی جیهانە لە هەولێر.
له 7 زانكۆدا هیچ پۆستێك به‌ده‌ست ژنه‌وه نیه
ژمارەی کۆلێژ و پەیمانگاکانی هەر 16 زانکۆ حکومییەکەی هەرێمی کوردستان بریتییە لە 142 کۆلێژ و پەیمانگا، له هه‌مو ئه‌م ناوه‌ندانه لاسهنگیهكى زۆر بهدییدهكرێت له رێژه‌ى ژنان، به‌شێوه‌یه‌ك حەوت زانکۆ هیچ ژنێك پۆستی راگری نییە.
ئه‌م حاڵه‌ته له زانكۆ تایبه‌ته‌كانیشدا ره‌نگیداوه‌ته‌وه، به‌شێوه‌یه‌ك ژنان له باشترین حاڵ دا راگرایه‌تى كۆلێژێكیان له‌لایه، ئه‌گه‌رچی داتاى ورد له‌وباره‌وه نه له‌لایه‌ن وه‌زاره‌تى خوێندنى باڵا و نه له‌لایه‌ن خودی زانكۆكاكانیشدا نه‌خراوه‌ته‌ڕو.
ئه‌م لاسه‌نگیه بۆ؟
مامۆستایه‌كى زانكۆ پێیوایه به‌ركه‌وته‌ى پۆسته‌كانی خوێندنى باڵا به تێڕوانینی بڕیار به‌ده‌سته‌كان كه‌وتوه، سه‌رۆكى زانكۆیه‌كیش پێیوایه له‌لایه‌كیشه‌وه په‌یوه‌ندی به خودی ژنانه‌وه هه‌یه.
د. عالیە فەرەج، دەڵێت: هیچ ڕێگریمان نیە بەوەی کە ڕێگربێت کە ژنان بۆ ئەو پۆستانە، هەروەک هاندەریشمان نیە، کەواتە ئەکەویتە سەر بۆچونی ئەو خاوەن بڕیارانەی کەسەکان دیاری دەکەن بۆپۆستەکان، ئەوان چۆن لە پێگەی ژنان دەڕوانن ئیداری بێت یان زانستی.
پێیشوایه ئەگەر رێگری نەهێڵیت لەبەردەم بوونی ژنان لە پۆستە باڵاکانی خوێندنی باڵا، یەکەم هه‌نگاو ئه‌وه دەبێت كه بە یاسا و رێنمایی رێگرییەکان نەهێڵرێت.
د. مهاباد كامل، سه‌رۆكى زانكۆ هه‌ڵه‌بجه، كه تاكه ژنه سه‌رۆكایه‌تى زانكۆیه‌ك بكات، ئەم لاسه‌نگیه پەیوەست ده‌كات بە دو حاڵەتەوە: "یەکێکیان ئەوەیە کە خودی ژنان خۆیان کەمتر حەزیان لێبێت لەو پۆستانەدابن، بەحوکمی ئەوەی وابەستی خێزان و مناڵبن، ئەوی دیکەشیان پەیوەندی بەکلتورەوە هەیە کە زیاتر ئەوانەی لە پۆستەباڵاکاندان پیاوانن و ئەوان وێنای کۆی کایەکانی ژیان دەکەن.
كۆتا وه‌كو چاره‌سه‌ر
له پارله‌مانى كوردستان ژنان رێژه‌ى 30%ى كورسییه‌كانیان بۆ بهلاخراوه، بو سیسته‌مێك كه به "كۆتا" ناودێر كراوه. هه‌ندێك پێیان وایه ده‌بێت ئه‌مه له حكومه‌تیشدا بگیرێته‌به‌ر له‌پێناو بره‌ودان به پێگه‌ى ژن له بڕیاردان دا.
ئاشنا عەبدوڵڵا، ئەندامی لیژنەی پەوەردە و خوێندنی باڵا لە پەرلەمانی کوردستان، دەڵێت: لە ڕابردودا بەشێک لە ڕێکخراوەکانی ژنان کاریان لەسەر ئەوەکرد کە رێژەی کۆتا چۆن بۆ پەرلەمان هەیە بۆ حکومەتیش جێگیر بکرێت، دەبێت لیژنەی ژنانیش لە پەرلەمان ئەمانە لە ئیشی لەپێشینەی بێت.
د. عالیه فه‌ره‌ج-یش له‌وباره‌وه ده‌ڵێت: دەبێت لە پۆست و پلەکانی دیکەش لەناو زانکۆ‌دا دەرفەتیان بۆ بڕەخسێت چ به کۆتا بێت بە تەناوب کە جارێک پیاو بێت و جارێک ژن.
وەزارەتی خوێندنی باڵا: ده‌بێت زه‌مینه‌سازیی بكرێت
وته‌بێژی وه‌زاره‌تى خوێندنى باڵا رایوایه كه بۆ هاوسه‌نگیی جێنده‌ریی، پێویسته لە چه‌ند رویه‌كه‌وه زه‌مینه‌سازی بكرێت، ده‌شڵێت وه‌زاره‌ته‌كه‌یان ئه‌و پرسه‌ى به هه‌ند وه‌رگرتوه.
عەباس ئەکرەم، وتى: ده‌بێت له‌ڕوی ئابوری و پەروەردەیی و کلتورییەوە زەمینەی بەشداری راستەقینەی خانمان بڕەخسێنین".
له‌وه‌ڵامى ئه‌و پرسیاره‌ى به دیارییكراوى وه‌زاره‌ته‌كه له‌روى راگرتنى باڵانسى جێنده‌رییه‌وه چیكردوه؟ عه‌باس ئه‌كره‌م وتى: ئێمە لە هەنگاوەکانی یەکەمماندا لە سەر ئاستی وەزارەت لیژنەی تایبەتمان بۆ پرسی یەکسانی جێندەر پێکهێناوە، هەروەها لە هەمو زانکۆکانی کوردستان سێنتەری جێندەرناسیمان دامەزراندوە، لەبەشێکی زۆری زانکۆکانمان گروپی توێژینەوەی چالاک لە بواری جێندەردا کار دەکەن، ئێمەش هەوڵ دەدەین پشتیوانی زیاری توێژەرانی ئەم بوارە بکەین .
له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا وتهبێژهكهى وه‌زاره‌تى خوێندنى باڵا دانى به‌وه‌دانا كه ده‌بێت بەها و نۆرم و بنەماکانی یەکسانی جێندەر بە وردی لە تەواوی سیستمی پەروەردەی و پێداگۆجی هەرێمەکەماندا رەنگبداتەوە، بۆ ئه‌وه‌ى بەشداری ژنان له هه‌مو كایه‌كان دا راستەقینە و هاوسەنگ بێت.
* ئه‌م راپۆرته دواى به‌شدارییكردنى ئاماده‌كار له خولێكى رێكخراوى (ئینته‌رنیوز) له‌باره‌ى ئاماده‌كردنى راپۆرتى هه‌ستیاریی جێنده‌ریی، ئاماده كراوه.