به‌ڕێوبه‌رى ته‌ندروستى ده‌ربه‌ندیخان له‌سه‌ر كۆمێنت نوسین ٧٠ كه‌س ده‌داته‌ دادگا

2021/07/01 - 07:51 | 698 جار بینراوە    
 
ده‌نگ نێت
 
له‌سه‌ر ره‌خنه‌گرتن و قسه‌كردن به‌ ته‌ندروستى ده‌ربه‌ندیخان به‌ڕێوبه‌رى ته‌ندورستى ده‌ربه‌ندیخان سكاڵاى له‌سه‌ر زیاتر له‌ ٧٠ كه‌س تۆماركردوه‌ و  سەنتەری میترۆش داوا لە بەرێوەبەرێتی تەندروستی دەربەندیخان دەكات ئەو داوا یاساییانە دژ بە رۆژنامەنوس و چالاكوان، رەخنەگرانی قەزای دەربەندیخان بكشێنێتەوە، چونكە كەرتی تەندروستی پڕە لە كەموكورتی و پێویستە لە ژێر چاودێریدا بێت.
 
رۆژی 19ی ئایاری رابردوو كۆمەڵێك رۆژنامەنوس و چالاكوانی مەدەنی چوونە بەردەم قائیمقامییەتی قەزای دەربەندیخان، بە مەبەستی خستنەروی داخوازیییان بۆ پێشخستنی كەرتی تەندروستی لە شارەكەیان.
 
به‌ پێی وته‌ى فەرمان عبدلره‌حمان، چالاكوانی مەدەنی رێكخەری چالاكییەكە، كه‌ بۆ سه‌نته‌رى میترۆ قسه‌ى كردوه‌ لە 28ی حوزەیران پسولەی ئاگاداركردنەوەی پێگەیشتووە، داوای لێكراوە وەك "تۆمەتبار بە پێ مادەی 2ی مۆبایل لە هۆبەی لێكۆڵینەوە ئامادە بێت".
 
به‌ پێى راگه‌ینراوێكى سه‌نته‌رى میترۆ بەهۆی نوسین و كۆمێنتی ژمارەیەك لە چالاكوان لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان، بەرێوەبەری تەندروستی دەربەندیخان سكاڵای یاسایی دژ بە خاوەنی ئەو نوسین و كۆمێنتانە تۆمار كردوه‌.
 
‎لە بارەی تۆماركردنی سكاڵاكان، ( د.سازان ئیبراهیم ) بەڕێوەبەری تەندروستی دەربەندیخان، بە سپێدەی راگەیاندوە، كە سكاڵای لەسەر ( 28 ) كەس تۆمار كردوە لەبەرئەوەی لەتۆڕەكۆمەڵایەتییەكان جوێن و تۆهمەو قسەیان پێوتوم" ئەو پێی وایە ئەگەر هەركەموكورتیەكی ئیداری و تەندروستی لە ئارادا بن رێوشوێنی "ئیداری و یاسایی دادگایی بكرێم" نەك بە "كۆمێنت و پۆست كردن".
 
به‌پێى راگه‌ینراوه‌كه‌: ژمارەی داوا یاساییەكان لەم كەیسە لە هەڵكشاندایە ئەمرۆ 70 داوای یاسایی تێپەراند" 
 
داوا یاساییەكان بە پێی ماددەی 2 لە ( یاسای ژمارە 6 ی ساڵی 2008)، یاسای قەدەغەكردنی خراپ بەكارهێنانی ئامێرەكانی پەیوەندی كردن لە هەرێمی كوردستان – عیراق، تۆمار كراوە. كە سزای بەندكردنی لە 6 مانگ بۆ 5 ساڵ و غەرامەی ملیۆنێك بۆ پێنج ملیۆن دیناری تێدایە.
 
سەنتەری میترۆ، ئاماژه‌ى به‌وه‌شكردوه‌: زۆربونی داوای یاسایی لەسەر مەسەلەیەكی دیاریكراوی وەك ئەوەی دژ بە چالاكوان و رەخنەگرانی دەربەندیخان،  ئەوە بە رونی دەردەخات، بە ئامانجی فشار و بێدەنگ كردن بن و داوا دەكات ئەو داوا یاساییانە دژ بە رۆژنامەنوس و چالاكوانانە بكشێنێتەوە، چونكە كەرتی تەندروستی پرە لە كەموكورتی و پێویستە لە ژێر چاودێریدا بێت، چاودێری و رەخنە لە كەموكورتییەكان دور لە ناوزراندن، دامەزراوەكانمان بەهێز دەكەن.
 
 
 
 



Dengnet.net - 2024
دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە
ژمارەی سەردان 1,664,804     ژمارەی میوان 587