ڕێبەرێتیی لە سەدەی بیستویەکدا

2021/06/27 - 11:02 | 1968 جار بینراوە    
 
عەلی شێرخان
 
قسەیەکی ئەفریقیی هەیە دەڵێت: گەر دەتەوێت خێرا ڕا بکەیت بە تەنها ڕا بکە، بەڵام ئەگەر دەتەوێت بۆ دوور ڕا بکەیت، ئەوا پێکەوە ڕا بکەن. لە سەدەی بیستویەكدا ڕۆڵی سەرکردە و ڕابەرێتیی ڕێکخراو دەزگاکان لە چاو سەدەکانی پێشوو فرە جیاوازە. چەمکی سەرکردە و ڕێبەرێتیی ئەبێت بە زۆر جۆر و شێواز پێناسە بکرێت. بە شێوەیەکی گشتیی سەکردایەتیی پڕۆسەیەکی ستراتیژیی گشتگیری هەمەلایەنە، ئامانجی هاندان و ئاڕاستەکردنی تاك و پێڕەکانە لە ڕووی فکریی و ڕۆ‌حیی و ڕەوشت و هەڵسوکەوت و داهێنانەوە بۆ بەدەستهێنانی ئامانجە سەرەکییەکە. ستیف جۆبس داهێنەری بواری کۆمپانیای ئەپڵ دەڵێت: داهێنان سەرکردە لە هاوەڵەکانی هەڵدەبویرێ. جۆن کوینسی ئەدەم دەڵێت: هەرکات هەڵسوکەوتی تۆ بووە مایەی ئەوەی ئەوانی تر توانای خەونی زیاتر و فێربوونی زیاتر و کاری زیاتر و ئامانجی زیاتریان هەبێت، ئەوا تۆ سەرکردەیت. جۆن ماکسوێڵی قسەکەری بواری سەرکردایەتیی دەڵێت: ١٠% ژیان ئەوەیە کە چی ڕوو دەدات لە ژیانی تۆدا، بەڵام ٩٠% ئەوەیە هەڵوێستی تۆ چۆن دەبێت. بەهرە دیارییە، بەڵام کەسێـتیی هەڵبژاردەیە. سەرکردایەتیی تەنها ناونیشان و پێگە نییە، بەڵکوو واتای کاریگەرییە لە سەر ژیانی ئەوانی تر. سەرکردایەتیی واقیعاندنی دیدگایە.
جۆرێتیی و شێواز (ستایڵ)ـی سەرکردایەتیی کاریگەریی ڕاستەرخۆی لە سەر هەڵسوکەوت و لایەنی به ‌هێزیی و بێهزیی ڕێکخراو هەیە. ڕێبەرێتیی جیاوازە لە بەڕێوەبردن، مینیزبرگی لێکۆڵەری بواری بەڕێوەبردن دەڵێت: ئیشی  سەرکردە: دیدگاسازییە، داهێنانە، دووربینییە، هاندانە، درووستکردن و گۆڕانی بەردەوامە، بەرزڕاگرتنی بەها و کار و توانای مرۆڤەکانە، درووستکردنی تاک و هاندانیانە بۆ بەرهەمهێنان هتد... بەڵام ئیشی بەڕێوەبردن پلاندان و ڕێکخستن و جڵەوگیریی و چارەسەرکردنی کێشەکانە. لە هەمان کاتدا سەرکردایەتی¬کردن و بەڕێوەبردن دوو چەمکی تێهەڵکێش و تەواوکەری یەکترن، بەهێزیی و بێهزیی هەڵسوکەوت و کاری ڕێکخراو پەیوەندیی ڕاستەوخۆی بە جۆرێتیی ئەو دوو چەمکەوە هەیە. بۆ تێگەشتن لە ڕۆڵی هاوچەرخی سەرکردایەتیی لە سەدەی بیستویەکدا کەمێك ڕۆلە کلاسیکییەکەی ئەم چەمکە لە کەو و بێژنگ دەدەین.
شێوازی کلاسیکی سەرکردایەتیی:
لە ڕێکخراوە کلاسیکییەکاندا، بە گشتیی ئەرکی سەرکردە بەرزکردەنەوەی بەها و نرخی هەموو ئەوانە بووە وا ڕاستەوخۆ و ناڕاستەخۆ لە دەرەوەو ناوەوە پەیوەندییان بە ئیشوکاری ڕێکخراوەکەوە هەبوو (ستەیك هۆلدەر). ئیشی سەرکردە زیاتر بەڕێوەبردن و جڵەوگیریی و بڕیاردان بووە نەك هاندان و داهێنان. کۆمەڵێك تێۆری کلاسیکی بەڕێوەبردن لەم بوارەدا زیاتر باوەڕیان وایە بۆ ئەنجامدانی ئیشوکارەکان تەنها پێداویستییە جەستەیی (فیزیکیی) و ئابوورییەکان گرنگن. ئەم تیۆرە لایەنی پێداویستیی کۆمەڵایەتیی و دڵخۆشیی و گەشبینیی ئیشوکاری فەرامۆش کردوە. سەرکردەکان جڵەوی ناوەندی یەكلاکەرەوەیان لەدەست دایە، بڕیاری تاكڕەویی و کەسیی و بەرژوەندیخواز دەدات.
سەکردە دەکرێت بەپێی سەردەم و کات گۆڕانکاریی لە ڕۆڵ و ئەرك و کارەکانیدا بێت. بۆ تێگەیشتن و هەڵسەنگاندن لە ڕۆڵ و شێوازیی سەرکردایەتی¬کردن، تۆزێك شەن و باکردنی تیۆر و چەمکەکانی  سەرکردایەتی¬کردن  سوودبەخشە. تیۆرەکانی  سەرکردایەتی¬کردن ڕوونی دەکەنەوە کە چۆن کۆمەڵێك کەس ئەبنە سەرکردە، تیۆرەکان باسی لایەنی هەڵسوکەوت، ڕەوشت، کەسێتیی و شێوازی تاکەکان دەکەن.
تیۆری سیفات:
ئەم تیۆرە باوەڕی وایە هەندێك لە تاکەکان کاتێ ئەبنە سەرکردە هەر بە خۆڕسکیی و سرووشتیی سیفاتی سەرکردایەتییان  تێدایە، سیفاتەکانیان  لە دەوروبەر و ڕاهێنانەوە وەر نەگرتووە. بیرۆکەی ئەم  تیۆرە دەڵێت هێزی تەواوی ڕێکخراو لە دەستی پیاوی مەزندایە. ئەم بیرۆکەیە  بۆ یەکەم جار  لە لایەن تۆماس کارلی لە ساڵانی ١٨٠٠ بە ناوی (تیۆری پیاوی مەزن بۆ سەرکردایەتیی) گەشەی سەند. بەپێی ئەم تیۆرە تاك دەسەڵات و ‌هێزی تەواوی هەموو کارەکانی لە خۆیدا بەرجەستە کردوە.
تیۆری هەڵسوکەوت:
ئەم تیۆرە باوەڕی وایە تاکەکان لە ڕێی ئەزموون و ڕاهێنانەوە دەبنە سەرکردەی سەرکەوتوو، هەڵسوکەوت و کەسێتیی سەرکردەکان لە لایەن ئەوانی تروە دووپات و لاسایی دەکرێتەوە. ئەوانەی خواستیان هەیە جڵەوی بەرپرسیارێتیی و سەرکردایەتیی بگرنە دەست، دەتوانن لە ڕێی کەڵكوەرگرتن لە  ئەزموون و ڕاهێنانەوە  شێواز و توانای سەرکردایەتیی خۆیان بەهێز و دەوڵەمەند بکەن. زۆربەی لێکۆلینەوەکان باوەڕیان وایە خول و ڕاهێنان یارمەتییدەرێکی زۆر باشە بۆ پێگەیاندنی سەرکردەی لێهاتوو. 
تیۆری بارودۆخ:
ئەم تیۆرە باوەڕی وایە ئەبێت شێواز و هەڵسوکەوتی سەرکردە بەپێی کات و شێوازی بارودۆخە خوازراوەکە  هەڵسوکەوت و گۆڕانکاریی بکات. پێی وایە سەرکردەی سەرکەوتوو ئەبێت گونجاوترین و ژیرانەترین شێوازی سەرکردایەتیی کاروبار هەڵسووڕێنێت و هەڵسوکەوت بکات. واتە گەرەکە پێڕەو و شێوازی سەرکردایەتیی ڕەنگدانەوە و بەرجەستەکراوی بارودۆخ و ئیشوکارەکە بێت. ئەرکی سەرکردە، پێوتنە، سەرکردە  بڕیار دەدات تاك و پێڕ چی بکەن و چۆن بیکەن. ئەرکی سەرکردە فرۆشتنە: سەرکردە پەیوەندیی و ئیشوکار دەکات بۆ درووستکردنی متمانە لای ئیشکەرەکان، هەروەتر  بڕیاریش دەدات. ئەرکی سەرکردە بەشداریکردنە: سەرکردە لەگەڵ گرووپ و تیمەکاندا ئیش دەکات، بۆ ئەوەی پێکڕا بڕیار بدەن. یارمەتیی و هانیان دەدات بە ئەوەی هەست بە ئازادیی خۆیان بکەن، ئەرکی سەرکردە نوێنەرایتیی¬کردنە: سەکردە بەرپرسیارێتیی زۆربەی بڕیارەکان دەگرێتە ئەستۆ، بەڵام ڕەنجی تیمەکان بەرز دەنرخێنێت.
 
 



Dengnet.net - 2024
دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە
ژمارەی سەردان 2,091,683     ژمارەی میوان 1162