دادوەری دەستپاکی گەرمیان گۆڕدرا

2021/06/15 - 04:35 | 1198 جار بینراوە    
 
دەنگ نێت
 
دادوەری دادگای لێکۆڵینەوەی دەستپاکی گەرمیان گۆڕدرا و دادوەرێکی دیکەی لە جێگەکەی دانرا.
 
بەپێی زانیارییەکانی رادیۆی دەنگ، لە سەرەتای ئەم ھەفتەیەوە دادوەری دادگای لێکۆڵینەوەی دەستپاکی گەرمیان، عەبدولئەمیر جومعە، مەلەفی لێکۆڵینەوەی دەستپاکی 'نزاھە'ی لێوەرگیراوەتەوە و گۆڕدراوە بە دادوەر: عەباس محەمەد ئەمین.
 
رادیۆی دەنگ بۆ وەرگرتنی لێدوانیان لەوبارەیەوە، پەیوەندی بە دادوەر: عەبدولئەمیر جومعە کرد، بەڵام پەیوەندیەکە بێوەڵام بو.
 
ئەم گۆڕانکارییانە لە دادگای دەستپاکی گەرمیان، دوای ئەوەھاتوە کە دادوەر: عەبدولئەمیر جومعە لەماوەکانی رابردودا و لەسەر سکاڵایەکی ئەندامێکی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی، سەرۆکی شارەوانی ناحیەی رزگاریی راگرت و فەرمانی دەستگیرکردنیشی بۆ بەڕێوبەری گشتی شارەوانیەکانی گەرمیان دەرکرد کە تائێستا دەستگیرنەکراوە، ئەمەش لە دۆسیەیەکدا لەبارەی پرۆژەی ناوچەی نوێی پیشەسازیی ناحیەی رزگاری کە بەپێی سکاڵاکە، ئەو دو بەرپرسە بەبێ وەرگرتن و تەواوبونی مۆڵەت و  رێکارەکان، ھەستاون بە کارکردن لەو پرۆژەیە، ئەمەش تۆمەتێکە کە ھەردو بەرپرسەکە رەدی دەکەنەوە و پێداگیریی لە بێتاوانییان دەکەن.
 
دادوەری نوێی دادگای لێکۆڵینەوەی دەستپاکی، دادوەر: عەباس محەمەدئەمین، ھاوکات دادوەری دۆسیەکانی ئاسایشی گەرمیان و دادوەری بەرایی و کەتنی دادگای ناحیەی رزگارییشە.
 
پێشتریش لە دو بەیاننامەی جیادا، ژمارەیەک پارلەمانتار و سیاسی و چالاکوان و مافناس و پارێزەر، ھۆشدارییان دابو لە بونی ھەوڵێک بۆ گۆڕینی دادوەری دادگای دەستپاکی.
 
دادوەر عەبدولئەمیر جومعە، پێش دەستبەکاربونی وەک دادوەری دادگای دەستپاکی، دادوەری دادگای لێکۆڵینەوەی خانەقین/قۆرەتو بو و لەو ماوەیەدا لە ژمارەیەک دۆسیەی 'گەندەڵی و خراپ بەکارھێنانی دەسەڵات و کەمتەرخەمی' دادبینی کرد و بەھۆیەوە ژمارەیەک بەرپرسی راگرت 'توقیف کرد'.



Dengnet.net - 2024
دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە
ژمارەی سەردان 1,664,691     ژمارەی میوان 658