مەرگی سەعدی و مانەوەی ئێمە
2021/06/14 - 10:53
|
1078
جار بینراوە
سەردەشت محەمەد
سەعدی یوسف، شاعیری دیاری عێراقی ئەو شاعیرەی کە لەڕێگایی شیعرەکانییەوە دژایەتی میللەتی کوردی دەکرد، ئەو کە زیاتر لە چل دیوان و زیاتر لە سی بەرهەمی ئەدەبی وەرگێڕدراوەتە سەر زمانە زیندووەکانی دونیا لە تەمەنی هەشتاو حەوت ساڵیدا کۆچی دوای کرد، ئەو شاعیرە ساڵی ٢٠١٤ لە یەکێک لە شیعرەکانیدا بەناونیشانی ( میسریی عوروبەو عێراقی عەجەم) دژایەتی خۆی بۆ گەلی کورد دەربڕی ونەتەوەی کوردی وەک مەیموون و کوردستانیشی وەک مەیمونستان وەسف کرد، ئەم شاعیرە عێراقییە تەنهاکەس نییە کە بائاشکرا دوژمنایەتی گەلێکی ستەمدیدەی وەک کوردبکات، بەڵکو کورد گەلێکی ماف خوراو و داگیرکراوە و دوژمنەکانی هەرچییان پێبکرێت بۆ سڕینەوەی چی لەڕێگای هێزی سەربازی و چی لەڕێگای هەوڵدان بۆ تێکدانی کەلتور و مێژوو ئەدەبیەوە درێخییان نەکردوە و هەرگیز درێخیش ناکەن، دەبێت ئێمە ئەو ڕاستییە بزانین ئەوەی وادەکات ماوەی ئەم داگیرکاری و سڕینەوەمان خێراتر بکات و دەرفەت بۆ دوژمنەکانمان ئاسانتربکات پەرتەوازەی نێوماڵی کورد و نەبونی یەک گووتاری سیاسیە لەنێوان هێزە کوردییەکاندا، بەتایبەت لە بارودۆخێکی وەک ئێستادا کە هێزێکی داگیرکەری وەک تورکیا بەبیانوی هەبونی پەکەکەوە لەناوچەکەدا پەلاماری خاکی کوردستان دەدات و بەئاشکرا هەڕەشەی داگیرکردنی ناوچەیەکی گرنگ و ستراتیژی باشووری کوردستان دەکات، لەکاتێکدا ئێمە مێژووی ئەم دەوڵەتەمان لەلا ڕوونە کەهەر لەگەڵ دروست بونیدا بەداگیرکاری و خوێن ڕشتن دەستی پێکردوە و هەمیشە هەوڵیداوە لەسەر حیسابی خاکی وڵاتانی چواردەوری درێژە بە فراوان بوونی خاکەکەی بدات و ئەمە بێجگە لەوەی کە جگە لە تورک وزمانی تورکی هیچ گەل و نەتەوە و زمان و ئایدیایەکی دیکەی پێ قبوڵ نییە، ئەم دوژمنکارییە ئێمە وەنەبێت تەنها تورک کردبێتی، بەڵکو ئەوڕقەی کە دەوڵەتی فارس و عەرەب هەیانبووە بەرامبەر بەئێمە ئەگەر زیاترنەبوبێت لەتورک ئەوا هیچی کەمتر نەبوە و نابێت، بۆیە دەبێت لەوە تێبگەن ئەوەی زامنی مانەوەمان دەکات بەتەنها یەکگرتوی و یەک خستنی نێوماڵی خۆمانە، وەدەبێت دوژمنانیشمان لەو ڕاستییە تێبگەن هەوڵەکانیان بۆ سڕینەوە و لەناوچون و دژایەتی ئێمە دواجار هاوشێوەی هەوڵەکانی سەعدی یوسف دەبێت و لەکۆتایدا هەوڵەکانیان یەک یەک لەناودەچن و ئێمەش هەروەک ئێستا دەمێنینەوە.
|