ده‌رباره‌   په‌یوه‌ندی
چیرۆکی ئەو پۆلیسە گەرمیانیەی کە داعش ڤیدیۆی کوشتنی بڵاو کردەوە

2021/05/29 - 06:38 | 853 جار بینراوە    
 
دەنگ نێت - VOA
 
ئەمڕۆ شەممە، داعش گرتەی ڤیدۆیی (جەلال بابان)ی بڵاوکردەوە، کە ناوبراو پۆلیسەو دانیشتووی ناحیەی ڕزگاری گەرمیانە، وەک لە گرتە ڤیدۆکەدا دەردەکەوێت، ژمارەیەک چەکداری داعش بەجل و بەرگی سەربازیەوە وەستاون و یەکێک لە چەکدارەکان بە دەمانچە دەیکوژێت.
 
بەپێی راپۆرتی دەنگی ئەمریکا، جەلال بابان، لە بنەڕەتدا خەڵکی گوندی نارین-ی سەربە ناحیەی قەرەتەپەی پارێزگای دیالەیە، ساڵ و نیوێک لەمەوبەر لە ئامۆزایەکیدا بەناوی ( حەسەن والی) لە گوندەکەی خۆیان لەلایەن داعشەوە ڕفێنران، دوای دوومانگ حەسەن ئازاد کرا، بەڵام جەلال لەوکاتەوە چارەنوسی نادیارە.
 
زیاد فایەق ئامۆزای جەلال بابان، بەدەنگی ئەمەریکای وت: "دوای دوومانگ لە ڕفاندنی جەلال و ئازادکردنی ئامۆزاکەی ترم، داعش لە ڕێگەی ژمارە موبایلی نەناسراوەوە و لە زنجیرە چیای حەمرینەوە تەلەفۆنیان بۆ کردین، پێیانوتین: جەلال پۆلیسەو مەرجمان هەیە بۆ ئازاد کردنی.”
 
مەرجی چەکدارانی داعش بۆ ئازادکردنی جەلال ئەوەبوو، کەسوکاری جەلال هەوڵی ئازادکردنی ژنێکی ئێزدی بدەن، گوایە هاوسەری یەکێک لە ئەمیرەکەیانەو لای دەزگا ئەمنیەکانی هەولێرە.
 
ئەو ژنەی داعش لەبەرامبەر ئازادکردنی جەلال دا داوایان دەکرد، ناوی (ح. م)ـەو لەکاتی هێرشی داعشدا بۆ سەر شەنگال کەوتبووە دەست ئەو ڕێکخراوە، دواتر یەکێک لەئەمیرەکان لە خۆی مارەی بڕیووە و پێکەوە چوونەتە سوریا.
 
دوای شکستهێنانی داعش لە سوریا، ئەمیرەکەی داعش و ژنەکە گەڕاونەتەوە بۆ عێراق و لەیەک دابڕاون، دواتر ژنەکە بە بە ناسنامەی ساختەوە لەهەولێر دەستگیرکراوە و زیاتر لە ساڵێک زیندانی بووە.
 
زیاد فایەق، ڕوونیکردەوە ئەمیرەکەی داعش، ژنە ئێزدیەکەی بە هاوسەری خۆی ناوبردووە و لەبەرامبەر ئازادکردنی جەلال دا، داوایکردووە، وتی: "ئێمەش هەوڵەکانمان خستەگەڕ بۆ ئازادکردنی ژنەکە، تا داعش جەلالمان بداتەوە، فرسەت سۆفی پارێزگاری کۆچکردووی هەولێر زۆر هاوکارمان بوو، ژنەکەمان ئازاد کرد.”
 
بەپێی وتەی زیاد، دواتر ئەمیرەکەی داعش لەبەڵێنەکەی پاشگەز بووەوە، لەبەرامبەر ڕادەستکردنی جەلال دا، داوای دەکرد ژنەکەی ڕادەست بکرێت.
زیاد وتی”دەزگا ئەمنیەکان وتیان: هیچ یاسایەک و تەنانەت ڕێکخراوە نێودەوڵەتیەکانیش ڕازی نابن، لەبەرامبەر ئازادکردنی کەسێکدا، ژنێکی ئێزدی بدرێتەوە داعش، ڕاستیشیان کرد، ئەوە نەدەکرا، بۆیە ژنەکە ڕۆیشتەوە بۆ نێو خانەوادەکەی، گفتووگۆکانمان لەگەڵ داعش سەرینەگرت، چونکە ئەمیرەکە سەرەتا داوای ئازادکردنی ژنەکەی کرد، ئێمە ئازادمان کرد، دواتر پاشگەز بووەو داوای دەکرد ژنەکەی ڕادەست بکرێت.”
 
دوای پەشیمان بوونەوەی ئەمیرەکەی داعش لەو بەڵێنانەی بەکەس و کاری جەلال دابووی، چیتر چارەنوسی جەلال بەنادیاری مایەوە، تا ئەمڕۆ شەمە، داعش ڤیدۆی کوژرانەکەی بڵاو کردەوە.
 
زیاد وتیشی: "داعش ٦ مانگ لەمەوبەر جەلال ی کوشتووە، بەڵام ئەمڕۆ ڤیدۆکەی بڵاو کردۆتەوە.”



Dengnet.net - 2024
دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە
ژمارەی سەردان 1,713,687     ژمارەی میوان 512