دو دز لە سەر ماڵێکی بێخاوەن شەڕیانە

2021/05/26 - 03:04 | 855 جار بینراوە    
 
محەمەد حسێن
 
لێدوان و زانیاریەکانی پەرلەمانتارانی پارتی و یەکێتی لەسەر دزی و قاچاخچێتی حیزبەکانیان لە حکومەت و خاڵە سنوریەکاندا بەلای زۆرەوە راستە. هەرێمی کوردستان بۆتە ماڵێکی بێ خاوەن و ئێستا شەڕەکە گەیشتۆتە ئەوەی کە داهاتەکانی ئەم ماڵە بێخاوەنە بەشی ئەوە ناکات حکومەتی پێ بەرنە ڕێوەو هاوکات قاچاخچیەکانیش تێربکات. 
ئەمە پرۆژەی جەولەیەکی تری شەڕی ناوخۆیە گەر هەل و مەرجە هەرێمایەتیەکان و فشاری هاوپەیمانان ڕێگەی پێ نەگرتایەن. کرۆکی ئەم ناکۆکیەش لەناو مۆدێلە سیاسی و ئابوریەکەی هەرێمی کوردستاندایە، زیاتر لەوەی کە پەیوەندی بە گرێ مێژوویەکانی نێوان جەلالی و مەلاییەوە هەبێت.
چۆن لەم هاوکێشەیە تێبگەین؟ لەو مۆدێلە ئابوریانەی بە کرێ-خۆر ناسراون، ئەوەی کە دەوڵەت بە کرێ و داهاتی سامانە سروشتیەکان دەژی (rentierism) گەمە سیاسیەکان بەزۆری سەر دەکێشێت بۆ جۆرێک لە بەریەک-کەوتن کە لە زمانی زانستە ئابوری و سیاسیەکاندا وەک ململانێ لەسەر سەرچاوەکان (conflict over resources ) ناسراوە. رێک ئەوەی کە ئەمڕۆ پارتی و یەکێتی لە ڕێگای پەرلەمانتارەکانیانەوە کردیان.
سروشتی ئەم ململانێی نێوان پارتی و یەکێتی لە ١٩٩٠ەکانەوە تا ئێستا هەر وەک خۆیەتی ئەگەرچی  کات و ناولێنانەکانیان گۆڕاوە. جاران لەسەر گومرکی ئیبراهیم خەلیل بوو ئێستا لەسەر داهاتی نەوت و ئینجا خاڵە گومرکیەکان، بە ئیبراهیم خەلیلیش-ەوە.
کێشەی ئەم مۆدێلە ئابوریە هەر ئەوە نیە کە پارتی و یەکێتی داوە بە گژ یەکتردا، بەڵکو وایکردووە ئەم حیزبانە توانای بەردەوامی و مانەوەیان هەبێت بێ ئەوەی هیچ ریفۆرم و گۆڕانکاریەک بکەن. پارەی نەوت و گومرک کردونی بە خاوەن هێزی چەکداری و ئەمنی و تەنانەت دەرفەتی ئەوەیشی داونەتێ کە کارمەندانی دەزگا حکومیەکانیش بەکار بهێنن بۆ پڕکردنی قاسەی سەرکردەکانیان ئەگەرچی دۆخەکە تەواو لە دژی ئەو کارمەندانەی حکومەتە کە بەشدارن لەم تاڵانکاریەدا. تەنانەت لە دژی ئەندامانی ئەم دوو حیزبەیشە.  
هەڵبەتە دروست نیە بەرپرسیارێتی ئەم دۆخە بە تەنها بخرێتە ئەستۆی بنەماڵە حوکمڕانەکانی ناو ئەم حیزبانە (بارزانی و تاڵەبانی). خەڵکی کوردستان، بەتایبەتی ئەو کەمینە هەلپەرستەی کە پشتگیری ئەم بنەماڵانە دەکەن سەرەڕای ئەو هەموو نەهامەتی و هەژاری و کولەمەرگیەی بەسەریاندا هاتووە بەهەمان شێوە بەرپرسن. 
ئەو زۆرینە بێ دەنگەی خەڵک کە بەهەر هۆکارێک بێت ناتوانێت و نازانێت خۆی ڕێکبخات و هێزێکی سیاسی کاریگەر دروست بکات لەبەرامبەر ئەم دۆخەی پارتی و یەکێتی خوڵقاندویانە هەر بەرپرسن. ئەو هێز و لایەنە سیاسیانەی تا ئێستاش چاویان لەوەیە لە سێبەری پارتی و یەکێتیدا کورسی پەرلەمانی ببەنەوە هەر بەرسن.
بە گشتی کێشەکانی هەرێمی کوردستان کەم وزۆری پارەو سامان و موچە نیە. بەرزی و نزمی نرخی نەوت نیە. بەڵکو بوونی ئیرادەیەکی سیاسیە بۆ هێشتنەوەی کوردستان لە ژێر رەحمەتی چەکدارەکانی پارتی و یەکێتیدا، نەک حکومەتێکی دامەزراوەیی و حوکمڕانیەکی دروست و هاوچەرخ. هاوکات خەڵکیش، جگە لەکەمینەیەکی ناکاریگەر، ئەم دۆخەی قبوڵە.
 بەڵام دەرەنجامی ئەم گەمەیە چی دەبێت؟ ئەم مۆدێلە ئابوری و سیاسیەی پارتی و یەکێتی قابیلیەتی بەردەوامی نیە (unsustainable). ئەمە گەیشتۆتە بنبەست و ترسی ئەوە هەیە لە دواجاردا ئەزموونی هەرێمی کوردستان لە هەمووان تێک بدات. تەنها گەمژەیی و ناماقوڵیەکانی ناو ئەم سیستەمە خۆی بەسە بۆ ئەوەی توشی داڕمانی خۆبەخۆی بکات.
 بۆنمونە، ئەوەی کە ئەمڕۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ٤ شاردا ١ ملیۆن ٢٠٠ هەزار موچەخۆری هەیە بەرەنجامی ئەم ململانێی پارتی و یەکێتی-ە، بەڵام تەماشاکەن زۆربەی هەرەزۆری ئەو کەسانەی دامەزران و موچەی خانەنیشینیان بۆ بڕاوەتەوە لەبەر ئەوەی ببنە ئەندامی ئەم حیزبانە، لە ٦ ساڵی رابردوودا هەر خەریکی خۆپیشاندان و جنێودان بوون بەم حیزبانە، چونکە حکومەتەکەی پارتی و یەکێتی نەیتوانی بەردەوام موچەیان بداتێ.
کەواتە ئەم مۆدێلە ئابوریەی پارتی و یەکێتی هەر بەهۆی ناماقوڵی و ناکۆکیەکانی ناوخۆیەوە هەرەس دێنێت (زوو بێت یان درەنگ ) گەر چارەسەرێکی ریشەیی بۆ نەدۆزرێتەوە.
بەڵام ئەم چارەسەریە بە پارتی و یەکێتی خۆیان نادۆزرێتەوەو جێبەجێناکرێت. ئەوان تا دوارادە توشی دەردو نەهامەتیەکانی سیستەمە کرێ-خۆریەکەیان بوون. ئەگەر فشارێکی سیاسی و جەماوەری رێکخراویان لەسەر دروست نەکرێت زۆر زەحمەتە بتوانن لەم داڕوخانە خۆبەخۆیە دەرباز بن.
 پرسیاری ئەوەی لە ئێستادا ئەم فشارە چۆن دروست دەکرێت و کێ دەتوانێت بیکات بە من وەڵام نادرێتەوە، بەڵام هەرگیز دۆخی کوردستان بەم ئەکتەرانەی ئێستاو بەم مۆدێلە سیاسی و ئابوریەی بارزانیەکان و تاڵەبانیەکان چارەسەر نابێت.
 زۆرینەی خەڵکی کوردستانیش بەم هەژاری و نەهامەتیانەی ئەمڕۆەوە دەناڵێنن تا ئەو رۆژەی هێزێکی سیاسی رێکخراو بۆخۆیان دروست دەکەن و بە فشارو کاری دەستەجەمعی دۆخەکە لەبەرژەوەندی خۆیان دەگۆڕن.
 
 
 
 



Dengnet.net - 2024
دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە
ژمارەی سەردان 1,664,715     ژمارەی میوان 635