"مەدخەلی" چییە؟

2021/05/24 - 08:39 | 2661 جار بینراوە    
 
یاسین تەها 
 
ناوێكە لەئەدەبیاتی نەیارانیدا دەدرێتە پاڵ خوێندكاران و هەوادارانی شەرعزان و فەرموودەناسی سعودی (ربیع بن هادی المدخلي)، بەڵام ئەوان زیاتر خۆیان بە "سەلەفی مەدینە" یان هەر "قوتابخانەی سەلەفی" دەناسێنن و ئەو ناوزەدكردنەیان قبوڵ نییە. 
 
ئەم ڕەوتە لەبەرەنگاری تونددایە لەگەڵ گروپە ئیسلامییە "حەرەكی" و "جیهادی" و تەنانەت مەدەنییەكانییەكانیش بەوپێیەی "سەرچاوەی حیزبایەتی و تەفرەقەن لە ئیسلامدا"، زۆر دژی شیعەیە وەك "گرۆیەكی گومڕاو سەلێشێواو"، لەكێشمەكێشی قووڵدایە لەگەڵ سۆفییەكان وەك "سەرچاوەی شیرك و بیدعەو خورافیات و پیرۆزكردنی گۆڕ و شێخ و مەشایخەكان". 
 
ڕەبیع مەدخەلی خەڵكی شاری جازانی سعودیەیە (لەدایكبووی 1932 یە) لەسەر سنوری یەمەن، هەڵگری بڕوانامەی دكتۆرایە لەزانستی فەرموودەناسی، لەزانكۆی ئیسلامی شاری مەدینە یەكێك بووە لەخوێندكارە سەرتەڵ و هەڵكەوتووەكانی "محمد بن أمان الجامی" بەرەگەز ئەسیوبی (1931_ 1996) كە بناغەدانەری شێوازی كاری خوێندكارەكەی و هەوادارەكانییەتی هەر لەبەر ئەوەش جارجار پێیان دەوترێت "جامی" یان "المدخلیة الجامیة".
 
چ محەمەد جامی و چ رەبیع مەدخەلی خوێندكاری بە ڕەخنە توندەكانیان لە نەیارەكانیان دەناسرێنەوە، هەردووكیشیان لەتان و پۆی گشتیدا وەك هەر بانگخوازێكیتری سەلەفی كار بۆ ساغكردنەوەو پەرەپێدانی ئەو تەرزە ئیسلامەتییە دەكەن كە راستەوخۆ كار بەئایەت و فەرموودەكان دەكات بەتێگەیشتنی پێشینە یەكەمەكانی ئیسلام، بەشێكی دانەبڕاوو درێژكراوەشە لە ڕەوتی سەلەفی محەمەد عەبدولوەهاب و بەر لەویش زانای ناوداری ئیسلام ئیبن تەیمیە (شیخ الإسلام) و سەرجەمیشیان ئیلهام لەگیانی بەرەنگاری و فەتوا عەقیدەییەكانی ئیمام ئەحمەدی كوڕی حەنبەل وەردەگرن.
 
نزیكایەتی زۆر هەیە لەنێوان جامی و مەدخەلی لەگەڵ پەیڕەوانی ئاینزای حەنبەلی، بەڵام ئەوان بەتەواوی خۆیان نابەستنەوە بەهیچ یەكێك لەئاینزا فیقهییەكانی پێشەواو شەرعزانە ناسراوەكانی جیهانی ئیسلام (ئەبو حەنیفە، مالیك، شافیعی، ئەحمەد)، هەر ئەمەش لەزۆر جێگا تووشی كیشەی كردونەتەوە بەتایبەت لەو شوێنانەی كە تەقلید بەپێویست دەزانن بۆ گەشتن بەراستییە شەرعییەكان، یان لەپەرستشدا پەیوەستن بەنێوانگرەوە بۆ گەیاندنی نزاو رازو نیازی خۆیان بەخودا.
 
دەركەوتنی هەرە بەرچاوی دیدەكانی (جامی و مەدخەلی) دەگەڕێتەوە بۆ سەرەتای ساڵانی نەوەدەكان و شەڕی ئازادكردنی كوەیت (گەردەلولی بیابان). لەو دەمەدا زانا ناسراوو بەناوبانگەكانی سەلەفی (ابن باز، العثیمین) و زاناكانیتری ئەندام لە "دەستەی گەورە زانایانی سعودی ـ هیئة كبار العلماء"، ڕێگای پشت بەستن بەسوپای ئەمەریكایان دا بۆ بەرەنگاربونەوەی رژێمی سەدام، لەبەرانبەریشدا هەندێك لەكەسەیاتی و بانگخوازە سەلەفییەكانیتر ئەم كارەیان بەحەرام و قەدەغەشكاندن لەقەڵەمدا، لەم نێوانەشدا ڕەبیع مەدخەلی و خوێندكارەكانی، كەوتنە بەرگرییكردن لە هەڵوێستی زاناكانی "دەستەی گەورە زانایان" و لەهەمان كاتدا بەگژاچونەوەی ئەوانەی لەگەڵ ڕاكەیاندا نەبوون (ئەوكات سلمان العودة، سفر الحوالي، عائض القرنی، ناصر العمر دیارترینیان بوون). 
 
لەپاش بەرگریكردن لە هەڵوێستی دەوڵەت و دەزگا ئاینییە فەرمییەكەی (هيئة كبار العلماء) مەدخەلییەكان دەستخۆشی و ستایشی دەسەڵاتدارانی سعودیەیان بەدەستهێناو هەموو ئەو بۆشاییانەشیان پێ پڕكرایەوە كە لە زانكۆو مزگەوتەكاندا بەهۆی زیندانیكردن و دورخستنەوەو پەراوێزخستنی سەلەفییە ناڕازی و حەرەكییەكان درستبوو بەتایبەت ئەوانەی لە ئیخوان موسلیمین و بزاڤە جیهادییەكانەوە نزیك بوون، بەم هۆیەشەوە توانیان باڵ بكێشن بەسەر زۆربەی دامەزراوە ئاینییەكانی وڵاتی هەردوو حەرەمە پیرۆزەكەی ئیسلام.
 
ڕەوتەكە لەژێر خێمەی گەورە زانا ناسراوەكانی سعودیە كاریانكردووە كە لەو سەردەمە (ابن باز) و (العثیمین) و پێش ئەوانیش (محمد ابراهیم) و كۆمەڵێك زانایتری هاوچەرخ بوون، بەڵام لەمیكانیزمی بەرەنگاربوونەوە و شێوازی كاردا جۆرە تایبەتمەندییەكی ئەوتۆیان وەرگرتووە كە بەتەواوی لە بۆتەی ڕەوتی قوتابخانەی سەلەفی سعودی باوی دێریندا نەتوێنەوە. 
 
لەبابەتە كەلامییەكانی عەقیدەدا، مەدخەلی و خوێندكارەكانی شوێن پێ هەڵگری عەقیدەی ئەهلی فەرموودەن، بەڵام لەوەدا لەبانگخوازە سەلەفییەكانی پێش خۆیان جیاوازن كە لە هەڵسەنگاندنی كەسایەتی و گروپەكاندا بڕێك جەخت لە زەقكردنەوەی كەموكوڕیی بەرانبەر دەكەنەوە و خۆیان لە باسكردنی باشەكان دەبوێرن، ئەمەش بەپێشهاتێكی تازە دەدرێتە قەڵەم لەزانستی (جرح و تعدیل) و بەرهەڵستیكردنیان نادەن بەهیچ جۆرێك و لەژێر هیچ پاساوێكدا، لەمەشدا لەگەڵ زۆربەی ڕەوتە دێرینەكانی ناو ئاینزای سوننەدا كۆكن كە دەرچوون و شۆڕش بە گۆبەن و هۆكاری پەرتەوازیی لێك دەدەنەوە لەو جێگایانەی كە فرمانڕەوای موسوڵمان هەبێت ئیتر با هەر كەموكوڕی و خراپەیەكیشی هەبێت.
  
دروشمی سەرەكیی كاركردنیان بەشێوەی سەرەكی بریتییە لە "پاڵفتەكردنی عەقیدەو پەرستشەكان لەهەر چەشنە زیادەیەكی لكێنراو"، هاوكات لەگەڵ ئەمەشدا پێیانوایە خۆ سەرقاڵكردن بەسیاسەتەوە پەیوەندیی ئەوتۆی بەدینەوە نییە". هەر لەبەر ئەمەش زیاتر لە بانگەوازی ئاینیدا چالاكن و هیچ ئامادەییەكیان لە كایەی سیاسیدا بەمانا باوەكەی نییە

 




Dengnet.net - 2024
دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە
ژمارەی سەردان 2,256,782     ژمارەی میوان 2352