دوا هەوڵە جدییەکانی کورد بۆ دابینکردنی مافەکانیان لە عێراقی پاشایەتیدا

2021/05/20 - 04:10 | 756 جار بینراوە    
 
د. جەبار قادر 
 
لە سەروبەندی هەوڵەکانی بریتانیا بۆ کردنی عێراق بە ئەندامی کۆمەڵەی گەلان، کورد هەستی بە نیگەرانی زۆر کرد لە دەسەڵاتی حکومەتێکی عەرەبی لە بەغدا دوور لە سەرپەرشتی و چاودێری کاربەدەستانی بریتانی لە عێراق. ئەمە بۆ خۆی جۆرێک لە پەرەدۆکس بوو، چونکە سەبەبکاری یەکەمی تراژیدیای کورد سیاسەتی بریتانیا بوو، بەڵام نیاز خراپیی کاربەدەستانی عێراق بەرامبەر کورد و مافەکانی لە باشووری کوردستان لە باڵادەستیی ئینگلیز زۆر ترسناکتر دەهاتە پێش چاوی کورد. بۆ نموونە ئینگلیزەکان لە دژی ئەوە نەبوون منداڵانی کورد بە زمانی دایکی خۆیان بخوێنن و دادگاکانی کوردستانی بە زمانی کوردی بن و کارمەندانی دەوڵەت لە کوردستان کورد بن، ئەو مافانەی کۆمەڵەی گەلان لە کاتی لکاندنی ویلایەتی مووسڵ بە عێراقەوە بە کوردی ڕەوا بینیبوون، بەڵام ناسیۆنالیستانی عەرەب دیدێکی زۆر جیاوازیان لەمە هەبوو. ئەوان لە سەرەتاوە چاویان لە بەعەرەبیکردنی خوێندن، دادگا و هەموو دام و دەزگاکانی دەوڵەت بوو لە کوردستان.
پەیماننامەی ساڵی ١٩٣٠ لە نێوان بریتانیا و عێراق هیچ ئاماژەیەکی سەبارەت بە کورد و مافەکانی تێدا نەبوو، پەیمانیشی دابوو بە عێراق کە لە ماوەیەکی دیاریکراودا دەبێ بە دەوڵەتێکی سەربەخۆ و ئەندامی کۆمەڵەی گەلان. ئەمە بووە هۆی نیگەرانی لە کوردستان و ئاڵۆزی زۆری لێکەوتەوە بە تایبەتی لە سلێمانی. 
لە تەک خۆپیشاندان و کۆبوونەوەکاندا، کۆمەڵێ کەسایەتی دیاری کورد گلەیینامە و بیرخەرەوەیان بۆ بەرپرسانی باڵای عێراق، بریتانیا و کۆمەڵەی گەلان نارد. هەندێ لەم کەسایەتییانە پێگەی گرنگیان لە نێو دام و دەزگاکانی دەوڵەتی عێراقدا هەبوو و هێشتا باوەڕیان بەوە مابوو کە دەتوانن لە نێو سیستەمەکەوە بەر بەو شاڵاوەی ناسیۆنالیستانی عەرەب بگرن. 
مێژوو هەوڵی جددی دوو کەسایەتی گەورەی کوردی، هەر یەک لە محەمەد ئەمین زەکی و تۆفیق وەهبی بۆ تۆمار کردووین. بیرخەرەوە بەناوبانگەکەی محەمەد ئەمین زەکی بۆ فەیسەڵی یەکەم لە (٢٠ کانوونی دووەمی ١٩٣٠- وادیارە بە هەڵە لە کۆتایی نامەکە نووسیوێتی ٢٠ کانوونی یەکەم) لە گەڵ پاشکۆی بیرخەرەوەکەیدا هەوڵێکی جددی بوو بۆ ئاگادارکردنەوەی پاشای عێراق لەو ستەمانەی لە کورد دەکرێن و لە ئاکامە خراپەکانی ئەو سیاسەتانە. نامەکەشی بۆ کۆمیساری باڵای بریتانیا لە عێراق لە ٢٠ مایسی ١٩٣١ سەبارەت بە (قانوونی زمانە خۆجێیەکان – ئەم ناوی خۆجێیەیان لە قانوونەکە نا بۆ ئەوەی خۆیان لە باسی زمانی کوردی وەک زمانی نەتەوە و گەلێکی جیاواز بدزنەوە) پڕن لە زانیاری دەگمەن و ئاگاداری سەبارەت بە سیاسەتی ستەمکارانەی حکومەتی عێراق بۆ لاوازکردنی پێگەی زمانی کوردی و بەعەربیکردنی خوێندن و دادگا و دام و دەزگاکانی دەوڵەت لە باشووری کوردستان. لە نامەکەیەدا محەمەد ئەمین زەکی هەموو بیانووەکانی حکوومەتی عێراقی لە بارەی خوێندنی کوردی، کەمی ژمارەی مامۆستای کورد و پرۆگرامەکانی خوێندنەوە بە زمانی کوردی بەدرۆ خستووەتەوە و چارەسەری گونجاوی پێشکەش کردووە. هەوڵی زۆری داوە بە زمانێکی نەرم لە ڕێگای داتا و زانیاری دروستەوە ڕاستییەکان بخاتە بەردەم بڕیار بەدەستی یەکەمی عێراقی و بریتانی لە بەغدا و لە ئاکامە خراپەکانی ئەم جۆرە سیاسەتانەش ئاگاداری کردوونەتەوە. 
کاربەدەستانی ملهوڕی ئینگلیز و عێراق گوێێان نەدا بە ئامۆژگارییەکانی ئەم مرۆڤە دانایە، بەم کارشیان کێشەکانیان بە جۆرێک ئاڵۆز کرد کە سەد ساڵە نە کورد و نە عەرەبی عێراق توانیویانە لە سێبەری ئاشتی و خۆشگوزەرانیدا ژیان بەسەر بەرن. ئەو کاربەدەستانە نەک هەر گوێیان لە محەمەد ئەمین زەکی نەگرت، بەڵکو ئەو نامیلکەیەی ئەم نامە و بیرخەرەوانەی گرتبووە خۆ و لە ساڵی ١٩٣٥ لە بەغدا لە چاپ درا، هەر لە چاپخانەوە قەدەغەیان کرد و دانەکانیان لە نێویان برد. دوای پەنجا ساڵ هاوڕێی هێژام دکتۆر سەباحی غالیب لە لەندەن دانەیەکی دۆزییەوە و سەرلەنوێ بە پێشەکی و پەراوێزی زۆرەوە بڵاوی کردەوە و لە فەوتان ڕزگاری کرد. 
لە پێشەکی نامیلکەکەدا بێ هێوایی بە وتەکانی محەمەد ئەمین زەکییەوە دیارە، کاتێ دەڵێ (بۆ هاو ولاتیەکانم. شەوێکی رمضان خوشەویستیکی هاو ولاتیم لەلابو، کای کون و تازەمان بەبا ئەکرد. باسی بعضي ناحقي و مغدوریت هاتەپیشەوە. گوتی، ئەم نوعە حالانە ئەبی بە حکومت بسلمینری، بوچي ایمە هیچ دەنگ ناکەین؟.. گوتم. لەوەختی خویدا ئەوەی پی ویست و ماقول بو کرا. بەلام افراط و تفریطي بعضیك فرصتیکی گەورەی لەدەس دا و بی حکمی هێشتەوە...).  دەقەکەم بە کوردی ئەو کاتە نووسیوەتەوە. بەداخەوە مێژوونووسی گەورەمان ئەوەی ڕوون نەکردووەتەوە، کێ بوون ئەوانەی ئەم (ئیفراط و تەفریطە) یان کرد، ئایە کاربەدەستانی ملهوڕی عێراق بوون؟ یا کوردە ...
 
... هەوڵێکی تری جددی کورد بوو بۆ دابینکردنی مافەکانی لە سەردەمی پاشایەتیدا و فەیسەڵی ناچار کرد بەدەستوبرد سەردانی سلێمانی و هەڵەبجە بکات و کۆمەڵی گفت و پەیمان بە کورد بدات بۆ ئەوەی تا عێراق دەبێ بە ئەندامی کۆمەڵەی گەلان کێشە دروست نەکەن. هەوڵەکانی تۆفیق وەهبی و هاوڕێکانی مایەی نیگەرانی دەسەڵاتدارانی بریتانیاش بوون. بەڵگەنامە نهێنییەکانی بریتانیا زۆریان لە بارەی ئەم هەوڵەی تۆفیق وەهبی و هاوڕێکانێوە تۆمار کردووە، کە لە ئەڵقەی داهاتووی ئەم وتارە باسی لێوە دەکەم.  
 
بۆ خوێندنەوەی دەقی نامە و بیرخەرەوەکانی محەمەد ئەمین زەکی بەگ تکایە بڕواننە:
 
محەمەد ئەمین زەکی، دوو تەقەلای بێ سوود، سەباحی غالیب توێژینەوە، لێکۆڵینەوە و پێشەکی بۆ نووسیوە و پەراوێزی بۆ ڕێکخستووە، لەندەن .چاپخانەی هەڵوێست، ١٩٨٤؛ هەروەها بڕوانە: سەرجەم بەرهەمی محەمەد ئەمین زەکی بەگ، ئامادەکردنی سدیق ساڵح، بەرگی یەکەم، سلێمانی، بنکەی ژین، ٢٠٠٥.



Dengnet.net - 2024
دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە
ژمارەی سەردان 1,664,658     ژمارەی میوان 785