خورافەتی دادگای ئازاد و ئەفسانەکانی تر

2021/05/08 - 03:44 | 506 جار بینراوە    
 
د. مەریوان وریا قانع
 
یەکێک لە درۆ ھەرە گەورەکانی ناو ئەو حوکمڕانییە سوڵتانییەی لە ھەرێمدا دروستکراوە باسکردنی ئازادییە. ئازادیی لەم ھەرێمەدا ھەرچیەک بێت،  پرنسیپێکی سەرەکییە نییە کە ئەزموونی حومکڕانییەکە و ئەخلاقی ھێزە سیاسییەکانی و ھەڵسوکەوتی بنەماڵە حوکمڕانەکان دەستنیشانبکات.  جگە لە شتێکی کەم لە ئازادیی نووسین و بڵاوکردنەوە کە  لە ئێستادا بە شێوازی جیاواز لە ژێر ھەڕەشە و فشاردایە و  دەیان  لەمپەری گەورەی بۆ دروستکراوە، ھیچ فۆرمێک لە فۆرمەکانی تری ئازادیی بوونی نییە. نە ئابوریی ئازادە، نە میدیا ئازادە، نە دەزگا بیرۆکراسییەکانی دەوڵەت ئازادن، نە کۆمەڵگای مەدەنیی ئازادە و نە دادگاکانیش. لە ڕاستیدا شتێک بەناوی ئازادییەوە لە خەیاڵ و عەقڵیەتی سیاسیی خێزان و بنەماڵە حوکمڕانەکانی ھەرێمدا بوونی نییە. ئەوەی ھەیە و لەئارادایە پرۆژەی بە ڕەعیەتکردنێکی تەواوی سەرجەمی کۆمەڵگاکەیە لە بەردەم دەسەڵاتی ئەو خێزان و بنەماڵە سوڵتانیانەدا، کە لەسەرێکەوە بەتەمان تا ڕۆژی قیامەت حوکمڕانبن و لەسەرێکی دیکەشەوە تا دێت ململانێی ناوەکیی نەوە گەنجەکانیان، ناشیرینتر وملشکێنتر و ترسناکتر دەبێت. 
بێگومان بڕ و ڕادە و شێوازی کۆنترۆڵکردنی ھەر یەکێک لەو بوارانەی ھێمامان پێکردن جیاوازە، ھەریەکێکیان بە شێوازی جیاواز دەستیان بەسەردا گیراوە و بە میکانیزمی تایبەتیش کۆنترۆڵکراون، یەکێکیان لەویتریان زیاتر و توندتر جڵەوکراوە. لە ھەمووان کۆنترۆڵکراوتر سێ بواری سەرەکیی ژیانن لە ھەرێمەکەدا. یەکەمیان کۆنترۆڵکردنی ئابورییە، کە بە پلەی یەکەم ئابوریی نەوت و وزەیە، تێکەڵ بە ئابوریی بازرگانی قاچاخ و ناقاچاخ لە ھەرێمەکەدا. دووھەمیان، دەزگا بیرۆکراسییەکانی دەوڵەت خۆیەتی کە لە دامەزراندنی سادەترین کارمەندەوە تا دامەزراندنی گەورەترینیان، بە شێوەیەکی سەرتاسەریی کۆنترۆڵکراوە. سێھەمیشیان کۆنترۆڵکردنی سیستمی داوەریی و دادگاکانە. ئەمەی دواییان بۆ دوو مەبەست.  لە سەرێکەوە بۆ پارستنی حوکمڕان و دارودەستەکەیان لە ھەر لێپریسنەوەیەکی یاسایی. لەسەرێکی دیکەوە بۆ دادگاییکردنی ھەر کەس و ھێز و لایەنەێک بیانەوێت تۆمەتباری بکەن و لە زیندان توندیبکەن. سیستمی داوەریی لە ھەرێمدا بە ھیچ مانایەک و لە ھیچ شێوەیەکەدا ئازاد و سەربەخۆ و خاوەن بڕیاری تایبەتی خۆی نییە،  حیزب و بنەماڵە سیاسییەکان تەواو کۆنترۆڵیانکردوە و بەوشێوەیە ئاراستەی دەکەن کە دەیانەوێت. 
کۆنترۆڵی ئەم سێ پێگە سەرەکییە، ئابوریی و بیرۆکراسیەت و اوەریی، ئاکاری ژمارەیەکی ئەو سیستمە سوڵتانییەیە لە ھەرێمەکەدا دروستکراوە. ئەوەشی ئەم سیستمە دەپارێزێت ئەو سوپا و ھێزە ئەمنیی و گروپە بەڵتەجییە تایبەتانەیە، کە بنەماڵە سیاسییەکان بۆپاراستنی خۆیان و دەسەڵاتەکەیان، دروستیانکردوە. 
ئەوەی لێرەدا مایەی گریان و پێکەنینە ئەوەیە سەرە گەورەکانی ناو ئەم بنەماڵانە، کە دەسەڵاتدارە تاکڕەوەکانی ھەرێمن، وا دەزانن کەس ئەو وێنە ناشیرینە نابینێت، وادەزانن ھەم خەڵکی کوردستان و ھەم دونیای دەرەوە وەک پاڵەوانی بونیادنانی دیموکراسیەت و قارەمانی پاراستنی مافەکانی مرۆڤ، دەیانبینن. کەی کێشەیەکیش دروستبوو ئەوان ھەم خۆیان و ھەم نوێنەرەکانیان دەتوانن بە دەرکردنی یەک دوو بەیاننامەی پڕ لە درۆ، جەوھەرە ناشیرن و ترسناکەکانی حوکمڕانییەکەیان بشارنەوە. ئەم خورافەتە تا دێت ھەم لەبەرچاوی خەڵکی کوردستان و ھەم لەبەرچاوی دونیای دەرەوە ناشیرینتر و قەبیحتریان دەکات. 
ئێستا ئیتر ڕەخنەکان تەنھا لەلایەن  چەند ڕۆژنامە و سایتێکی ئەلکترۆنی و ڕۆشنبیر و چالاکەوانێکی ناوەکییەوە سەرچاوەناگرن، بەڵکو پەڕیوەتەوە بۆ ئەو ھێزە نێودەوڵەتیانەش کە لە ساڵی ١٩٩١ ەوە ھەرێم دەپارێزن، دوای پەڕینەوەیان بۆ لای دەیان ئۆرگانی نێودەوڵەتی گرنگ کە لە جیھاندا  بەرگریی لە ماف و ئازادییەکان دەکەن و بەگژ گەندەڵیی و دزیی و جەردەیدا دەچنەوە. ئەم دۆخەی لەمڕۆدا دروستبووە گەورەترین ھەڕەشەیەکە لە ڕۆژی دروستبوونییەوە لەسەر ھەرێم  و دانیشتوانەکەی دروستبووبێت . زیندانیکردنی ڕۆژنامەنووسان و چالاکەوانەکانی بادینان لەڕێگای دادگاوە، ئەو مۆدێلە ”تازە - کۆنە“ی مامەڵەکردنی کۆمەڵگایە، کە شەرمی تەواوەتی لەوە شکاوە ناشیرینەکانی ببینرێن، باکی بەوە نییە دۆست و دوژمنەکانی وەک خراپەکارێک باسیبکەن، ھەم دۆر بۆ خۆی و ھەم درۆ بۆ کۆمەڵگاکەی و ھەم درۆ بۆ جیھان دەکات. ئەم شەرمشکنە ھەمەلایەنە، ئەم پیشەسازیی درۆکردنە و ئەم گەمژەییە سیاسییە ھەمەلایەنە، سەرەتای دروستکردنی جەھەنەمێکی نوێیە، جەھەنەمێک ئەمجارەیان ئاگرەکەی  ھەمووان بەیەکەوە دەسوتێنێت.
 
 



Dengnet.net - 2022
دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە
ژمارەی سەردان 836,888     ژمارەی میوان 42