بۆچی نابێت سەردەشت عوسمان لەیادبکەین؟

2021/05/05 - 07:05 | 481 جار بینراوە    
 
د. مەریوان وریا قانع
 
ھەندێک مردنی تاکەکەسیی ھەن گەورەترن لە مەرگی تاکەکەسەکە خۆی، مردنێکن بارگاوی بە دنیایەک مانای ڕەمزیی و ھەڵگری چەندەھا پەیام و لێدانی زەنگی زیاد لە مەترسییەکن، لە یەک کاتدا. مردنی سەردەشت  عوسمان مردنێکی لەوجۆرەیە. ھێما بۆ شوناسی سەردەمێکی مێژووی تایبەت و بۆ سیاسەتێکی تایبەتی تاونکردن و بۆ جۆرێکی ترسناک لە بێنرخکردنی ژیان و بۆ فۆرمێک لە سوکایەتیکردنی ڕەھا بە مرۆڤ، دەکات. ئەگەر ”خراپەکاریی ڕەھا“ لە دونیای ئێمەدا بوونی ھەبێت، کوشتنی سەردەشت عوسمان بەرجەستەکەر و نیشاندەری ئەو خرپەکارییە ڕەھایەیە. 
کۆمەڵناس و فەیلەسوفی ئەڵمانی، تیۆدۆر ئەدۆرنۆ، لە دوای کوشتنی بە کۆمەڵی چەند ملیۆنێک جولەکە لە کامپی ئەوشفیتز لە پۆڵەندا،  ڕستە ھەرە بەناوبانگەکەئ لە ساڵی ١٩٤٩دا دەنووسێت: ”لەدوای ئەوشفیتزەوە نووسینی شیعر کارێکی بەربەریانەیە“. لە مێژووی ئەدەبیاتدا ئەم ڕستەیە دەیەھا و سەدەھا جار لێکدراوەتەوە. بەبۆچوونی من ئەدۆرنۆ پێی لەم ڕستەیەدا دەیڵێت پێداگرتنە لەسەر ئەو ڕاستییەی ھەندێک تاوان ھەن ھێندە بەربەریانە و ترسناکن مرۆڤ نەک تەنھا ناتوناێت بیانگێڕێتەوە، بەڵکو ناتوانێت دوای ئەو تاوانە ھەمان ڕوانین و دید و بەرخوردیی لەگەڵ جیھاندا ھەبێت. ناتوانێت جیھان بە ھەمان ڕیزبەندیی و بە ھەمان ئەخلاق و بە ھەمان زمان و بە ھەمان ڕوانینی بەر لە تاوانەکەوە، قبووڵبکات. ئەو تاوانانە ھێندە گەورە و ناشیرین و بەربەرین، ھەموو باسکردن و گواستنەوەیەکیان بۆژێر توانا و دەسەڵاتەکانی زمان و ھەموو گێڕانەوەیەکیان، شتێک لە بەربەریەت و ناشیرینییەکەکانی، تاوانەکە کەمدەکاتەوە. ئەم جۆرە تاوانانە وەک ئەوەیە دەسکارییەکی شێوێنەرانەی زمانمان بکات و ھەموومان لاڵ بکات، بۆ قسەکردن پێوستمان بە زمانێکی تر و ئەخلاقێکیتر و دیدگایەکی تر بێت. 
کوشتنی سەردەشت عوسمان لە ناو مێژووی کۆمەڵگای ئێمەدا کوشتنێکی لەو بابەتەیە، ڕووداوێکە بەڕادەیەک بەربەریی و ناشیرینە، ھەموو باسکردن و گێڕانەوەیەکی، ھەموو ھەوڵدانێک بۆ یادکردنەوە و بەرجەستەکردنی، شتێک لە بەربەریەتی تاوانەکە دەسڕێتەوە. کوشتنی سەردەشت عوسمان کردەیەکە لە کردەکانی ”خراپەکاریی ڕادیکاڵ“، خراپەکارییەک کە وێرانکردنی کەرامەتی مرۆڤ، سڕینەوەی جیاوازیی و ھەنجن ھەنجنکردنی ئازادیی، قۆناغە سەرەتاییەکانیەتی بۆ ئەوەی لە ھەنگاوی داھاتوودا بە وێرانکردنی مرۆڤ خۆی کۆتایی پێبێت. ھەموو ئەمانەش وەک دەرەنجامی سیاسەتی لەئینسانخستنی ئینسان وەک کردەیەکی خراپەکاریی ڕەھا. ئەم جۆرە ڕووداوانە شتێک لە لاڵی لەناو ھەر ھەمووماندا دەچێنێت. بەڵام ئێمە لە دونیایەکدا دەژین ناچارماندەکات بدوێین و قسەبکەین، ناچارین تاوانەکانی تۆماربکەین و ڕووداوەکانی بگێڕینەوە. ئەو دونیایەی کە توانی کوشتنی سەردەشت عوسمانی تیادا دروستبوو، تا ئێستاش لەگەڵماندایە و ڕۆژانە خۆمان یان دۆست و ھاوڕێ و ھاوڵاتیانمان لەناویدا دەژین. ئێمە وەک وەفایەک بۆ مەرگی سەردەشت و وەک وەفایەک بەرامبەر بە ئینسانبوونی خۆشمان، ناچارین ھەم مەرگی سەردەشت و ھەم مەرگی ھەموو ئەوانیتر کە بەناو ھەمان تاریکیی بەربەریەتدا دەڕۆن، بەبەردەوامی بگێڕینەوە. نەھێڵین لەیادبکرێن و بسڕێنرێنەوە، لەگەڵ خۆماندا بیانبەینە ھەموو ئەو ڕووبەرانەوە کە وەک ڕووبەری بەرگریکردن سەیریاندەکەین. 
 بەسەرھاتی کوشتنی سەردەشت عوسمان تەنھا بەسەرھاتێکی شەخسیی نییە، تەنھا حیکایەتی کوشتنی کەسێکی خاوەن بەھرە و قەڵەمێکی ڕەخنەیی تازە و دڵێکی گەنجی پڕ لە ھیوا و چاوەڕوانیی نییە،  تەنھا پەلاماردنی کوڕی خێزانێکی ھەژار و پاکژی ناو کۆمەڵگای ئێمەش نییە، بە تەنھاش ھەوڵی بێدەنگکردنێکی ئەبەدیی تاکەەکسێکی ناو ئەو کۆمەڵگایە نییە، حیکایەتی کوشتنی سەردەشت حیکایەتی سەردەمێکی مێژوویی و فۆرمێکی تایبەتیی حوکمڕانیی و جۆرێکی کوشندە  لە مامەڵەکردنی مرۆڤە. نابێت بۆ ساتێک ئەو ڕاستییە لەبیربکەین کە مەرگی سەردەشت ھێما بۆ دروستبوونی سەردەمێک دەکات کۆڵەکە سەرەکییەکانی لە تاوان و ستەم  و بێڕێزی بەرامبەر بە مرۆڤ، دروستکراون. پەنجە بۆ تاقمێک لە دەسەڵاتدار و حوکمڕانی خراپەکار درێژدەکات، کە مافی کوشتنی مرۆڤ وەک مافی ھەناسەدانی خۆیان و کوشتنی مرۆڤ و کوشتنی مێرویەک وەکو یەک مامەڵەدەکەن. تاقمێکی بەد و خراپەکار، بەد و خراپەکاریی ڕەھا. مەرگی سەردەشت ھێما بۆ جۆرێک لە سیاسەتیش دەکات کە بەبێ ئەنجامدانی تاوان، تاوانی گەورە و فرەجۆر، ناتوانێت بژیی و بەردەوامبێت. 
یادکردنەوەی سەردەشت چەندە یادکردنەوەی تاکەکەسێکی ئازا و ھۆشیار و خاوەن خەونە، ھێندەش یادکردنەوەی ئەو کولتوری تاوانەیە کە تا ئەمڕۆش لە زیاد لە فۆرمێکدا، لەگەڵماندایە. ھاوکات یادکردنەوەی ئەو جۆرەشە لە سیاسەت کە بەبێ کوشتن و بێ نادادیی و بەربەریەت ناتوانێت بژیی و بەردەوام بێنرخکردنی ماف و بێنرخکردنی ژیانی مرۆڤەکان، کاردەکات.  
ئەم یادە پێویستە یادکردنەوەی ئەو ژینگەیە بێت کە تیایدا سوپایەک پیاوکوژ بە دەوری ئەم یان ئەو حوکمڕان وئەم یان ئەو خێزان و بنەماڵەی سیاسیی و ئەم یان ئەو  پارت و ڕێکخراوی سیاسیدا دروستکراوە. یادی ئەو ژینگەیەی مرۆڤ دەگۆڕێت بۆ پیاوکوژ و بە بەردەوامی جەلاد دروستدەکات. 
کاتێک دەتوانین بەوەفا و و دڵسۆزبین بەرامبەر بە سەردەشت عوسمان و ھاوڕێکانی کە ئەو ژینگە و عەقڵیەت و بکەر و شێوازی سیاسەت و مۆدێلی حوکمڕانییە لەیادنەکەین کە خاوەنی تاوانی کوشتنی سەردەشت عوسمان و ھاوڕێکانیەتی. 
بۆیە نابێت و ناکرێت سەردەشت عوسمان لەیادبکەین.
 



Dengnet.net - 2022
دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە
ژمارەی سەردان 836,731     ژمارەی میوان 45