ده‌رباره‌   په‌یوه‌ندی
سلێمانی؛ رۆژنامەنوسێک لە دوێنێوە دەستگیرکراوە

2021/04/26 - 04:01 | 769 جار بینراوە    
 
دەنگ نێت
 
لە شەوی ڕابردووەوە رۆژنامەنوسێک لە سلێمانی دەستگیر کراوە و تائێستا ئازاد نەکراوە، سەنتەری میترۆش داوا دەکات دەسەڵاتداران رێز لە ئازادیی رۆژنامەوانیی بگرن.
 
شەوی رابردو لەكاتی روماڵکردنی رێپێوانێک لە شەقامی سالم لە شاری سلێمانی دژ بە هێرشی سوپای توركیا، هێزە ئەمنیەکان لەپاڵ چەند خۆپیشاندەرێك دا، رۆژنامەنوس (رێباز حەسەن) ‌پەیامنێری ئاژانسی فورات نیوزیان دەستگیركرد و تا ئێستاش ئازاد نەكراوە.
 
لەوبارەوە بەرێوەبەری سەنتەری میترۆ بۆ داکۆکی لە ئازادی رۆژنامەوانی، دیاری محەمەد، لە راگەیەنراوێکدا داوا دەکات  دەستبەجێ رۆژنامەنوس رێباز حەسەن ئازاد بکرێت.
 
دەشڵێت: پێویستە دامەزراوە ئەمنییەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان رێز لە پیشەی رۆژنامەنوسی بگرێت و ئاستەنگ بۆ كارەكانیان دروست نەكات.
 
"ناكرێت روماڵكردنی خۆپیشاندانی بێ مۆڵەت بكرێتە بیانو بۆ ئەنجامدانی توندوتیژی، یان دەسگیركردنی رۆژنامەنوسان"، دیاری محەمەد وای وت.
 
شەوی رابردو و لەکاتێکدا ژمارەیەک ھاوڵاتی و ئەندام و لایەنگری تەڤگەری ئازادیی کوردستان لە شەقامی سالم لە سلێمانی بەنیازی ئەنجامدانی خۆپیشاندان بون دژ بە ھێرش و داگیرکاری سوپای تورکیا بۆ خاکی ھەرێمی کوردستان، لەلایەن ھێزەکانی ئاسایشەوە رێگری لە ئەنجامدانی خۆپیشاندانەکە کرا و ژمارەیەک لە بەشدارانیشی دەستگیرکران.
 
 



Dengnet.net - 2024
دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە
ژمارەی سەردان 1,715,979     ژمارەی میوان 1968