له‌ تاو هه‌ڕه‌شه‌ و سوكایه‌تیکردن زه‌رده‌شتییه‌كانی دهۆك بە ئاستەم جێیاندەبێتەوە‌

2021/04/20 - 05:31 | 151 جار بینراوە    
 
عه‌مار عه‌زیز
 
زەردەشتییەکانی دهۆک رۆژانێکی سەخت بەڕێدەکەن. شوێنی پەرستشی ئاشکرایان نییە و رووبەڕووی هەڕەشە و دژایەتیکردن دەبنەوە. ئەوە لەکاتێکدایە، بەگوێرەی یاسا، هاوشێوەی ئایینەکانی تر، زەردەشتیش ئازادن لە پەیڕەوکردنی ئایینەکەیان لە هەرێمی کوردستانی عیراقدا.
 
یه‌كه‌م باره‌گای زه‌رده‌شتییه‌كانی دهۆك به‌ فەرمی له‌ ئه‌یلولی 2020دا کرایەوە، به‌ڵام زۆرنابات خاوه‌ن موڵكه‌كه‌ ده‌ریانده‌كات و بە ناچاری ده‌چنه‌ ناوچه‌یه‌كی دیكه؛ ئێستا له‌ شوێنێكی تاڕاده‌یه‌ك شاراوه‌دا، بێ تابلۆی ناونیشان و بە ‌بێده‌نگی هه‌ندێك سروتی ئایینی پیادەدەکەن.
 
"هێرشی كه‌سانی توندڕه‌و هه‌بووە، له‌ سۆشیال میدیاوه‌ به‌ تایبه‌ت. رێگرییه‌كه‌ تاده‌هات زیاتر ده‌بوو بۆ ئه‌وه‌ی باره‌گا نه‌كه‌ینه‌وه‌، به‌ڵام ئێمه‌ كۆڵمان نه‌دا و به‌ره‌سمی باره‌گاكه‌مان له‌ دهۆك كرده‌وه‌" هێلان چیا، نوێنه‌ری رێكخراوی یه‌سنا وای وت.
 
یه‌سنا بۆ گەشەی فەلسەفەی ئایینی زەردەشتی چه‌ند ساڵێك له‌مه‌وبه‌ر دامه‌زراوه‌ و سه‌ر به‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی كاروباری زه‌رده‌شتییانی وه‌زاره‌تی ئه‌وقاف و كاروباری ئایینی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانه‌.
"له‌گه‌ڵ كردنه‌وه‌ی باره‌گاكه‌دا هێرش و ناڕه‌زاییه‌كان زیاتر بون؛ تا گه‌یشته‌ هه‌ڕه‌شه‌ی كوشتن، ته‌نانه‌ت هەڕەشە لە خاوه‌نی باره‌گاکەمان, بۆیە داوایكرد تابلۆكه‌مان لێبكه‌ینه‌وه‌؛ به‌ داواكه‌ قایل بوین بەڵام دواتر وتیشی به‌دوای شوێنێكی دیكه‌دا بگه‌ڕێن" به‌وته‌ی هێلان چیا بۆ (كه‌ركوك ناو).
 
نوێنه‌رایه‌تی زه‌رده‌شتییان له‌ دهۆك به‌رله‌وه‌ی به‌ته‌واوی له یه‌كه‌م باره‌گایاندا جێگیربن ناچارده‌بن بۆ شوێنێكی دیكه‌ی شاره‌كه‌ بگوازنه‌وه‌.
 
نوێنه‌ری رێكخراوی یه‌سنا، كه‌ له‌ هه‌مان باره‌گای نوێنه‌رایه‌تی فەرمی زه‌رده‌شتییاندان، وتی "باره‌گای ئێستامان له‌ شوێنێكی تاڕاده‌یه‌ك شاراوەدایە‌، خه‌ڵێكی زۆر نازانن له‌ كوێیه‌، چونكه‌ هیچ ناونیشان و تابلۆیه‌كیشمان دانه‌ناوه‌، له‌پێناو سه‌لامه‌تی ئێمه‌ و ئه‌و كه‌سانه‌ی سه‌ردانمان ده‌كه‌ن".
 
هێلان چیا ده‌ڵێت بارودۆخه‌كه‌ وایلێهاتووه‌ ته‌نانه‌ت ناتوانن چالاكییش بكه‌ن یان به‌ ئاشكرا وه‌ك زه‌رده‌شتیی بچنه‌ شوێنه‌ گشتییه‌كان.
 
دهۆك/ ئه‌یلولی 2020/ كردنه‌وه‌ی یه‌كه‌م باره‌گای زه‌رده‌شتییه‌كان فۆتۆ: رێكخراوی یه‌سنا
 
 
ئایینی زه‌رده‌شتی، دوای تێپه‌ڕینی چه‌ندین سه‌ده‌ به‌‌سه‌ر دیارنه‌مانیدا، ئه‌و ئایینه‌ له‌ ئاداری 2015دا به‌ فەرمی له‌لایه‌ن حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانەوە ناسێندرا.
 
"ته‌نیا له‌ دهۆك روبه‌ڕوی كێشه‌ بوینه‌وه‌، له‌كاتی كردنه‌وه‌ی باره‌گاكانی هه‌ولێر و سلێمانی ئه‌و بارودۆخه‌ روینه‌دا، به‌ڵام هه‌ر له‌ سه‌ره‌تاوه‌ كه‌سانێك حه‌زیان نه‌ده‌كرد له‌ دهۆك باره‌گا بكه‌ینه‌وه‌" ئاوات حوسامەدین، نوێنەری كاروباری زەرەدەشتییەکان لە وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی حكومه‌تی هه‌رێم واده‌ڵێت.
 
ئاوات به‌ (كه‌ركوك ناو)ی وت "هه‌ندێك كه‌سی توندڕه‌و ئاگاداری خاوه‌ن خانوه‌كه‌یان كرده‌وه‌ ئێمه‌ ده‌ربكات، بۆیه‌ ئه‌ویش داوایكرد تابلۆی باره‌گا لابده‌ین، دواتر هه‌ر ئه‌و كه‌سانه‌ ناچاریان كرد خانوه‌كه‌ له‌ ئێمه‌ وه‌ربگرێته‌وه‌ و له‌ ترسا داوایكرد بچینه‌ شوێنێكی تر".
 
ئه‌وه‌ش له‌ كاتێكدایه‌ جگه‌ له‌ دانپێدانانی حكومه‌ت و هه‌بونی نوێنه‌رایه‌تی ره‌سمی زه‌رده‌شتی له‌ وه‌زاره‌تی ئه‌وقاف و كاروباری ئایینی، به‌ یاساش دانپێدانراون.
 
به‌پێی یاسای پاراستنی مافی پێكهاته‌كان له‌ كوردستان – عیراق، كه‌ په‌رله‌مانی كوردستان له‌ ساڵی 2015دا په‌سه‌ندیكرد، زه‌رده‌شتی وه‌ك ئایین ناسێنراوه‌.
"ناتوانین كۆمێنتێك له‌ فه‌یسبوك بنوسین وه‌ك زه‌رده‌شتییه‌ك، یه‌كسه‌ر هه‌ڕه‌شه‌ و سوكایه‌تیمان پێده‌كرێت، هه‌ندێك كه‌س ده‌ڵێن نانخواردن له‌گه‌ڵ ئێوه‌دا حه‌رامه‌ و له‌گه‌ڵ سه‌گدا دروستتره‌، یان ده‌ڵێن ئه‌گه‌ر پیاوی شوێنی خۆت ئاشكرابكه‌ و تۆمه‌تبارمان ده‌كه‌ن به‌ سوكایه‌تی به‌ ئیسلام" ئارام مه‌هدی (31 ساڵ)، باوه‌ڕداری زه‌رده‌شتی له‌ دهۆك وای وت.
 
ئارام له‌ ساڵی 2014ـه‌وه‌ بۆته‌ شوێنكه‌وته‌ی زه‌رده‌شتی، بۆیه‌ تا مانگێك ته‌نانه‌ت له‌ ماڵی خۆشیاندا ده‌ركراوه‌، "جنێو و سوكایه‌تی زۆرمان پێده‌كرێت، به‌ خۆمان و خوشك و دایك و كه‌سوكاریش، من زیاتر له‌ 15 جار روبه‌ڕوی هه‌ڕه‌شه‌ بومه‌ته‌وه‌، ته‌نیا من نیم، زۆربه‌ی زه‌رده‌شتییه‌كانی دهۆك له‌هه‌مان بارودۆخدان، ئه‌وانه‌یشی هه‌ڕه‌شه‌ ده‌كه‌ن كه‌سانی توندڕه‌وی ئیسلامین".
 
به‌پێی به‌دواداچونه‌كانی (كه‌ركوك ناو)، زۆربه‌ی هه‌ڕه‌شه‌كان له‌رێی نامه‌ی فه‌یسبوك و تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانی دیكه‌وه‌ له‌ زه‌رده‌شتییه‌كان ده‌كرێن.
 
"هیچ ئه‌ندامێكمان توشی ئازاری جه‌سته‌یی نه‌بۆته‌وه‌، به‌ڵام قسه‌ی ناشیرین و هه‌ڕه‌شه‌ی كوشتن هه‌ن، ئه‌و بابه‌ته‌ له‌گه‌ڵ پۆلیس و لایه‌نی ئه‌منیدا باسكراوه‌، ئه‌وان زۆر هاوكاربون له‌ پاراستنماندا" هێلان چیا واده‌ڵێت.
 
به‌پێی یاسای مافی پێكهاته‌كان، هەموو جیاكارییه‌ك دژی زه‌رده‌شتییه‌كان قه‌ده‌غه‌یه‌؛ ئازادیشن له‌ ئاشكراكردنی ناسنامه‌ی ئایینی، خوداپەرستی و سازکردنی رێوڕه‌سمی ئایینی؛ هیچ لایه‌نێك ناتوانێت ئه‌و مافه‌یان لێبسه‌نێته‌وه‌، حكومه‌ت پابه‌نده‌ به‌ پاراستنیان و سه‌رپێچیكاریش سزا ده‌درێت.
ئاوات حوسامه‌دین وتی "ئه‌و یاسایه‌ له‌سه‌ر ئاستی هه‌ندێك وه‌زاره‌ت سه‌دا 100 جێبه‌جێكراوه‌، به‌ڵام له‌ هه‌ندێك به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی پارێزگاكان به‌ ته‌واوی كاری پێنه‌كراوه‌، له‌كاتێكدا یاسایه‌كی زۆر باش و گرنگه‌ بۆ زه‌رده‌شتی و هه‌موو ئایینه‌كانی دیكه‌، به‌هۆی ئه‌و یاسایه‌وه‌ خه‌ڵك ترس و شه‌رمی شكاوه‌ له‌وه‌ی ببێته‌ زه‌رده‌شتی".
 
ئایینی زه‌رده‌شتی له‌ هیچ ده‌قێكی یاسایی عیراقیدا ناوی نه‌هێنراوه‌، به‌ڵام به‌پێی ده‌ستور ته‌واوی مافه‌ ئایینییه‌كانی سه‌رجه‌م تاكه‌كان پارێزراوه‌ له‌روی ئازادی بیروباوه‌ڕ و پەیڕەوکردنی ئایینییه‌وه‌، ده‌وڵه‌تیش پابه‌نده‌ به‌ پاراستنی ئازادیی ئه‌نجامدانی په‌رستش و شوێنه‌كانی به‌ندایه‌تی.
 
رومیۆ هه‌كاری، سه‌رۆكی لیژنه‌ی كاروباری كۆمه‌ڵایه‌تی و داكۆكی له‌ مافه‌كانی مرۆڤ له‌ په‌رله‌مانی كوردستان به‌ (كه‌ركوك ناو)ی وت "ئه‌گه‌ر یاسای مافی پێكهاته‌كان بەتەواوی كاری پێبكرایه‌ پێکهاتەکان هیچ کێشەیەکیان نەدەبوو،.. بەداخەوە بەشێکی زۆر لە بڕگە و ماددەکانی جێبەجێنەکراون".
 
ئه‌و به‌رپرسیارێتی جێبه‌جێنه‌كردنی یاساكه‌ ده‌خاته‌ ئه‌ستۆی حكومه‌تی هه‌رێم و په‌رله‌مان، به‌پێویستی زانی په‌رله‌مان به‌دواداچون بكات تا بزانن هۆكاری كارپێنه‌كردنی یاساكه‌ چییه‌. هه‌كاری وتیشی له‌ به‌رنامه‌یاندایه‌ یاساكه‌ هه‌موار بكه‌نه‌وه‌ و گۆڕانكاری تێدابكه‌ن، بێ ئه‌وه‌ی باس له‌ گۆڕانكارییه‌كان بكات.
له‌ هه‌رێمی كوردستاندا، ژماره‌ی تەواوی زه‌رده‌شتییه‌كان نادیاره‌ و له‌ هه‌موو جیهانیشدا به‌ 200 هه‌زار كه‌س ده‌خه‌مڵێندرێن؛ زۆربه‌یان له‌ هیندستان، ئێران و ئازەربێجان ده‌ژین.
 
نوێنه‌ری كاروباری زه‌رده‌شتییه‌كان له‌ وه‌زاره‌تی ئه‌وقاف و كاروباری ئایینی ده‌ڵێت، به‌پێی ئه‌و فۆڕمانه‌ی لای ئه‌وان پڕكراونه‌ته‌وه‌ "په‌یڕه‌وانی زه‌رده‌شتی له‌ هه‌رێمی كوردستان 15 هه‌زار كه‌سن، .. ژماره‌كه‌ لەوە زیاتره‌ چونكه‌ هه‌ن ناتوانن خۆیان ئاشكرابكه‌ن تا روبه‌ڕوی مه‌ترسی نه‌بنه‌وه‌".
 
زه‌رده‌شتییه‌كان ته‌نیا له‌ سلێمانی په‌رستگایان كردۆته‌وه‌، له‌ به‌رنامه‌یاندایه‌ له‌ هه‌ولێر و دهۆكیش په‌رستگا دابنێن.
 
دهۆك/ ئه‌شكه‌وتی چارستین كه‌ زه‌رده‌شتییه‌كان به‌ شوێنه‌واری ئایینی خۆیانی ده‌زانن فۆتۆ: رێكخراوی یه‌سنا
 
 
ئاوات حوسامه‌دین ده‌ڵێت "ژماره‌یه‌كی زۆر شوێنه‌وارمان له‌ دهۆك هه‌یه‌ و داوای نۆژه‌نكردنه‌وه‌یان ده‌كه‌ین، هه‌وڵده‌ده‌ین حكومه‌ت پیاوێكی ئایینیش له‌ دهۆك دابمه‌زرێنێت تا سه‌رپه‌رشتی كاروباری ئایینی زه‌رده‌شتی بكات".
 
ته‌نیا له‌ دهۆك ژماره‌ی باوه‌ڕدارانی زه‌رده‌شتی زیاتر له‌ 200 هاوڵاتین كه‌ ته‌مه‌نیان له‌ نێوان 24 تا 60 ساڵیدایه‌.
"ژماره‌یه‌ك زیاتریش هه‌ن ده‌یانه‌وێت ببنه‌ زه‌رده‌شتی، به‌ڵام ناتوانن خۆیان ئاشكرابكه‌ن" ئارام مه‌هدی، باوه‌ڕداری زه‌رده‌شتی له‌ دهۆك نمونه‌ی ئه‌وه‌شی هێنایه‌وه‌ كه‌سانێك هه‌ن له‌كاتی هاوسه‌رگیریکردندا، كاتێك ئاشكرابووه‌ زه‌رده‌شتیین هاوسه‌رگیرییه‌كه‌یان هه‌ڵوه‌شاوه‌ته‌وه‌.
 
ئه‌و ده‌ڵێت كه‌سانێك هه‌ن له‌به‌ر ئه‌وه‌ی بونەتە‌ زه‌رده‌شتی له‌ كاره‌كه‌یان ده‌ركراون و هیچ كه‌سێكیش له‌سه‌ر سوكایه‌تی و هه‌ڕه‌شه‌كان ده‌ستگیرنه‌كراون، چونكه‌ سكاڵا نه‌كراوه‌، "سكاڵاكردن و دابینكردنی پارێزه‌ر خه‌رجی زۆری ده‌وێت".
 
ئارام وتی "ئه‌گه‌ر هه‌ندێك چالاكیش بكه‌ین، ئه‌وا ده‌بێت به‌ هاوكاری ده‌زگا ئه‌منییه‌كانی دهۆك بێت".
 
زەردەشتی ئایینی گەلانی ئاریاییە؛ سەرەتای دەرکەوتنی بۆ کۆتاییەکانی سەدەی حەوتەمی پێش زایینی دەگەڕێتەوە، لە ئایینه‌كه‌دا ئاهورا مەزدا خودای تاک وتەنیا و ئەفرێنەری بونەوەرە، باوەڕیان بە زیندوبونەوە، لێپرسینەوە و بەهەشت و دۆزەخ هەیە.
 
(بیری چاك، گوتاری چاك، كرداری چاك) سێ بنه‌مای سه‌ره‌كی ئایینی زه‌رده‌شتین و له‌ شه‌و و رۆژێكدا پێنج نوێژ ده‌كه‌ن.
 
"له‌سه‌ره‌تاوه‌ وتومانه‌ په‌یامی ئاشتی و پێكه‌وه‌ژیانمان پێیه‌ بۆ دهۆك، ده‌مانه‌وێت له‌گه‌ڵ ئایین و پێكهاته‌كانی تر به‌ ئاشتی بژین، وازناهێنین و ده‌مانه‌وێت په‌رستگایه‌كیش بكه‌ینه‌وه‌، باوه‌ڕی زه‌رده‌شتیی به‌ بادیناندا بڵاوده‌كه‌ینه‌وه‌ و گه‌شبینین ئه‌وانه‌ی دژایه‌تیمان ده‌كه‌ن هه‌ر رۆژێك دێت قبوڵمان بكه‌ن" هێلان چیا وای وت.
 
سه‌رچاوه‌ – كه‌ركوكناو
 

 

 

 

 




Dengnet.net - 2021
دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە
ژمارەی سەردان 219,575     ژمارەی میوان 6