ده‌رباره‌   په‌یوه‌ندی
کەی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی دێتە قسە؟

2021/04/06 - 02:08 | 636 جار بینراوە    
 
سه‌ردار عه‌زیز
 
زۆرجار گلەیی و گازندە دەبیستم کە بۆچی ئەم قونسوڵخانە یان ئەو باڵوێزخانە لە سەر پرسێک دێنە قسە و لە سەری پرسی تر بێدەنگن.  ئەم پرسە ئاڵۆزە و پێویستی بە تێگەیشتی فرە ڕەهەند هەیە. لێرەدا بە دوو نمونە دەمەوێت پەیامەکەم بگەیەنم. 
یەکەم
لە ڕۆژانی ڕابوردودا لە میانەی سیمینارێکدا، باڵوێزی کەنەدا لە عێراق قسەی دەکرد. کەسێک لێی پرسی، لە خواروی عێراق هەژارییەکی زۆر هەیە، هیچ ڕێکخراوێکی نێودەوڵەتی ئاوڕیان لێناداتەوە، کەچی خەڵكی باکور، مەبەستی عەرەبی سوننە بوو، هاوکاری دەکرێن؟
باڵوێزی کەنەدی لە وەڵامدا ووتی، ئاگادارین لە باشور هەژاری زۆرە، بەڵام هۆکاری ئەو هەژاریە گەندەڵی حکومەتی عێراقە. ئایا من چۆن بتوانم قەناعەت بە باجدەری کەنەدی بکەم کە دەبێت هاوکاری خەڵكی وڵاتێکی دەوڵەمەند بکەن، لە بەر ئەوەی سیاسییەکانیان گەندەڵن! ئێمە ناتوانین لە عێراقییەکان زیاتر خەمخۆری عێراق بین یان عێراقی بین. 
بەڵام بۆیە هاوکاری ئاوەدانکردنەوە موسڵ دەکەین چونکە لە میانەی جەنگێکدا وێرانبوە کە هاوپەیمانان تیایدا بەشداربون و جەنگەکەش بەشێک بوو لە شەڕی دژ بە تیرۆر. بۆیە دەتوانرێت قەناعەت بە باجدەری کەنەدی بکرێت کە پێویستە ئەمانە هاوکاری بکرێن.
نمونەی دوو،
قونسوڵخانەی ئەمریکی لە پرسی دەستگیرکردنی هۆمۆسێکچواڵان لە سلێمانی بە دەنگهات. گلەیی ئەوە هەبوو کە بۆچی لە سەر مانگرتنی مامۆستایان بە دەنگ نەهات!
وەک کەیسەکەی سەرەوە پرسی دواکەوتنی موچەی مامۆستایان پرسی قەیرانی ئابوری و خراپی حوکمرانی و گەندەڵییە. هەموو ئەمانە ڕەهەندی نێوخۆییان هەیە. ئەگەر هەر وڵاتێک توشی خراپی دۆخی دارایی و قەیرانی ئابوری بوو، وڵاتانی تر بە هانایەوە بێن ئەوا مرۆڤایەتی دەگوێزێتەوە بۆ دۆخێکی تر. بەڵام واقیع وەها نیە. تەنها وێنای ئەوە بکە، ئەگەر وڵاتەکەی تۆ هاوکاری وڵاتێکی تر بکات لە ڕوی ئابورییەوە، لە دۆخی قەیرانی ئابوریدا، هەڵوێستت چی دەبێت؟
بەڵام پرسی مافی دیاریکردنی ئاراستەی سێکسی بەشێکی سەرەکی پرسەکانی مافی مرۆڤە. ئەم ئیدارەیەی ئەمریکا بە گرنگی زیاترەوە لە مافەکانی مرۆڤ دەڕوانێت.
 دیارە لێرەدا مەبەستم داکۆی یان بەهانە نیە. بەڵکو تەنها دەمەوێت ئەوە ڕون بکەمەوە کە بنەما و بەهاکانی دونیا چۆنن و چۆن دەتوانی سودیان لێببینیت.
 بۆ ئەوەی دونیا گوێی لێت بێت دەبێت لە بەها و میکانیزم و پاڵنەرەکانی ئاگاداربیت. ئەوەندە بەس نیە کە هەست بە مەزڵومیەت بکەیت.
 
 



Dengnet.net - 2024
دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە
ژمارەی سەردان 1,715,020     ژمارەی میوان 1121