ده‌رباره‌   په‌یوه‌ندی
کۆبونەوەی نێوان بارزانی و لاهور شێخ جەنگی

2021/03/13 - 05:01 | 1041 جار بینراوە    
 
دڵشاد ئەنوەر
 
سێیەم دەستپێشخەری بۆ کۆبوونەوەی نێوان مەسعود بارزانی و لاهور شێخ جەنگی شکستی هێنا، نەک شکستی هێنا، بەڵکو یەکتری تەخوین کردن  و شەڕی  میدیایشی بەدوای خۆی هێنا.
 
دەستپێشخەری یەکەم، لە ڕێگەی کاکە حەمەوە بوو، بارزانی مەرجی  بوو، کە لاهور شێخ جەنگی داوای لێبوردن بکات، لەبەرامبەر قسەکانی کاتی کەوتنی کەرکوک، بەڵام لاهور شێخ جەنگی ڕەتیکرەوە، بۆیە کاتێک میدیا مەوزونەکان هەواڵی ئەگەری کۆبونەوەکەیان بڵاو کردەوە، خێرا میدیا سێبەرەکان خرانە سەرخەت و ویستان بڵێن: شتی وا ئەسڵی نەبووە، بەڵام وەک هەمیشە، میدیا سێبەرەکان ئەرزشیان لەدەستدا.
 
دەستپێشخەری دووەم، لە ڕێگەی ئەندامێکی مەکتەبی سیاسی پارتیەوە بوو، کە داوای لە بەرهەم ساڵەح کردبوو، ڕۆڵی هەبێت، بەڵام بەرهەم ساڵەح سەرەتا ڕەتیکردبووەوە، گوایە سەرۆک کۆمارە و ئیشی ئەو نیە، نازانم دواتر هەڵیدابوو یاخود نە، وەلحاڵ ئەمەش سەرکەوتوو نەبوو.
 
دەستپێشخەری سێ یەم ، لە ڕێگەی شێخ مەحمود حەفید زادەوە بوو، هەردوولایانی بینیبوو، لە گەیشتن بە دانیشتنەکە نزیک بوونەوە، بەڵام لە پڕ مەرجی لێبووردنەکە زینوو کرایەوە، لە بری دانیشتن، شەڕە دەنوکی میدیا، سەریهەڵدایەوە.
 
وەلحاڵ، هەر سێ دەستپێشخەریەکە، بۆنی دەستهەبوونی نێچیرڤان بارزانی لە پشتەوە لێ دێ، جگە لەوەی هەر سێ لینکە دەستپێشخەریکارەکە، نزیکایەتیان لەگەڵی هەیە، هاوکات، ڕووداویش بایەخێکی زۆری بەم پرسەدا.
 
لە هەموو حاڵێکدا، دانیشتنی ئەو دوو شەخسە هیچ لە ژیانی خەڵک ناگۆڕێ، بەڵام بۆ لایەنی دەروونی خەڵک گرنگە، خەڵک لە شەڕە دەنوکی کۆمەڵێک قەڵەمی وا بەستە ڕزگاری دەبێت و لە ڕووی دەروونیەوە، کەمێک ئاسودە دەبێ، دوور دەبێ لە چەلەحانێ و شەڕە دەنوک.
 
 



Dengnet.net - 2024
دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە
ژمارەی سەردان 1,714,487     ژمارەی میوان 654