ده‌رباره‌   په‌یوه‌ندی
کۆماندۆ لەسەر روداوەکەی گەرمیان رونکردنەوە دەدات

2024/04/25 - 07:49 | 349 جار بینراوە    
 
دەنگ نێت
 
هێزەکانی کۆماندۆ لەبارەی روداوەکەی گەرمیانەوە دەڵێت: پێشمەرگەیەکمان لەکاتی دانانی بۆسە بۆ باندێک كە بەنیازبون ژمارەیەك چەك و پارچە شوێنەوار رەوانەی دەرەوەی هەرێم بكەن، شەهید بوە.
 
دەقی راگەیەنراوەکە:
 
بسم الله الرحمن الرحيم
((وبَشِّرِ الصَّابِرِينَ  الَّذِينَ إِذَا أَصَابَتْهُمْ مُصِيبَةٌ قَالُوا إِنَّا لِلَّهِ ؤإِنَّا إِلَيْهِ رَاجِعُونَ)) 
 
بە داخ و خەمێكی قوڵەوە كۆماندۆ لە پێناو پاراستنی خاك و سەروەری یاسا پێشمەریەگی قارەمان و كورێكی ئازا و چاونەترسی دیكەی بەخشییە خاكی پیرۆزی كوردستان و دڵنیاش بن، كە كاروانی شەهیدان لە كۆماندۆ بەردەوامە.
 
دوای بەدەستهێنانی زانیاری ووردی هەواڵگری، لە سەر باندێكی قاچاخچێتی چەك و شوێنەوار لە گەرمیان، درەنگانی شەوی  ڕابردوو  25ی نیسانی 2024 تیمێكی هێزەكانمان لە ناوچەی ساڵح ئاغا - ناحییەی قۆرەتوو، لە سەعات  12:38 خولەك بۆسەیەكیان بۆ ئەو باندە دانا، كە بەنیازبوون ژمارەیەك چەك و پارچە شوێنەوار ڕەوانەی دەرەوەی هەرێم بكەن و لەكاتی تێپەڕینی ئۆتۆمبێلەكانیان ڕووبەڕووبونەوە لە نێوان هێزەكەمان و ئەو تۆمەتبارانە ڕوویدا .
 
بەداخەوە لەو ڕووبەڕووبونەوەیەدا كوڕێكی ئازا و چاونەترسی كۆماندۆ بەناوی ( ئەیوب محەممەد عەلی ) شەهید بوو، وێڕایی دەربڕینی هاوخەمی قوڵمان بۆ شەهیدبوونی برا و هاوڕێ و هاوسەنگەرمان كاكە ( ئەیوب) ، هاوكات پرسە و سەرەخۆشی خۆمان ئاڕاستەی خانەوادە و كەسوكاری سەربەرزی شەهید دەكەین، لە خوای گەورە داواكارین جێگەی بەهەشتی بەرین بێت.
 
كوڕانی كۆماندۆ لەو ڕووبەڕووبونەوەیەدا دەستیان  بەسەر چەند پارچە شوێنەوار و دوو ئۆتۆمبێل و ئەو چەكانەشدا گرت، كە باندەكە بەنیازبوون ڕەوانەی دەرەوەی هەرێمی كوردستانی  بكەن، هاوكات یەكێك لە تۆمەتباران لە ڕووبەڕووبونەوەكەدا كوژرا و یەكێكی دیكەیان دەستگیركرا و تۆمەتبارێكی دیكەش هەڵهات.  
 
جارێكی دیكە كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان دڵنیادەكەینەوە، كە كاروانی شەهیدان لە فەرماندەیی هێزەكانی كۆماندۆ بەردەوام دەبێت و ڕشتنی خوێنی  یەك بە یەكی "كوڕانی كۆماندۆ" لە پێناو خاكی پیرۆزی كوردستان و ڕێگریكردن لەیاسا دەرچووان، شەرەفێكە هەموومان شانازی پێوە دەكەین، ئەمەش ڕێبازێكە هەموومان لە شەهیدی فەرماندە "ئاكام عومەر "ەوە بۆمان ماوەتەوە .
 
درود بۆ ڕۆحی پاكی شەهیدانی كۆماندۆ و سەرجەم شەهیدانی كوردستان  
 
ڕاگەیاندنی فەرماندەیی هێزەكانی كۆماندۆی كوردستان
‏https://t.me/CDOkurdistan



Dengnet.net - 2024
دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە
ژمارەی سەردان 1,733,015     ژمارەی میوان 639