ده‌رباره‌   په‌یوه‌ندی
هه‌مو وردەکاریه‌كى نەخۆشی کۆلێرا

2022/06/19 - 05:06 | 1449 جار بینراوە    
 
ئاماده‌كردن و وه‌رگێڕانى لە ئینگلیزیه‌وە:
چالاك شێخ محێدین
 
پێشەکی:
کۆلێرا نەخۆشییەکی بەکتریاییە بە گشتی  بەھۆی ئاوی پیسەوە مرۆڤەکان تووش ئەبن،  کە ئەبێتە ھۆی سکچوونێکی زۆر  توند و لەڕادەبەدەر، ئەگەر پشت گوێ بخرێت بۆ ھەندێک کەس کوشندە ئەبێت لە ماوەی ڕۆژێک یان چەند سەعاتێک، تەنانەت لەو کەسانەشی کە تەندروستن، بەڵام بۆ  بە تەمەنەکان و منداڵ مەترسی کوشندەیی زیاترە.
 
چارەسەری تاڕادەیەك ئاسانە بە ھەڵواسینی ئاو  بۆ قەرەبووکردنەوەی ئەو ئاوە زۆرەی کە لە لەش دەرئەچێت ، چونکە مەترسیداری کۆلێرا ئەوەیە کە بە خێرایی ئاو لە لەش کەم ئەکات و  تووشبووەکە مەترسی لەسەر ژیانی دروست ئەبێت
 
نیشانەکانی:
زۆربەی ئەوانەی تووشی بەکتریای کۆلێرا ئەبن لە نێوان ٧ بۆ ١٤ ڕۆژ لە تووشبوونەکە ھەست بە ھیچ نیشانەیەك ناکەن، بۆیە کە کەسێک لە ئاوی پیسەوە تووشی ئەو بەکتریایە ئەبێت ، لەوەوە کەسەکانی تریش لەو ئاوە پیسەوە تووش ئەبن، بە گشتی کۆلێرا ڕاستەوخۆ لە کەسێکەوە ناگوێزرێتەوە بۆ کەسێکی تر، چونکە ئەو بەکتریایە لە پاشەڕۆی مرۆڤ ئەمێنێتەوە. نیشانەو کاریگەرییەکانی لە کەسێکەوە  بۆ کەسێکی تر ئەگۆڕێت، ھەیە تاڕادەیەك سووک و ھەشە بە توندی دەیگرێت.
 
ئەوانەی توند ئەیگرن نیشانەکان بریتین کە:
 
١. سکچوون بە ھۆی کۆلێراوە لە پڕێکا دێت و  لە ماوەیەکی کورت دوای دەرکەوتنی نیشانەی سکچوون ڕێژەیەکی زۆر ئاو لە لەشدا کەم ئەکات، بەشێوەیەک بۆ ھەر سەعاتێك نزیکەی لیترێک لە ئاو کەم ئەکات لە لەشدا. وە پاشەڕۆی تووشبووکە مەیلەو لینجی شیرییە.
 
٢. ھێڵنج و ڕشانەوە بە تایبەت لە سەرەتای دەرکەوتنی نیشانەکان، ئەو ڕشانەوەیە لەوانەیە بۆ چەند سەعاتی سەرەتای دەرکەوتنی نیشانەکان بوونی ھەبێت
 
٣. وشکبوونەوەی لەش بەھۆی کەم بوونەوەی ئاو لە جەستە، ئەگەر کەسێک ٪‏١٠ یان زیاتری کێشی لەش ئاو لە جەستەی کەم بکات بە وشکبوونەوەی مەترسیدار دائەنرێت،  نیشانەکانی وشکبوونەوەیش بریتین لە وشکبوونی پێست و لێو و تینوێتی و ھەست بە بێھێزیکردن و ڕەش بوونەوەی ژێر پێستی چاو، ئەگەر پێستت ڕاکێشرێت درەنگ دەچێتەوە شوێنی خۆی.
جگە لەوانەش کە وشکبوونەوە ڕوودەدات ، ھاوسەنگی کانزاکان دروست ئەبێت ئەم حاڵەتە لە زمانی پزیشکیدا پێی ئەوترێت "‏Electrolyte imbalance"، کە ئەمەش ئەبێتە ھۆی تەشەنوجاتێکی زۆر  لە ماسوڵکەکان  بەھۆی خێرا دابەزینی کانزای کلۆرو سۆدیۆم و  پۆتاسیۆم لە جەستەدا.
ھەروەھا دابەزینی فشاری خوێن و ئۆکسجینی خوێن، ئەگەر ئەمەیان خێرا چارەسەر نەکرێت مەترسیدارە
 
ھۆکار و سەرچاوەکانی تووشبوون:
ھۆکاری تووشبوون  بەکتریایەکە پێی ئەوترێت" ‏Vibrio cholerae"، کە ئەم بەکتریایە ژەھرێک لە ناو ڕیخۆڵەی تووشبوو دروست ئەکات و ئەم ژەھرە ئەبێتە ھۆی کەم بوونەوەی خێرای ئاوو کانزاکانی جەستە، مەرج نیە ھەموو کەسێکی تووشبوو نیشانەی لێ دەرکەوێت.
 
١.  سەرەکیرترین ھۆکاری تووشبوون بریتیە لە خواردنەوەی ئاوی پیسبوو، کە ئەمە ئەبێتە ھۆی خێرا بلاو بوونەوەی، ناتوانرێت بوترێت لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی تر ناگوێزرێتەوە بەڵام ئەتوانرێت بوترێت گواستنەوەی ڕاستەوخۆ قورسە، چونکە ئەو بەکتریایە لە پاشەڕۆدا بوونی ھەیە.
 
٢. ھۆکارێکی تری تووشبوون بریتیە لە  خواردنی کاڵی دەریایی و سەوزەو و میوەی نەشۆردراوە یان جوان نەشۆردرێنەوە
 
کێشەو ئاڵۆزییەکان:
 
١. نزمبوونەوەی شەکری خوێن، لە کاتێکدا کە سەرچاوەیەکی سەرەکی وزەی لەشە، لەم حاڵەتدا بۆ مناڵ زیاتر مەترسیدارە ھەندێک جار ئەبێتە ھۆی گەشکە یان بێھۆش بوون
 
٢. نزم بوونەوەی ڕێژەی پۆتاسیۆمی خوێن  کە کاریگەری خراپ و کوشندە لەسەر دڵ دروست ئەکات 
 
٣. وەستانی گورچیلەکان بەھۆی کەم بوونەوەی ئاو لە لەش و وشکبوونەوە
 
خۆپارێزی:
 
١.  شۆردنی دەست و پەنجەکانت بە بەردەوامی بە تایبەت دوای دەرچوون لە سەر ئاو. بەلای کەمەوە ٢٠ چرکە بخایەنێت.
 
٢.  زۆر کوڵاندنی خۆراک.
 
٣. ئەبێت دڵنیا بیت لەو ئاوەی ئەیخۆیتەوە، ڕەنگ یان بۆن یان تامی ھەبوو نەھێڵدرێت ھیچ کەسی تر بە کاریان بێنێت.
 
دەستنیشانکردنی کۆلێرا:
تەنھا ڕێگا بۆ دەستنیشانکردنی کۆلێرا لە ڕێگای پشکنینی پیساییەوە دەکرێت
 
چارەسەر: 
١. چارەسەری  ڕیھایدرەیشن بەشێوەی پاودەر تێکەڵ بە ئاو ئەکرێت و ئەخورێتەوە  یان ھەیە بوتڵی گیراوە بەشێوەی گیراوەی ئامادە ھەیە، بۆ قەرەبووی ئاوی بەفیڕۆچووی جەستە، ئەم جۆرە لە چارەسەر ھێندە گرنگە ئەگەر بەکارنەھێنرێت نیوەی تووشبو انی کۆلێرا دەمرن بەڵام بەم چارەسەرە ڕێژەی مردن دائەبەزێت بۆ کەمتر ١٪‏
 
٢. ئەگەر حاڵەتەکە قورسی بوو جگە لە خاڵی یەكەم ، چارەسەری ڕیھایدرەیشن لە ڕێگەی ھەڵواسینی ئاوەوە دەکرێت  کە ئەم جۆرەیان لە کوردستان زۆر باوە
 
٣. ھەرچەندە چارەسەری ئەنتی بایۆتیکس زۆر گرنگ نییە لە کاتی تووشبوون بە کۆلێرا بەڵام ھەندێک جۆری  ئەنتی بایۆتیکس ئەتوانێت ماوەی تووشبوونەکە کەم بکاتەوە
 
٤. ھەندێک توێژینەوەیان ئەوەیان دەرخستووە ماددەی زینک ئەبێتە ھۆی کەم کردنەوەی سکچوون و کەم کردنەوەی ماوەی تووشبوون بە کۆلێرا بە تایبەت لە مناڵان
 
 
 



Dengnet.net - 2024
دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە
ژمارەی سەردان 1,747,512     ژمارەی میوان 472